سەردێڕ:

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی: ساڵانە لە عێراقدا چوار ملیار دۆلار بە کرێى مۆلیدە دەدرێت

فۆتۆ: 
2019-05-02

2713 جار خوێندراوەتەوە

لەکاتێکدا هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق چوار هێندەی ئەو بڕە پارەیە دەدەنە مۆلیدە ئەهلییەکان کە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا لە بەرهەمهێنانی کارەبادا خەرجی دەکات، بەڵام هێشتا کێشەی کارەبا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و نازانرێت بە چەند دەیەی تر کێشەکە چارەسەر دەکرێت.


لەکاتێکدا هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان و عێراق چوار هێندەی ئەو بڕە پارەیە دەدەنە مۆلیدە ئەهلییەکان کە وڵاتێکی وەکو ئەڵمانیا لە بەرهەمهێنانی کارەبادا خەرجی دەکات، بەڵام هێشتا کێشەی کارەبا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و نازانرێت بە چەند دەیەی تر کێشەکە چارەسەر دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتێکى ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی، لە عێراقدا ساڵانە بڕی ٤ ملیار دۆلار دەدرێت بە کرێى مۆلیدە ئەهلییەکان و ڕێژەى بەهەدەردانى کارەباش لە عێراقدا گەیشتووەتە زیاتر لە٤٠%، کە ئەو ڕێژەیە لە هیچ وڵاتێکى جیهاندا تۆمارنەکراوە، وە بەپێى ڕێژەى ستانداردى جیهانى نابێت تەنها لە ٨% تێپەڕبکات.

بەپێى ئامارێک لە هەر چوار پارێزگاکەى هەرێمى کوردستاندا، پێنج هەزار و ٥٠٠ مۆلیدەى ئەهلى هەیە کە کارەبا بۆ هاوڵاتییان و شوێنە گشتییەکان دابیندەکات، بە جۆرێک لە پارێزگاکانى سلێمانى و هەڵەبجە و ئیدارەى گەرمیاندا هەزار و ٦٠٠ مۆلیدە و لە پارێزگاى هەولێردا ١٩٠٠ مۆلیدە و لە پارێزگاى دهۆکیشدا نزیکەى ٢٠٠٠ مۆلیدەى ئەهلى کارەبا دابیندەکەن، کە زیاتر لە ملیۆنێک و ٥٠٠ هەزار بەشداربوویان هەیە.

حکومەتى هەرێم  لە ساڵى ١٩٩٧ەوە بۆ پڕکردنەوەى کاتژمێرەکانى کارەبا پەناى بۆ دانانى مۆلیدەى ئەهلى بردووە لە گەڕەکەکاندا، کە لەو ڕێگەیەوە کورتهێنانى کارەباى پڕدەکردەوە، لە ساڵى ٢٠٠١ وەکو ئاماژەیەک بۆ چاکبوونى کارەبا حکومەت مۆلیدە ئەهلییەکانى لە گەڕەکەکاندا هەڵگرت، بەڵام لە ساڵى ٢٠٠٧ەوە جارێکی دیکە مۆلیدە ئەهلییەکان هێنرانەوە بۆ کوچە و کۆڵانەکان.

لە ساڵى ٢٠١٤شدا بە تەواوى مۆلیدە ئەهلییەکان ڕۆژانە تا ٨ کاتژمێر کارەبایان بۆ ماڵان دابینکردووە و مانگانە و بەپێى وەرزەکانیش کاتژمێرەکانى کارکردن لە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستاندا دەگۆڕێت، بە جۆرێک لە مانگى چواردا کە پێدانى کارەباى نیشتمانى گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٠ کاتژمێر، بەڵام کرێى ئەمپێرێک کارەباى مۆلیدە چوار هەزار دینار بووە، لە ناوەڕاستی وەرزەکانی زستان و هاوینیشدا نرخی ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە دەگاتە ١٨ هەزار دینار.

بە تێکڕایى مانگانە نرخى ئەمپێرێک کارەباى مۆلیدەى ئەهلى دەگاتە ١٠ هەزار دینار، کە ئەگەر ئەو بڕە دابەشبکەین بەسەر ڕێژەى بەشداربووەکانى مۆلیدە ئەهلییەکاندا، دەکاتە نزیکەى ١٥ ملیار دینار.

محەمەد کەربولى پەرلەمانتارى عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە، مافیاکانى کارەبا بە هاوکاریی بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا دەستیانگرتووە بەسەر مۆلیدە ئەهلییەکاندا، کە گەورەترین ئاستەنگە لەبەردەم پرۆژەکانى کارەباى نیشتمانیدا لە عێراق.

هاوکات سەرۆکى لیژنه‌ى وزه‌ و سامانە سروشتییه‌كان لە پەرلەمانى کوردستان ڕایگەیاند، گەندەڵى گەورە لە کەرتى وزە و کارەباى هەرێمى کوردستاندا هەیە و بڕیارە پەرلەمانى کوردستان بانگهێشتى بەرپرسانى وەزارەتى کارەبا و ئەنجومەنى مۆلیدە ئەهلییەکان بکات.

پسپۆڕێکى زانستیى سامانە سروشتییەکانیش دەڵێت، بوونى مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەرێمى کوردستاندا دوو زیانى گەورەیان هەیە، یەکەم پارەیەکى زۆر لە هاوڵاتییان وەردەگیرێت لەبرى کرێى مانگانە، کە حکومەت دەتوانێت بەو بڕە پارەیە چارەسەرى گرفتى کارەبا بکات.

دووەم، مۆلیدە ئەهلییەکان گازوایل بەکاردەهێنن، کە لە جیهاندا ئەو جۆرە سوتەمەنییە بەرەو لەناوچوون و بەکارنەهێنان دەچێت، بەڵام کۆمپانیا حزبییەکان ڕێگرن لەبەردەم گۆڕینى گازوایل بۆ جۆرێکى ترى وزە، ئەمە جگە لە پیسکردنى ژینگەى هەرێم هەر مۆلیدەیەکى ئەهلى بە تێکڕاى ڕۆژانە ١٠ کاتژمێر کارکردن لە مانگێکدا پێویستى بە ١٢ هەزار لیتر گازوایل هەیە، کە بڕەکەى دەکاتە زیاتر لە شەش ملیۆن دینار لە مانگێکدا.

ئ.ر