دوورى و دابڕانیان لەماڵ و زێدى باوباپیرانیان، ژیانى ئاوارەکانى کەمپى یەحیاواى لە کەرکوک سەختتر کردووە، بارى دەرونیان رۆژ لە دواى رۆژ خراپتر دەبێت.
دوورى و دابڕانیان لەماڵ و زێدى باوباپیرانیان، ژیانى ئاوارەکانى کەمپى یەحیاواى لە کەرکوک سەختتر کردووە، بارى دەرونیان رۆژ لە دواى رۆژ خراپتر دەبێت.
لەمزگەوتێکدا پرسەیەکى سارد و سڕى گەنجێکی ئاوارەی ناحیەی عەیازیەی سەر بە قەزای تەلعەفەر بەڕێوەچوو، کە شەوی ۲٨ی نیسان کۆتایى بە ژیانى خۆى هێناوە و بەوەش بووە سێیەم کەسى لە کەمپەکە خۆى بکوژێت.
باوکی ئۆرهان دەڵێت، ماوەی پێنج ساڵە لە کەمپەکە نیشتەجێن و بەهۆی زۆر مانەوەیان دۆخى دەرونى کوڕەکەی تێکچووە و توشى خەمۆکی بووە و دواجاریش کۆتایى بە ژیانی خۆی هێناوە .
هەرچەندە ماوەی زیاتر لە ساڵ و نیوێکە کۆتاییهاتنی داعش ڕاگەیەنراوە، بەڵام تا ئێستا زۆربەی ئاوارەکانی ناوچە ڕزگار کراوەکان نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، ئاوارەکانی کەمپی یەحیاوا کە خەڵکی تەلەعفەر و عەیازیەن و لە نەتەوەیی تورکمانن دەڵێن، تەواوی شارەکەیان ڕوخاوە بۆیە ناتوانن بەو شێوازە بگەڕێنەوە سەر ماڵوحاڵی خۆیان.
تا ئەو کاتەى خانووەکانیان نۆژەننەکەنەوە و خزمەتگوزارییان بۆ دابیننەکرێت، دانیشتوانى کەمپەکە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدى خۆیان، بۆئەوەش داوای قەرەبوویان لەحکومەتی عێراق کردووە، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراونەتەوە.
شوعیب قەساب ئۆغڵو بەڕێوەبەری کەمپی ئاوارەکانی یەحیاوە دەڵێت، داوایان لە حکومەت کردووە سەرجەم خێزانەکان بگەڕێننەوە شوێنى خۆیان، بەڵام تائێستا وەڵامیان نەداونەتەوە و کەس سەردانى کەمپەکەى نەکردووە، ئاوارەکانیش لەدۆخێکى دەرونى خراپدا دەژین و تائێستا سێ کەس خۆی کوشتووە.
کەمپی یەحیاوا لە سەرەتای درووستبوونیدا ۹۰۰ خێزانی ئاوارەی تەلعەفەر و عەیازیەی لە خۆگرتبوو، بەڵام ئێستا ٥۰۰ خێزان تێدا دەژین و سەرجەمیان لە تورکمانی شیعە مەزهەبن.
ئ.ر