سەردێڕ:

تا ئێستا هیچ بریندارێكی چه‌كی كیمیایی له‌ نه‌خۆشخانه‌ نوێیه‌كه‌ی هەڵەبجە چارەسەر نەکراوە

دوای دوو مانگ له‌ كردنه‌وه‌ی
فۆتۆ: 
2019-04-30

1807 جار خوێندراوەتەوە

فەرمانبەرانى نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌رى بریندارانى چه‌كى كیمیاوى بەهۆی نەکردنەوەی نەخۆشخانەکەیانەوە بێکارن و ناتوانن خزمەتی ئەو نەخۆشانە بکەن کە بە چەکی کیمیایی برینداربوون، چونکە دوای چه‌پڵه‌ ڕێزان و كێك خواردنه‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیرى ته‌ندروستى، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا، نه‌خۆشخانه‌كه‌ داخرا.


فەرمانبەرانى نه‌خۆشخانه‌ى چاره‌سه‌رى بریندارانى چه‌كى كیمیاوى بەهۆی نەکردنەوەی نەخۆشخانەکەیانەوە بێکارن و ناتوانن خزمەتی ئەو نەخۆشانە بکەن کە بە چەکی کیمیایی برینداربوون، چونکە دوای چه‌پڵه‌ ڕێزان و كێك خواردنه‌كه‌ى جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت و وه‌زیرى ته‌ندروستى، لە کاتی کردنەوەی نەخۆشخانەکەدا، نه‌خۆشخانه‌كه‌ داخرا.

دوای ١٢ ساڵ لە چاوەڕوانی بینای نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمیایی کرایەوە، بەڵام نزیکەی دوو مانگ بەسەر کردنەوەیدا تێپەڕیوە و هیچ بریندارێکی چەکی کیمیایی تێدا چارەسەر نەکراوە.

به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانى ئێن ئاڕ تى ده‌ركه‌وتووه‌، به‌هۆى نه‌كه‌وتنه‌ كارى ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یەوە‌، ئه‌و ٢٨٤ كارمه‌ند و پزیشكه‌ى بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ دامه‌زران، به‌شێكى كه‌میان لێره‌ ده‌وام ده‌كه‌ن و زۆرینەی کارمەندەکان بەسەر نەخۆشخانەکانی دیکەی سنوری هەڵەبجەدا دابەشكراون.

تائێستاش دیارنییە کەی بەتەواوی نەخۆشخانەکە دەکرێتەوە به‌ڕووى بریندارانى چه‌كى كیمیایدا، به‌ڵام به‌گوێره‌ى نوسراوێكى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى، لەئەمساڵدا مانگانە ٤٠ ملیۆن دینار ته‌رخان كراوه‌ بۆ كڕینى ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌، واته‌ تائێستا ١٦٠ ملیۆن دینار بۆ كڕینى ده‌رمان بۆ نه‌خۆشخانه‌كه‌ ته‌رخان كراوه‌، کەچی هیچ بریندارێكى چه‌كى كیمیایى له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا ده‌رمانى وه‌رنه‌گرتووه‌.

هەروەها له‌ ساڵى ڕابردوودا وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى عێراق، به‌ڵێنیدا بۆ ماوەی شەش مانگ دەرمان بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکات و دوو کاروان دەرمانیش گەیشتنە به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى ته‌ندروستى هه‌ڵه‌بجه‌، بەڵام زۆرینەی بریندارەکانی چەکی کیمیایی دەڵێن، دەرمانەکانی حکومەتی عێراقیشیان بەدەست نەگەیشتووە.

هەر بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی ئێن ئاڕ تی بەشێکی نەخۆشخانەکە، دراوه‌ به‌ ڕێكخراو و ده‌زگایه‌كى ناحكومى، کە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەڵەبجە سەرۆکیەتی، كۆمه‌ڵه‌ى قوربانیانیش ناڕه‌زاییان له‌سه‌ر شێوازى مامه‌ڵه‌كردنی ئەو ڕێکخراوە هەیە.

سه‌ربارى نه‌كردنه‌وه‌ و گواستنه‌وه‌ى به‌شێكى زۆر له‌ كارمه‌ندەکانی نەخۆشخانەی چارەسەرکردنی بریندارانی چەکی کیمایی، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى تەندروستی هەڵەبجە به‌ڵێنى باشتركردنى ڕه‌وشى برینداره‌كان ده‌دات.

جیاواز له‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ى كه‌به‌سه‌ر ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا هاتووه‌، وه‌زیرى ته‌ندروستى له‌سه‌ره‌تاى مانگى سێی ئه‌مساڵدا بەڵێنیدا پێش ١٦ی سێ بەشێک لە بریندارەکان بنێرنە دەرەوە بۆ چارەسەرکردن، بەڵام تائێستا هیچ بریندارێک نەنێردراوەتە دەرەوەی وڵات.

ئ.ر