ژنان بە فەرمى داواکاریی خۆیان گەیاندە حزبە سیاسییەکان و پەرلەمان، بەوەى دەیانەوێت لە حکومەتى داهاتوودا پێگەیان لەبەرچاو بگیرێت و وەزیرەکانى کابینەى نۆیەم، بە تەنیا پیاوان نەبن.
ژنان بە فەرمى داواکاریی خۆیان گەیاندە حزبە سیاسییەکان و پەرلەمان، بەوەى دەیانەوێت لە حکومەتى داهاتوودا پێگەیان لەبەرچاو بگیرێت و وەزیرەکانى کابینەى نۆیەم، بە تەنیا پیاوان نەبن.
ئەم داواکارییە لەلایەن ژمارەیەک لە ژنانى چالاکوانەوە لە شاری هەولێر گەیەنرایە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنى خانمان، داواشیان کردووە لە سەدا ٣٠ی پۆستەکانى حکومەت و سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ ژنان دابنرێن و، هەڵبژاردنی ژنانیش بە شێوەیەک بێت کە توانا و لێهاتوویی ڕەچاو بکرێت.
بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت لە بەشداریکردنی ژن دەکات لە بوارەکانی حکومڕانی و دانووستان و پاراستنی ئاشتی، ژنانى هەرێمى کوردستان داوای جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە دەکەن.
ژنان نایانەوێت بە شێوەیەکی نەرێنی پەیامەکەیان وەربگیرێت، ئەوەندەى دەیانەوێت جێ پەنجەى ئەوانیش بەسەر سیاسەت و حکومڕانیدا دیاربێت.
ژنان دەیانەوێت پێش دابەشکردنى پۆستەکانى کابینەى نوێ پشکى خۆیان لە حزبەکانیان وەربگرن، چونکە لە گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەتدا لایەنە سیاسییەکان بەشدارییان بە ژنانى ناو حزبەکانیان نەکرد.
زۆربەى حزبەکان لە پەیڕەوى ناوخۆیاندا پشکی ژنانیان بۆ بەڕێوەبردنى پۆستە حزبى و حکومییەکان دیاریکردووە، بەڵام تا ئێستا ئەمە لە واقیعدا ڕەنگی نەداوەتەوە.
لە کابینەى هەشتەمى حکومەتى هەرێمدا تەنها یەک وەزیرى ژن هەیە و بەهۆى سیستمى کۆتاشەوە لە سەدا ٢٥ى کورسییەکانى پەرلەمان بۆ ژنان دانراون، ژنان دەیانەوێت سیستمەکە لە حکومەت و سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشدا پەیڕەوبکرێت.
ئ.ر