سەردێڕ:

سلێمانى.. تاوانەکانى کوشتن بەراورد بە ساڵى ڕابردوو زیادیانکردووە

فۆتۆ: 
2019-04-27

3842 جار خوێندراوەتەوە

ئامارەکان دەریدەخەن ڕۆژبەڕۆژ تاوانەکانى کوشتن و خۆکوشتن ڕووی لە زیادبوونە، بە جۆرێک لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا سێ کەس لە سێ ڕووداوى جیاجیادا کوژراون و، لە ماوەى یەک هەفتەشدا چوار کەس و، لە یەک مانگدا هەشت هاوڵاتى کوژراون، جگە لەوەى چەند هاوڵاتییەکیش بە تۆمەتى تاوانى دیکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.


ئامارەکان دەریدەخەن ڕۆژبەڕۆژ تاوانەکانى کوشتن و خۆکوشتن ڕووی لە زیادبوونە، بە جۆرێک لە ماوەى ٢٤ کاتژمێردا سێ کەس لە سێ ڕووداوى جیاجیادا کوژراون و، لە ماوەى یەک هەفتەشدا چوار کەس و، لە یەک مانگدا هەشت هاوڵاتى کوژراون، جگە لەوەى چەند هاوڵاتییەکیش بە تۆمەتى تاوانى دیکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.

بەرەبەیانى ڕۆژى هەینى تەرمى مێردمنداڵێکى تەمەن ١٣ ساڵان لە گەڕەکى کەنەکەوەى سلێمانى لەلایەن تیمی بەڵگە و تاوانی پۆلیسی تاسڵوجە دۆزرایەوە، کە بە وتەى پۆلیس شوێنەواری خنکاندن و لێدان بە سەریەوە دیاربووە، لەکاتێکدا هەر دوێنێ بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵ ڕایگەیاند، شەوی هەینی تەرمی پیاوێکی تەمەن ٣٨ ساڵ گەیەندراوەتە نەخۆشخانە.

لە نوێترین ڕووداوى کۆشتنیشدا ئێوارەى ڕۆژى هەینى لەکاتى بەڕێوەچوونى فیستیڤاڵی ئێل بەگی جاف بۆ ئاشتەوایی و پێکەوەژیان لە قەرەداغ، کەسێک کوژرا و دوو کەسیش برینداربوون، کە بەپێى وتەى پۆلیسى سلێمانییش ڕووداوەکە بەهۆى کێشەى کۆمەڵایەتییەوە بووە و تاکو ئێستاش بکوژەکە دەستگیرنەکراوە.

بەپێى ئامارەکانى بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسى سلێمانى، ساڵى ڕابردوو شەست و دوو حاڵەتى کوشتنى بە ئەنقەست لە سلێمانى ڕوویانداوە، کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی دوو ملیۆن هاوڵاتییە، واتە بۆ هەر ١٠٠ هەزار هاوڵاتییەک نزیکەى سێ کەس کوژراون، لەکاتێکدا بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵى ٢٠١٦دا بڵاویکردەوە، کە ڕێژەى ستانداردى کوشتنى بەئەنقەست لە جیهان بۆ هەر ١٠٠ هەزار کەسێک یەک کەس کوژراوە.

بەراورد بە ساڵى ڕابردوو ڕێژەى ڕووداوەکانى کوشتن لەمساڵدا بە شێوەیەکى بەرچاو زیادیانکردووە، بە جۆرێک تەنها لە ماوەى کەمتر لە یەک مانگدا هەشت هاوڵاتى بە چەقۆ و چەک کوژراون و چەند کەسێکى دیکەش برینداربوون.

هاوکات بەپێى ئامارەکانى پۆلیسى سلێمانى لە ماوەى نێوان ٢٠ی ئەم مانگە بۆ ٢٣ى هەمان مانگ و لە ماوەى تەنها سێ ڕۆژدا، سی و سێ هاوڵاتى بە تۆمەتى تاوانى جیاواز و بە فەرمانى دادوەر دەستگیرکراون و لە ئێستاشدا لێکۆڵینەوە لە پەڕاوەکانیان بەردەوامە.

پسپۆڕانی کۆمەڵایەتی پێیانوایە بەردەوامیی حاڵەتەکانى توندوتیژی و تاوان بە شێوەیەکى گشتی بەهۆى بوونى چەکە بەدەست هاوڵاتییانەوە، بە جۆرێک لە زۆربەى زۆرى تاوانەکانیشدا چەک بەکاردەهێنرێت.

لەگەڵ ئەوەی بەرپرسانی ئەمنی و ئیداریی هەرێمی کوردستان بەردەوام باس لە داماڵینی چەک دەکەن، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە هاوڵاتییان چەکی بێ مۆڵەت هەڵدەگرن، لەکاتێکدایە، بە وتەى بەرپرسانى ئەمنی چەندین هەڵمەتیان بۆ دەستبەسەراگرتنى چەکى بێ مۆڵەت کردووە، بەڵام بەپێى وتەى پۆلیسى سلێمانى بەهۆى ئەوەى بڕیارەکەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ کۆتاییهێنان بە دیاردەى چەکى بێ مۆڵەت، نەبووە بە یاسا، ناتوانرێت ئەو دیاردەیە کۆنتڕۆڵ بکرێت.

ئ.ر