سەردێڕ:

ڕووداوەکانى ناو نەوەى نوێ خوێندنەوەى جۆراوجۆریان بۆ کرا

فۆتۆ: 
2019-04-26

2346 جار خوێندراوەتەوە

کۆنفڕانسە رۆژنامەنوسییەکەی پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ کاردانەوەى جیاجیاى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە، هەندێک بە پیلانێکى دارێژراوى دادەنێن بۆ لاوازکردنى جوڵانەوەکە، هەندێکیش دەڵێن دەبێت چاوەڕوانى دادگا بکرێت تا کەیسەکە یەکلایی دەکاتەوە.


کۆنفڕانسە رۆژنامەنوسییەکەی پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ کاردانەوەى جیاجیاى لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتووەتەوە، هەندێک بە پیلانێکى دارێژراوى دادەنێن بۆ لاوازکردنى جوڵانەوەکە، هەندێکیش دەڵێن دەبێت چاوەڕوانى دادگا بکرێت تا کەیسەکە یەکلایی دەکاتەوە.

چاودێرێکی سیاسی دەڵێت، ئەوەی ئێستا بەرامبەر نەوەی نوێ دەكرێت، بۆ خستن ‌و كەوتن‌ و لاوازكردنیەتی و پرۆسەیەكە پلان بۆ داڕێژراوە.

دەشڵێت، ئەم گەنجە خوێندەوار و پاك ‌و خاوەن ئیرادانە، كەوتونەتە ناو تەڵەیەكی ناشیرینی سیاسیەوە، كە دەیانەوێت بەوشێوەیە سەری جوڵانەوەكە ببڕن.

ئەو تۆمەتانەی لەبارەی گرتەی سێكسی ‌و دەنگ‌ و رەنگ تۆمار كردن بڵاوكرایەوە، لە ڕابردوودا كەم هێز‌و لایەن ‌و كەسایەتی ماوە سەدان بوختان ‌و سیناریۆی لەمجۆرەی بۆ دروست نەكرابێت.

رۆژنامەنووسێکیش نوسیویەتى، ئەو نامەیەی بۆشادی نەوزاد هاتووە، لەڕێگای ئەو ژمارەیەوە، رۆژی ٢٢ی مانگ نێردراوە، وەک لەشاشەی مۆبایلەکەوە دەردەکەوێت و بەبازنەی سور رەنگکراوە، کەچى پەڕلەمانتارەکە دواى دوو ڕۆژ لە کۆنگرە رۆژنامەنوسییەکە ئاشکراى کرد، کە دەیتوانی هەمان رۆژ ئەو بابەتە بجوڵێنێت.

دەشڵێت ئەوەی بووەتە جێگای سەرنج، بۆچى دواى دوو رۆژ لە ناردنی نامەکە، ئەو بابەتەی جوڵاند؟ ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئەم بابەتە رێکخراوە و دیوێکی دیکەی هەیە، مەغزای سیاسی و مامەڵە و قەبڵاندنی سیاسی لەپشتە، کە داهاتوو ئەو بابەتە ڕونتر نیشان دەدات.

هونەرمەندێکیش نوسیویەتی، بۆ ئێوە نەتاندەزانی سەرۆکی نەوەی نوێ کۆمپانیای هەیە؟ هەموو ئەو تاوانانەی کە لەخودی حیزبی دەسەڵاتدا هەیە لەرێگەی سیناریۆی مەسیجێکەوە نوساندیان بە سەرۆکی نەوەی نوێوە، ئەمە جاری یەکەم نیە ئەو خەڵکە پێش هەموو کێشەکان دەکەوێت، بەبێ ئەوەی تا ئیستا کەس بزانێت ئایا ئەو ژمارەیە هی کێیە؟

بە ڕاى رۆژنامەنوسێکیش، ئەوەی ئێستا دەکرێت شەڕی پارەوپوولە، دەڵێت کابرا پێشتر بە ئاشکرا کۆمپانیا و بزنسی بەڕێوەبردووە و ئەوانیش زانیویانە و رازیبوونە.

ئەوەش دەڵێت، بۆ تێچوونى پارەى بەڕێوەبردنی جوڵانەوەکە و هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان هەر شاسوار دابینیکردووە و ئەوان هاتوونەتە سەر حازری، ئێستا خێرە رازی نین؟ بۆ پێشتر ئەو داوایەیان لە شاسوار نەدەکرد؟ ئەگەر بابەت و گلەییەکانیان ئەمە بێت ئەوا تاوەکو ئێستا شاسوار حەقە و ئەوان ناحەقن.

هاوڵاتییەکیش نوسیویەتى ئەم کەلتورە کارێکی زۆر کۆنە لە مێژووی خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد و لەلایەن دەزگاکانی دەسەڵاتەوە دروستکراوە بۆلێدان لە ئۆپۆزسیۆن.

ئ.ر