سەردێڕ:

کەش و هەوای شارەکانی هەرێم ساردترن لە مۆسکۆ و لەندەن و ستۆکهۆڵم

بۆ یەکەمجار
فۆتۆ: 
2019-04-22

17683 جار خوێندراوەتەوە

دۆخی کەش و هەوای ئەم چەند ڕۆژەی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە کە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە مۆسکۆ و لەندەن و ستۆکهۆڵم ساردترن.


دۆخی کەش و هەوای ئەم چەند ڕۆژەی هەرێمی کوردستان لە دۆخێکدایە کە هەولێر و سلێمانی و دهۆک، لە مۆسکۆ و لەندەن و ستۆکهۆڵم ساردترن.

ئەو ئامارانەى کەشناسیى هەرێم لە ماوەى ئەم چەند ڕۆژەى ڕابردوودا تۆماریکردوون، بە جۆرێکە بەپێى راى شارەزایانى بوارى کەشناسى لە مێژووى هەرێمى کوردستان بە گشتى و پارێزگاى سلێمانى بەتایبەتى کەش و هەواى لەو جۆرەى بەخۆیەوە نەدیوە.

ئەمڕۆ شەپۆلێکی بەفربارین ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستانى گرتەوە و لە هەریەک لە ناوچەکانى کانی ماسی، ئامێدی، وەرتێ، بامەرنی، دەڤەری بەرواری باڵا، باڵەکایەتی بەفر بارى و بەهۆیەوە ئاستەنگی هاتوچۆی بۆ هاوڵاتیان دروستکرد.

ئەژى چەتۆ لێپرسراوی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم بە ئێن ئاڕ تیى راگەیاند، ئەو شەپۆلى سەرما و نزمبوونەوەیەى پلەى گەرما کە لەم مانگەدا لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان تۆمارکراوە، هیچ ساڵێک لە مانگى نیساندا بەم جۆرە نەبووە، دەشڵیت لە مێژووى هەرێمى کوردستاندا بەفر و بارانى لەم شێوەیە لە مانگی نیساندا نەباریوە.

بەپێى پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتیى کەشناسى و بومەلەرزەزانیى هەرێم، ئەمڕۆ بەرزترین پلەى گەرما لە هەولێر ١١ پلە و لە سلێمانى ١٥ پلە و لە دهۆک ١١ پلە و لە هەڵەبجەش ٩ پلە بووە، لەکاتێکدا لە هەریەک لە مۆسکۆى پایتەختى ڕوسیا و شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید کە بە وڵاتە ساردەکانی ئەوروپا و جیهان دادەنرێن، پلەى گەرما لە سەروو ١٥ پلەى سەدییەوە بووە، بە جۆرێک لە مۆسکۆ بەرزترین پلەی گەرما ٢١ پلە و لە ستۆکهۆڵمیش ١٦ پلە بووە.

هاوکات بە بەراورد بە کەش و هەوا ساردەکەى لەندەن، کەش و هەواى چەند ڕۆژى رابردووى سلێمانى ساردتربووە و لە سلێمانى بەرزترین پلەى گەرما ٩ پلە بووە لەکاتێکدا لە لەندەنى پایتەختى بەریتانیا بەرزترین پلەی گەرما ٢٢ پلەى سەدى بووە.

کۆی گشتیی ڕێژەی بارانبارینى ئەمساڵیش لەسەر ئاستی پارێزگاکان، پارێزگاى سلێمانی زۆرترین ڕێژەی بارانبارینی هەبووە و بە بڕی هەزار و ٢٥٠ملیمەتر باران باریوە لەکاتێکدا ساڵى رابردوو تا ئەم کاتە نزیکەی ٦٥٠ ملیمەتر باران باری بوو.

لەکاتێکدا کۆی گشتیی ڕێژەی بارانبارین لە پارێزگای هەولێر ٨٨١ ملیمەتر بووە، لە پارێزگای دهۆکیش هەزار و ١٥٩ ملیمەتر بووە و پارێزگای هەڵەبجەش بڕی هەزار و ٤٨ ملیمەتر بووە.

ئەو شەپۆلە سەرمایەى ڕووى لە ناوچەکە کردووە، بەهۆى کاریگەریی ئەو نزمە پاڵەپەستۆیەی دەریای ناوەڕاستەوەیە و چاوەڕواندەکرێت تا ناوەڕاستى ئەم هەفتەیە کاریگەریی بمێنێت.

ئەو ڕێژە زۆرەى بارانبارینى ئەمساڵیش لەکاتێکدایە، زانایان و لێکۆڵەرەوان چەند ساڵێکە هۆشداری دەدەن لەبارەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و گۆڕانی کەش و هەوای ناوچە جیاوازەکان.

ئ.ر