سەردێڕ:

پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا زیادیکردووە بەڵام بەرهەمهێنانی کارەبا زیادی نەکردووە

فۆتۆ: 
2019-04-20

1177 جار خوێندراوەتەوە

کەمیی کارەبا ٢٨ ساڵە لەگەڵ تەمەنى حکومڕانیی پارتى و یەکێتیدا بووەتە قەیرانێکى درێژخایەنى هەرێم و سەرجەم هەوڵەکانى حکومەت بۆ چارەسەرى قەیرانەکە بێ ئەنجام بوون و، ساڵ بە ساڵیش زیاتر قوڵدەبێتەوە، بەتایبەت لە وەرزەکانى زستان و هاویندا، کاتێک خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا زیاتر دەبێت.


کەمیی کارەبا ٢٨ ساڵە لەگەڵ تەمەنى حکومڕانیی پارتى و یەکێتیدا بووەتە قەیرانێکى درێژخایەنى هەرێم و سەرجەم هەوڵەکانى حکومەت بۆ چارەسەرى قەیرانەکە بێ ئەنجام بوون و، ساڵ بە ساڵیش زیاتر قوڵدەبێتەوە، بەتایبەت لە وەرزەکانى زستان و هاویندا، کاتێک خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا زیاتر دەبێت.

ئەگەرچى لە ئێستادا بەهۆى کەمیی خواست لەسەر بەکارهێنانى کارەبا، پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا بە هاوڵاتییان زیادىکردووە، بەڵام بڕى بەرهەمهێنانى کارەبا زیادى نەکردووە، کە بڕەکەى سێ هەزار و ٥٠٠ مێگاواتە، لەکاتێکدا هەرێم پێویستى بە بڕى شەش هەزار مێگاوات کارەبایە.

ئەمە جگە لەوەى بەردەوام لەکاتى بانگەشەى هەڵبژاردنەکانى هەرێمدا یەکێک لە بەڵێنە کۆنکرێتییەکانى بەرپرسانى پارتى و یەکێتى، چاککردنى قەیرانى کارەبایە، بەڵام ٢٨ ساڵە ئەو قسانە تەنها لە چوارچێوەى بەڵێندا ماونەتەوە.

بەردەوامیی قەیرانى کارەبا لەکاتێکدایە، وەزارەتى کارەبا لە ماوەى ١٣ ساڵى تەمەنیدا، تا ئێستا چەندین پلانى جێبەجێکردووە بۆ چارەسەرى ئەو قەیرانە کە دواترینیان، لە مانگى تەموزى ساڵى ڕابردوو نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاند، بڕیاریانداوە بەکارهێنانى کارەبا لە ڕێگەى باڵانسەوە بێت بە بەکارهێنانى سیم کارت، بەڵام نزیکەى ١٠ مانگ بەسەر بڕیارەکەدا تێپەڕیوە و هەنگاوى کردەیی بۆ نەنراوە و پلانەکانى دیکەش بەشێکیان شکستیان هێناوە.

لە هەرێمى کوردستاندا نۆ وێستگەى بەرهەمهێنانى کارەبا هەیە و ئەو وێستگانە چواریان بە غاز کاردەکەن، پێکهاتوون لە وێستگەکانى هەولێر، سلێمانى، دهۆک، خورمەڵە، وێستگەکانى دیکەش کە بەشێکیان بە نەوتى ڕەش کاردەکەن پێکهاتوون لە باعەدرێ و بازیان و ٥١ى سلێمانى.

جگە لە وێستگەکانى کارۆئاویی دوکان و دەربەندیخان کە لە ئێستادا هەردوو بەنداوەکە پڕبوون، بەڵام نەتوانراوە سوود لە بەنداوەکان و زۆریی ڕێژەى بارانبارین وەربگیرێت، تەنانەت وەزارەتى کارەبا تا ئێستا نەیتوانیوە تەنها یەک تۆڕباینى وێستگەى کارۆئاویی دوکان چاکبکاتەوە، لە باشترین حاڵەتیشدا بەنداوەکان لە سەدا ١٥ى کارەباى هەرێم دابیندەکەن.

هاوکات پەنابردن بۆ دانانى جۆزەى ١٦ ئەمپێرى لە هەندێ ناوچەى سنورى سلێمانى و هەڵەبجە و گۆڕینى وێستگەکانى کارەبا لە گازوایلەوە بۆ گازى سروشتى و پڕکردنەوەى کاتژمێرەکانى کارەبا لەڕێگەى مۆلیدە ئەهلییەکانەوە، کە لە ساڵى ٢٠٠١ەوە پەناى بۆ بردراوە، نەبوون بە چارەسەر بۆ بنەبڕکردنى قەیرانى کارەبا، سەرەڕاى ڕێگریکردن لە بەرهەمهێنانى کارەبا لە ڕێگەى وزەکانى خۆر و باوە لە پارێزگاکانى هەولێر و سلێمانى لەلایەن بەرپرسانى پارتى و یەکێتییەوە.

کێشەیەکى سەرەکیی دیکەى کارەبا، بوونى دەیان ڤیدەرى تایبەتى کارەبایە کە ٢٤ کاتژمێر و بێ پچڕان دەدرێتە ماڵى بەرپرسەکان و دەزگا حزبییەکان.

پاش تاقیکردنەوەى سەرجەم ئەم ڕێگەیانە لەلایەن حکومەتەوە و خەرجکردنى بڕێکى زۆر لە پارەى وڵات بۆ کەرتى کارەبا، حکومەت دانى بە شکستى ڕێگەکانى چاککردنى کارەبادا نا و پێشتر ئاشتى هەورامى وەزیرى سامانە سروشتییەکانى هەرێم ڕایگەیاندبوو، لە ساڵى ٢٠٠٩ تا ٢٠١٦، ٢٠ ملیار دۆلاریان بۆ دابینکردنى سوتەمەنى بۆ بەرهەمهێنانى وزەى کارەبا خەرجکردووە، ناوبراو وەک ئاماژەیەک بۆ شکستى ئەو پلانە ڕایگەیاند، بە فعلى ئەو پارەیەیان سوتاندووە.

ئ.ر