بەپێی چەند بەڵگەنامەیەکی زانکۆی سلێمانی کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتوون، (موسڵیح مستەفا کاک ئەحمەد) سەرۆکی زانکۆی سۆران لە ساڵی خوێندنی١٩٩٣ بۆ ١٩٩٤ کاتێک خوێندکاری زانکۆی سلێمانی بووە لە بەشی خوێندنی ئیسلامی، بەهۆی قۆپیەکردنەوە لە قۆناغی یەکەمی زانکۆدا فەسڵکراوە و، لە قۆناغی دووەمیشدا بەهۆی نەگەڕانەوەی بۆ دەوام لە خوێندنی ئەو ساڵەدا کەوتووە و، دواتر ناوەکەی سڕینەوەی بۆ کراوە.

سەرکەوت شەمسەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنى نەوەی نوێ بە ئێن ئاڕ تیی ڕاگەیاند، لە بەدواداچوونەکانیاندا بۆ گەندەڵییەکانی ناو وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێم، بەتایبەتی وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەرکەوتووە کە سەرۆکی زانکۆی سۆران لەسەر قۆپیەکردن لە زانکۆی سلێمانی فەسڵکراوە، زانکۆی سلێمانییش پشتڕاستی کردووەتەوە.
سەرۆکی زانکۆی سۆران، دوای ساڵێک لە دروستبوونی دوو ئیدارەیی، لە ساڵی ١٩٩٥دا چووەتە زانکۆی سەڵاحەدین و بە بیانووی ئەوەی بەهۆی پارتی بوونەوە لە زانکۆی سلێمانی فەسڵکراوە، لەوێ دەستیکردووەتەوە بە خوێندن لە قۆناغی یەکەمی بەشی خوێندنی ئیسلامی، لەکاتێکدا بەپێی یاسا پەیڕەوکراوەکانی ئەوکاتە، دەبوو ماوەی سێ ساڵ چاوەڕێ بکات و بە بڕیاری وەزیری خوێندنی باڵا ڕێگەی پێ بدرێت دەستبکاتەوە بە خوێندن، بەڵام بە هۆکاری سیاسی ڕێکاری یاسایی نەبڕیوە و ساڵێک دوای فەسڵکردنی لە زانکۆی سەڵاحەدین دەستی بە خوێندن کردووەتەوە.
لە چوارچێوەی بەدواداچوونەکاندا، ئێن ئاڕ تی چەندجارێک پەیوەندیی بە سەرۆکی زانکۆی سۆرانەوە کرد، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکانی نەدایەوە.
لە ئێستادا پرسیاری ئەوە دروستبووە، چۆن حکومەت لەکاتی پێدانی بڕوانامەکان و دامەزراندن و بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکی زانکۆکەدا، چۆن پێداچوونەوەی بە بڕوانامەکاندا نەکردووە؟ بۆئەوەی بزانرێت پێشتر چ دۆسیەیەکیان هەبووە یان پێشێلکاریی یاساییان هەبووە یان نا؟
لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا ئێن ئاڕ تی ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە لەسەر ساختەبوونی بڕوانامەی سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە، هەرچەندە سەرۆکی ئەو زانکۆیە ڕەتیکردەوە بڕوانامەکەی ساختەبێت، بەڵام بڕیاربوو وەزارەتی خوێندنی باڵا و دەستەی دەستپاکیی هەرێم بەدواداچوون بۆ دۆسیەکە بکەن و، تا ئێستا ئەنجامی بەدواداچوونەکان ئاشكرا نەکراوە.
ئ.ر