تا چەند مانگێک پێش ئێستا شوێنێک بە نیشتیمانی نەورەسەکان ناودەبرا بەهۆی بوونی هەزاران باڵندەی نەورەس کە هێلانەیان تێدا دروستکردبوو، بەڵام دوای زیادبوونی ئاوی بەنداوی دوکان نەورەسەکان ئەو شوێنەیان چۆڵکردووە و هەندێکیان بۆ قەراغ ئاوی بەنداوەکە و چەند شوێنێکی دیکە پەڕاگەندە بوون.

لە ئێستادا نەورەسەکان هەم دابەشبوون بەسەر چەند شوێنێکدا و هەم ژمارەشیان کەمبووەتەوە، بەشێک لە خەڵکی ناوچەکە و چالاکانی ژینگەش هۆشداری دەدەن لە کۆچکردنی یەکجاریی نەورەسەکان، ئەوەش بەهۆی ژێرئاوکەوتنی گردی دوو گرتکان، کە بە نیشتیمانی نەورەسەکان ناودەبرا و، چەندین ساڵ بوو کردبوویانە هێلانەى خۆیان.
ساڵانە لە مانگی ئایاردا نەورەسەکان وەرزی بێچووکردنیانە، ئێستاش لەو کاتە نزیکبووەتەوە، بەڵام وەک چالاکانی ژینگە و پاراستنی ئاژەڵ و باڵندەکان باسیدەکەن پێناچێت ئەمساڵ ژمارەیان زۆر زیاد ببێت، بەهۆی ئاوارەبوونی نەورەسەکانەوە لە شوێن و هێلانەی خۆیان کە لە شێوەی دوورگەیەکی بچووکدا لە ناوەڕاستی ئاوی بەنداوی دوکاندا هەڵکەوتبوو.
جەبار ئادەم وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دارستان و ژینگەی ڕاپەڕینیش ڕایگەیاند، بۆئەوەى زیان بە لانە و بێچووەکان نەگات و پاراستنیان لەکاتى بێچوو دانان، هاتوچۆى هاوڵاتییانیان بۆ لاى نەورەسەکان قەدەغەکردووە.
نەورەسەکان کە گۆشتیان ناخورێت، ڕەنگیان سپییە و دەتوانن ٣٢ ساڵ بژین، لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەوروپا و ئەمەریکا بەربڵاون، خواردنی سەرەکیشیان ماسییە.
ئ.ر