سەردێڕ:

سلێمانى.. لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا سێ کەس کوژراون

فۆتۆ: 
2019-04-13

3662 جار خوێندراوەتەوە

بەشێکى زۆرى ئەو زیندانییانەى بە تاوانی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا سزادراون و بەر لێبوردنی گشتی و تایبەتی کەوتوون و ئازادکراون، جارێکی دیکە دەستیانکردووەتەوە بە توندوتیژی و خراونەتەوە زیندان.


بەشێکى زۆرى ئەو زیندانییانەى بە تاوانی جیاواز لە هەرێمی کوردستاندا سزادراون و بەر لێبوردنی گشتی و تایبەتی کەوتوون و ئازادکراون، جارێکی دیکە دەستیانکردووەتەوە بە توندوتیژی و خراونەتەوە زیندان.

له ‌ماوه‌ى ١٢ ساڵى ڕابردوودا له‌ هه‌رێمى كوردستاندا سێ جار یاساى لێبوردنى گشتى بۆ سزادراوان ده‌رچووه‌، کە ئەوانیش یاساى ژمارە چواری ساڵى ٢٠٠٧ و یاساى ژمارە دووی ساڵى ٢٠١٢ و لێبوردنى گشتیى ساڵى ٢٠١٧ن، به‌ جۆرێك هه‌ر سێ ساڵ و شه‌ش مانگ جارێک یاسایه‌ك له‌ هه‌رێم ده‌رچووه‌ بۆ لێخۆشبوون له‌ تاوانباران.

بەم پێیەش ئه‌گه‌ر كه‌سێك ساڵى ٢٠٠٧ بە تاوانى كوشتن سزادرابێت، ئەوا سێ جار ده‌رفه‌تى ئه‌وه‌ى بۆ ڕه‌خساوه‌ له‌ سزاكه‌ ڕزگاری ببێت یان ماوەی سزاکەی کەمبکرێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێى مادەى ٥ى یاسای ژمارە ٤ى ساڵى ٢٠١٧ى پەرلەمانى کوردستان کەسێک لە یاساى لێبووردنى گشتى سوودمەند دەبێـت، کە پێشینەى تاوانى نەبێت، بەم پێیەش لێبووردنى گشتى کەسێک ناگرێتەوە کە پێشتر تاوانى قورسى کردبێت، بەڵام بۆ هەندێک لە تاوانباران ڕەچاوى ئەم مادەیە نەکراوە.

ئامارەکانى پۆلیس ئەوە نیشاندەدەن کە تاوانە جۆربەجۆرەکان و بەتایبەت تاوانى کوشتن لە بەرزبوونەوەدایە، بەرپرسانى باڵاى ئەمنییش بەشێکى ئەم هۆکارە دەبەستنەوە بەوەى کە بنکەکانى چاکسازی نەک ئەوەى نەبوونەتە ناوەندێک بۆ چارەسەرى کەسەکان، بەڵکو زۆر کاتیش بوونەتە فێرگەیەکى باش بۆ تاوانباران، وەک ئەوەى پێشتر بەڕێوەبەرى ئاسایشى سلێمانى لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندبوو، خەڵک هەیە لەسەر سزاى هاتوچۆ دەستگیرکراوە، دواتر فێری مادده‌ی هۆشبه‌ر بووە، ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر تاوانی دیکە گیراوه‌ به ‌جۆری تر فێری تاوانی تر ده‌بێت و دێته‌وه‌ ته‌قه‌ له ‌ماڵان دەکات و توندوتیژتر ده‌بێت.

دەستێوەردانى حزبیى و سەربەخۆنەبوونى دەسەڵاتى دادوەرى و دامەزراندنى دادوەرەکان بە فیلتەرى حزبی و هەژموونى پارتى و یەکێتى بەسەر دادگاکانەوە، یەکێکى ترە لەو هۆکارانەى کە وایکردووە ڕێژەی تاوانەکان بەرەو بەرزبوونەوە ببات، ئەمە سەرەڕاى ئەوەش دادگا لە سزادانى تاوانباراندا هەندێکجار نەرمى دەنوێنێت و بە مادەى قورس تاوانباران سزا نادات.

لە كۆتایی ساڵی ٢٠١٧دا، بەهۆى بڕیاری لێبووردنی گشتییەوە دوو هەزار و ٣٢٤ زیندانی بەر ئەو لێبوردنى گشتییە كەوتن کە ٢٨١ کەسیان لە زیندانەکاندا ئازادکراون و هەزار و ٤٢ زیندانیش سزاکەیان کەمکرایەوە.

عومەر ئەحمەد وتەبێژى دادگاى تێهەڵچوونەوەى سلێمانى مەترسییەکانى یاساى لێبوردنى گشتیی نەشاردەوە و بە ئێن ئاڕ تى وت، بەشێک لە زیندانییەکان، دواى ئازادبوونیان دەستیانکردووەتەوە بە کاری نایاسایی.

بەپێى زانیارییەکان، زۆرینەى ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی سنوری پارێزگای سلێمانی، پێشینەی سزادانیان هەبووە و بە لێبوردنى گشتیى ئازادکراون و، بەشێکیان پێشتر سەربە دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی بوون، یەکێک لەو نمونانەش، سەرۆکی ئەو باندەیە کە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو، یەک ملیار دینارى موچەى کارمەندانى نەخۆشخانەى شاریان دزى، یەکێکیش لەو کەسانەى کە پێشتر تێوەگلاون لە کوشتنى تارقى بەقاڵدا سەربە هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى بوون.

جگە لەمانەش لە ماوەى ڕابردوودا چەند کەسێک لە هەولێر کە ئەندامى پارتى بوون، پاسەوانى بارەگایەکى کۆمەڵى ئیسلامىیان کوشت، بەڵام دواتر بە سزایەکى سوک سزا دران، ئەمە و جگە لەوەش چەندین دۆسیەى ترى کوشتن هەیە کە لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە بکوژانیان داڵدەدراون و نەک سزا نەدراون، بەڵکو پاداشتیش کراونەتەوە.

ئ.ر