سەردێڕ:

تا ئێستا نەتوانراوە ڕووفاتی سەرجەم ئەنفالکراوان بگەڕێنرێتەوە بۆ هەرێم

فۆتۆ: 
2019-04-13

1321 جار خوێندراوەتەوە

دواى ٣١ ساڵ لە شاڵاوى ئەنفال تا ئێستا ڕووفاتى زۆرینەى قوربانییەکان نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە لە ٢٠٠٣وە ڕژێمى بەعس ڕووخاوە، بەڵام کەمتر لە سێ هەزار ڕوفات گەڕێنراونەتەوە.


دواى ٣١ ساڵ لە شاڵاوى ئەنفال تا ئێستا ڕووفاتى زۆرینەى قوربانییەکان نەدۆزراوەتەوە، هەرچەندە لە ٢٠٠٣وە ڕژێمى بەعس ڕووخاوە، بەڵام کەمتر لە سێ هەزار ڕوفات گەڕێنراونەتەوە.

بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکومەتى هەرێم، تا ئێستا ٤٧ گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوە و تا ئێستاش ڕوفاتى دوو هەزا و ٥٥٣ کەس گەڕێندراونەتەوە.

لەکاتێکدا بەپێى ئامارەکانى وەزارەتى مافى مرۆڤى عێراق، لە دواى ٢٠٠٣وە ٣٤٧ گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزراوەتەوە کە ٨١ گۆڕیان ڕوفاتى کوردیان تێدایە و لەو ژمارەیەش ٤٩ گۆڕیان هەڵدراونەتەوە، کە لە شارەکانى کەرکوک و ئەنبار و دیوانیە و موسەنا و نەجەف و دیالە بوون.

لە ساڵى ٢٠١٢ لە دەشتاییەکانى مەهارى پارێزگاى دیوانیە شەش گۆڕى بەکۆمەڵ دۆزرایەوە، کە ئێسک و پروسکى ٧٣٠ کەسى تێدابووە و دواتر لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بە خاک سپێردراون.

دواتر و لە ساڵى ٢٠١٤ لە گۆڕێکى بەکۆمەڵدا لە تۆپزاواى باشورى ڕۆژئاواى کەرکوک ڕوفاتى ١٠٨ کەس دۆزرایەوە کە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون و، لە مەراسیمێکدا لە مۆنۆمێنتى ئەنفال لە چەمچەماڵ بە خاک سپێردران.

ڕۆژى هەینى، پارێزگارى موسەنا ڕایگەیاند، گۆڕێکى بەکۆمەڵ لە دەشتاییەکانى سەماوە دۆزراوەتەوە کە ئێسک و پروسکى دەیان کەسى تێدایە، کە بەپێى جلوبەرگەکانیان بێت لە نەتەوەى کورد بوون.

نوسینگەى مافى مرۆڤ لە نەجەفیش لە ساڵى ٢٠٠٩دا ڕایگەیاندبوو کە ٤٦ گۆڕى بەکۆمەڵ لە باشورى پارێزگاکەیاندا دۆزراوەتەوە و لە یەکێک لە گۆڕەکاندا زیاتر لە سێ هەزار ڕوفاتى کوردى تێدایە و، لە پرۆسەکانى ئەنفالدا لەناوچوون.

لە ٢٤ى حوزەیرانى ٢٠٠٧ دادگاى تاوانەکانى عێراق بڕیاری لەسێدارەدان و بەندکردنى بۆ پێنچ تۆمەتبار لە کەیسى ئەنفال دەرکرد.

لەبەرئەوەى لە هەرێمى کوردستاندا هیچ یاسایەک نییە بۆ هەڵدانەوەى گۆڕە بەکۆمەڵەکان و ناسینەوەى ڕوفاتەکان، نەتوانراوە زۆربەى گۆڕەکان هەڵبدرێنەوە و ڕوفاتەکانیان بهێنرێنەوە، بۆیە لە ڕێگەى وەزارەتى مافى مرۆڤى عێراق و وەزارەتى شەهیدانى عێراقەوە گۆڕەکان هەڵدەدرێنەوە و ڕوفاتەکان پشکنینى دی ئێن ئەی-یان بۆ دەکرێت، ئەوەش پرۆسەیەکى زۆر هێواش و لەسەرخۆیە و بەو پێیە بێت بە دەیان ساڵى تر پرۆسەکە تەواو نابێت.

ئ.ر