سەردێڕ:

هەڵوێستەکانى یەکێتى و گۆڕان لەسەر سەرۆکایەتیی هەرێم لە نێوان ٢٠١٥ و ٢٠١٩دا

فۆتۆ: 
2019-04-11

4401 جار خوێندراوەتەوە

زیادکردنى پۆستى جێگری سەرۆکی هەرێم، هەریەکە لە گۆڕان و یەکێتیی پێچەوانەى هەڵوێستەکانى چوار ساڵی ڕابردووى خۆیان کردووەتەوە، چونکە لە ساڵی ٢٠١٥دا بزوتنەوەى گۆڕان لە سەروبەندی کۆتاییهاتنى ویلایەتى سەرۆکایەتیی هەرێم لە پرۆژە یاسایەکدا داوایکرد سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت، بەڵام یەکێتى داواى یەک جێگری دەکرد، کەچی ئێستا ئەو دوو حزبە بە پێچەوانەى ڕابردوویانەوە، گۆڕان داواى یەک جێگر و یەکێتییش داواى دوو جێگر بۆ سەرۆکی هەرێم دەکەن.

ئەو پۆستەش لە ئێستادا بووەتە گرێکوێرەى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، چونکە پێشنیازى زیادکردنى جێگری دووەمی سەرۆکی هەرێم لەلایەن یەکێتییەوە نیگەرانیی گۆڕانی لێ کەوتەوە و بووە هۆکارى دواخستنى ڕێککەوتننامەى پارتی و یەکێتى کە بڕیاربوو ڕۆژى هەشتى ئەم مانگە لە هەولێر واژۆی لەسەر بکەن.

بەپێی ماددەى دووی پرۆژە یاساکەى ساڵی ٢٠١٥ گۆڕان، ئەو حزبە داوا دەکات سەرۆکی هەرێم دوو جێگری هەبێت، بەڵام ئەوکات جێگری سەرۆکی هەرێم لاى یەکێتى بوو، بۆیە ئەو حزبە داوای دەکرد سەرۆک تەنها یەک جێگری هەبێت.

لە ماوەى ڕابردووشدا و بەتایبەت دواى ڕێککەوتنى پارتى و گۆڕان کە پۆستى جێگری سەرۆک بەر گۆڕان کەوت، یەکێتى بەردەوام پێداگیری لەسەر ئەوە کردووە کە دەبێت لە هەرسێ سەرۆکایەتیی حکومەت و پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمدا پۆستیان هەبێت.

کۆتایى ساڵى ٢٠٠٥ سەرۆکایەتیی هەرێم دامەزراوە و بە وتەى بەشێک لە پەرلەمانتارانى پەرلەمانى کوردستانیش دامەزراوەکە بووەتە بارگرانییەکى زۆر بەسەر داهاتى گشتیی هەرێمەوە، بەپێی دوایین یاسای بودجەی هەرێم کە ساڵى ٢٠١٣ بوو، بڕی ٤٢ ملیار دینار بۆ سەرۆکایەتیی هەرێم تەرخانکراوە.

هەندێک ئاماری نافەرمییش باس لەوە دەکەن بودجەى ساڵانەى دامەزراوەکە زیاتر لە یەک ملیار دۆلارە، هاوکات بەهۆی ئەوەى پێشتر بارزانى بۆ ماوەى ١٣ ساڵ سەرۆکایەتیی هەرێمی بەدەستەوەبوو، بۆیە دامەزراوەکە شوێنى فەرمی خۆی نەبوو، بەڵکو لە جێگەیەکی حزبی بوو کە ئێستا بووەتە بارەگاى بارزانى، وە جێگرەکەشی کە کۆسرەت ڕەسوڵ بوو، بۆی نەبوو بڕواتە ئەو شوێنە و تەنها مانگانە مووچەکەى وەردەگرت.

لە ئێستاشدا پرسیارەکان ئەو ئاڕاستەیان گرتووە، ئەگەر پۆستى جێگری سەرۆکی هەرێم بەو شێوەیە بێ کاریگەر بێت و تەنها لەپێناو وەرگرتنى مووچەیەکدا بێت، بۆچی هەریەکە لە یەکێتى و گۆڕان پێداگیری لەسەر دەکەن و بوونەتە هۆکارى ئەوەى تا بێت دواکەوتنى پێکهێنانى حکومەت درێژتر بکەنەوە؟

ئ.ر