شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، رۆژێک دێت هێزە چەکدارەکانی کوردستان و پێشمەرگەش رادەپەرن دژ بەم دەسەڵاتە و دەیڕوخێنن.
شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، رۆژێک دێت هێزە چەکدارەکانی کوردستان و پێشمەرگەش رادەپەرن دژ بەم دەسەڵاتە و دەیڕوخێنن.
شاسوار عەبدولواحید لە وەڵامی کۆمێنتی هاوڵاتییەکدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە فەیسبووک نوسیویەتی، " رۆژێک دێت لە کەناڵ و میدیای شۆڕشەوە بانگەواز بۆ هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە چەکدارەکان دەکرێت و هاوڵاتیانیش چەک هەڵدەگرن."
لە پرسیارێکی دیکەدا دەربارەی ئەوەی ئایا سودان دەبێت بە وانەیەک بۆ حوکومڕانانی هەرێم، ناوبراو نوسیوێتی، هەمیشە دیکتاتۆرەکان پێیان وایە ئەمان جیاوازترن و لە کەسی دیکە ناچن، بۆیە سودان نابێت بە وانە بۆ ئەمان و بۆ هیچ دیکتاتۆریکی دیکەش.
هەر لە وەڵامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، "هیچ دیکتاتۆرێک خۆی دانەناوە بۆ روخان و لابردن، تا ئەو بەرەبەیانییە دەچنە سەر ماڵەکەی و بە شەق دەیهێننە دەرەوە و لەبەردەم ماڵەکەیدا گولەبارانی دەکەن، یان زیندانیی دەکەن."
شاسوار عەبدولواحید لە وەڵامی هاوڵاتییەکی دیەکدا دەڵێت، خەڵک درۆی زۆر لەگەڵ کراوە، ئەوانەی سەرکردە و پێشڕەویان بوون، یان مردن یان تەسلیم بوون یاخود بپ پۆست و پارە بێدەنگن.
لەبەردەوامی وەڵامەکەیدا نووسیویەتی، میللەت گەر بزانێت هێزێکی ئازا هەیە و پێشی دەکەوێت ئاوا ئەویش لەگەڵی دەبێت. سەبر بگرە، ماوەیەکی تر دەیبینیت میللەت چی دەکات. کاتی خۆی پێش شۆڕشی میسر ئاوا توانجیان لە میللەتی میسر دەدا، بەڵام دواجار کە راپەڕین بە هیچ هێزێک رانەگیران.
ئەم وەڵامانەی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆ پرسیاریی ئەو هاوڵاتیانەیە کە لەسەر ڤیدیۆیەکی کوشتنی خۆپیشاندەرانی ناوچە جیاوازەکانی کوردستان کردوویانە کە ئەمشەو لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە و پرسیاری کردوە کە " تۆ بڵێی ئەم هەمو زوڵمە هەر وا بە ئاسانی بێ تۆڵە تێپەڕێت؟"



