سەردێڕ:

بۆچى تەرمی تاریقی بەقاڵ گومانى دروستکردووە؟

فۆتۆ: 
2019-04-08

156868 جار خوێندراوەتەوە

دیمەنەکانى دەرهێنانی تەرمی تاریقی بەقاڵ و مانەوەی جەستەکەی دواى چوار مانگ لە کوژرانى بەو شێوەیە، گومانى لای بەشێک لە هاوڵاتییان دروستکردووە، بەوەى چۆن دەبێت کەسێک لە دوای کوژرانی و لە خاکدا شاردنەوەی جەستەی بەو شێوەیە بمێنێتەوە.


دیمەنەکانى دەرهێنانی تەرمی تاریقی بەقاڵ و مانەوەی جەستەکەی دواى چوار مانگ لە کوژرانى بەو شێوەیە، گومانى لای بەشێک لە هاوڵاتییان دروستکردووە، بەوەى چۆن دەبێت کەسێک لە دوای کوژرانی و لە خاکدا شاردنەوەی جەستەی بەو شێوەیە بمێنێتەوە.

پێنەدانی زانیاری و ئاشکرانەکردنی راپۆرتی پزیشکی توێکاری لەسەر ئەم تەرمە بووەتە هۆی ئەوەی گومانەکانی هاوڵاتییان نەڕەوێنەوە.

لە ئێستادا و بە ئامانجی دۆزینەوەى هۆکارى ڕاستەقینەى کوشتن، هەر کەسێک کە بە ڕووداوێکى نائاسایى کوژرابێت یان گیانىلەدەستدابێت، ئەوا پزیشکى دادوەرى بەپێى ڕێکارى خۆى پشکنین بۆ جەستەى ئەو کەسە دەکات، یەکێک لە پزیشکانى دادوەری سلێمانییش بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، ئەوان لەسەر دۆسیەى کوژرانى تاریق لە ڕاپۆرتەکەیاندا زانیاری لەسەر ئەو ڕۆژەى خراوەتە ژێر خاک تا ڕۆژى دەرهێنانەوەى ناردوویانە بۆ دادوەر، بەڵام ئامادەنین ئەو زانیارییانە بدەن بە دەزگاکانى ڕاگەیاندن.

بۆیە ئێستا ڕوون نییە تاریقى بەقاڵ کە لە ڕۆژى ڕفاندنیەوە کوژراوە و لەو چاڵەدا شاردراوەتەوە یان مێژووى شاردنەوەى تەرمەکە ناگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەى کە دەوترێت چوار مانگ پێش ئێستا کوژراوە.

لەکاتی دیار نەمانیشیدا کەسوکاری تاریقی بەقاڵ خۆپیشاندانیان کرد و داوایان لە یەکێتی و دەزگا ئەمنییەکانی دەکرد چارەنوسی کوڕەکەیان ئاشکرابکات و لە گرتەیەکی ڤیدیۆییشدا گومانی کەسوکارەکەی لە دیارنەمای تاریق ڕوونبدەبێتەوە.

هاوکات لەکاتى دەرکردنى تەرمى تاریقى بەقاڵدا جەستەکەى وەک جەستەى کەسێکى دیکە نەشێوابوو کە چوار مانگ لەژێر خاکدا بێت، ئەمە لەکاتێکدایە بەگوێرەى ڕاپۆرتە زانستییەکان مرۆڤ کاتێک دڵی لە لێدان دەکەوێت، دەستبەجێ ژمارەیەک گۆڕانکاریی خێرا لە جەستەکەیدا ڕوودەدات.

هەر بەپێی ڕاپۆرتە زانستییەکان، دوای چەند هەفتەیەک لاشەکە بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت، بەجۆرێک لەماوەی هەفتەیەکدا٦٠% ی کۆی لاشەکە لەناو دەچێت و لەدوای چوار مانگیش لاشەی مردووەکە دەبێتە پەیکەرێکی ئێسقان، بەڵام جۆری خاکەکە و ئاو و قوڵی و کۆمەڵێک هۆکاری تری سروشتی، کاتی بوون بە پەیکەر و شیبونەوەی جەستەکە پێش و دوا دەخات. بەڵام لە دەرهێنانی جەستەى تاریقى بەقاڵدا ئەم گۆڕانکاریانە ڕووى نەدابوو هەرچەندە دەوترێت چوار مانگە لەژێر خاکدایە، ئەوەش پرس و گومانی لاى بەشێکی خەڵکى دروست کرد.

بەپێی وتەی بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی ئەم باندە ماوەی سێ ساڵە تاوانی دزی و فڕاندن و دەستدرێژیی و وەرگرتنی سەرانە و کوشتن لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدەن، بێ ئەوەی لایەنە ئەمنییەکانی شاری سلێمانی ئاشکرایان بکەن و پێیان بزانن.

لە ماوەى ڕابردوشدا ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانى سلێمانى ئەو باندەیان دەستگیرکرد کە موچەى کارمەندانى نەخۆشخانەى شاریان دزی بوو. ئەوەى جێگەى سەرنجی هاوڵاتیانى هەرێمە لە هەردوو باندەکەدا هەریەکەیان کەسێکیان پێشتر کارمەندی دەزگا ئەمنییەکان بووە، واتە کەسانى نێو ئەو دوو باندە کەسانێکیان تێدابووە کە ئەزمون و شارەزایی هەبووە و توانیویەتی هاوکارى ئەندامانى دیکەى باندەکە بکات تا باشتر کارەکانیان ئەنجام بدەن.

لە چەند ڕۆژى ڕابردوشدا یەکێک لە کەناڵە سێبەرەکانى پارتییەوە چاوپێکەوتی تۆمەتبارێک پەخشکرا بی ئەوەی دەموچاوی بشاردرێتەوە، کە دانی بە کوشتنی هاوڵاتییەکدا نا لە هەولێر بەهۆی ئەوەی وەک خۆی دەڵێت لەسەردەمی حکومڕانی یەکێتی دا لە هەولێر لە ساڵانی نەوەدەکان ئەو کەسە پارەی لە باوکی بکوژەکە بردووە.

دەستگیرکردنی تاوانباران و پیشاندانیان لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن لە لایەک و چاوپۆشیکردن لە چەندین تاوانی تر کە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە بەهۆکاری دەستێوەردانی حزبی و بەشێک لەبەرپرسان بووەتە هۆکاری ئەوەی بەشێک لەهاوڵاتیان هەمیشە گومان بخەنە سەر ڕووداو و دەستگیرکردنی تۆمەتباران، بەشێکی تریش لە هاوڵاتیان پێیان وایە کە هێزە ئەمنییەکان کارەکانی خۆیان بەباشب بەڕێوەدەبەن و سەر و ماڵی هاوڵاتیان دەپارێزن.

ئ.ر