سەردێڕ:

پێداچوونەوەی دووەمی هەموارکردنەوەی یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێم تەواوکرا

فۆتۆ: 
2019-04-08

1619 جار خوێندراوەتەوە

لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمان بۆ دووەم جار پێداچوونەوەی بە هەمواری یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا تەواوکرد و، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد.


لیژنەی کاروباری یاسایی پەرلەمان بۆ دووەم جار پێداچوونەوەی بە هەمواری یاسای کاراکردنەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمدا تەواوکرد و، ئاراستەی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کرد.

بەپێی مادەی ٩١ لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان، دەبێت دەستەی سەرۆکایەتی لە ماوەی پێنج ڕۆژدا دانیشتنی کۆتایی لەسەر پڕۆژە یاساکە بکات، کە تیایدا دەنگی لەسەر دەدرێت.

فراکسیۆنی پارتی وەک ئامادەکارییەک و دڵنیاییان لە گۆڕان و یەكێتی، پێشبینییان ئەوەیە زیاتر لە ٧٥ پەرلەمانتار دەنگ بە پڕۆژە یاساکە بدەن.

ڕێبوار بابکەیی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى پارتی دەڵێت، بە مۆرکێکى نیشتمانى نیمچە کۆدەنگییەکى لەسەر بوو و دەیانەوێت زۆرینەى ڕەهاى پێوە دیاربێت.

فراکسیۆنی یەکێتی بەشداریی لە دانیشتنی یەکەمی پەرلەماندا نەکرد، کە تیایدا گفتوگۆ لەسەر ئەم پڕۆژە یاسایە کرا، بەڵام بەشداریی لە دووەم دانیشتندا کرد و لە ئێستادا دەڵێن، پێشنیازی بەندێکیان بۆ هەموارەکە کردووە کە ئەویش زیادکردنی جێگرێکى دیکەیە بۆ سەرۆکی هەرێم.

کاروان گەزنەیی پەرلەمانتارى فراکسیۆنى یەکێتی ڕایگەیاند، یەکێک لە تێبینییەکان ئەوەیە دەنگدانى ئاشکرا و زۆرینەى ڕەها بگۆڕدرێت بۆ دەنگدانى نهێنى ٢/٣.

کاوە عەبدلقادر پەرلەمانتار نەوەی نوێش ئاماژەى بەوە کرد، داوادەکەن سیستم پەرلەمانی بێت و سەرۆک لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت، بە مەرجی ئەوەی دەسەڵاتەکانی تەشریفاتی بێت، یاخود سەرۆک لەناو خەڵکەوە هەڵبژێردرێت لە ئێستادا، چونکە ئەم پەرلەمانە بە قبوڵکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن پێنج ئەندامی کۆمسیۆنەوە پێکهاتووە، کە پارتی و یەکێتین، هەڵبژاردنی سەرۆکیش لە پەرلەمان بە هیچ شێوەیەک، گوزارشت نییە لە ویستی خەڵکی کوردستان.

لە دوای پەسەندکردنی هەمواری پڕۆژە یاسای سەرۆکایەتیی هەرێم، سێ ڕۆژ دەدرێت بەو کەسانەی کە دەیانەوێت خۆیان کاندید بکەن بۆ ئەو پۆستە، دوای لێکۆڵینەوە ئەگەر مەرجەکانی خۆ کاندیدکردنیان تێدابوو لەناو هۆڵی پەرلەمان پرۆسەی دەنگدان بەڕێوەدەچێت.

ئ.ر