سەردێڕ:

ڕێگاى دووسایدی‌ سه‌یدسادق ـ عه‌ربه‌ت تا ئێستا تەواو نەکراوە

فۆتۆ: 
2019-04-07

2425 جار خوێندراوەتەوە

سامان دانیشتووى یه‌كێك له‌ گونده‌كانى نزیك سه‌یدسادقە و هه‌فتانه‌ چه‌ندجارێك هاتوچۆ به‌م ڕێگایه‌دا ده‌كات، ئه‌و نیگه‌رانه‌ له‌وه‌ی‌ ماوه‌ى هەشت مانگ زیاتره‌ سه‌رقاڵى چاككردنى ئه‌م ڕێگایه‌ن، به‌ڵام هێشتا ته‌واو نه‌بووه.


مانگی شەشی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی سلێمانی دەستیکرد بە نۆژەنکردنەوەی لاینێکی ڕێگای دووسایدی سەیدسادق ـ عەربەت، بەڵام دوای تێپەڕبوونی نزیکەی ھەشت مانگ ھێشتا بەشێکی پرۆژەکە تەواونەبووە، کە نزیکەی ٢٠٠ مەترە و کەوتووەتە ‌نزیک دەروازەی سەیدسادق.

ئەو شۆفێرانەی کە ڕۆژانە ھاتوچۆ بەو ڕێگایەدا دەکەن دەڵێن، حکومەت دەیان ملیۆن دیناری داھاتی مەرزی باشماخ و شۆشمێی دەستدەکەوێت، کە لەسەر ئەم ڕێگایەیە، بەڵام نەیتوانیوە گرفتەکانی چارەسەربکات.

درێژیی ڕێگای نێوان سەیدسادق ـ عەربەت ٢٣ کیلۆمەترە و ڕۆژانە سەدان ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر ھاتوچۆی لێوە دەکەن و نزیکەی حەوت ساڵە کراوە بە دووساید، بەڵام ساڵانە چەند بەشێکی ڕێگاکە نۆژەندەکرێتەوە.

ئیبراھیم عەزیز بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی سلێمانی کە ‌سەرپەرشتیی نۆژەنکردنەوەی ڕێگاکە دەکات، کەشوھەوا و زۆریی ڕێژەی باران و تەواونەبوونی دیزاینی پرۆژەکە،‌ بە ‌ھۆکاری تەواونەبوونی ڕێگاکە دادەنێن.

جگە لەم ڕێگایە، پرۆژەی ڕێگای دووسایدی نێوان سەیدسادق ـ ھەڵەبجە دوای چوار ساڵ کارکردن تێیدا ھێشتا تەواونەکراوە، ھاوکات ڕێگای پێنجوێن ـ سەیدسادق، کە ڕێگای سەرەکیی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ و سلێمانیشە، تەنھا ٢٠ کیلۆمەتری تەواوکراوە و نیوەی پرۆژەکەش تەواونەکراوە.‌

د.ن