چەند ڕۆژێکە ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە، بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی لە ئێستادا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە گەیشتووەتە نزیکەی دوو مەتر.
چەند ڕۆژێکە ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزبووەتەوە، بەراورد بە ڕۆژانی ئاسایی لە ئێستادا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکە گەیشتووەتە نزیکەی دوو مەتر.
لە سنووری ناحیەی تەق تەق، کێڵگەکانی نزیکی ڕووبارەکە و کەپرەکان و حەوزەکانی بەخێوکردنی ماسی، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
هەرچەندە تا ئێستا هیچ ئامارێکی فەرمی نییە سەبارەت بە خەمڵاندنی زیانەکان، بەڵام تەنیا لە گوندی موخەرەسی سەربە ناحیەی تەق تەق، زیاتر لە ٥٠ حەوزی ماسی ژێر ئاو کەوتوون و، نزیکەی ١٠٠ هەزار ماسی ئاو بردوویەتی، کە بەهاکەیان بە زیاتر لە یەک ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.
نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێریش لەکاتی سەردانی شوێنە زیانبەرکەوتووەکاندا ڕایگەیاند، دەیانەوێت بەربەستی پاراستنی تەق تەق لە ئاوی زێی بچووک تۆکمەتر بکەن وەک پاڵپشتێک بۆئەوەى ئاستى ئاوەکە زیادیش بێت نەتوانێت بپەڕێتەوە.
مژدە مەحمود پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانى کوردستان ئاماژەى بەوە کرد، بەدواداچوونیان بۆ زیانەکانی لافاوەکە کردووە و لە ڕێگەی لیژنەکانی پەرلەمانیشەوە، هەوڵدەدەن بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و پێویستە لایەنى پەیوەندیدار قەرەبووى زیانلێکەوتووان بکاتەوە.
بەهۆی پڕبوونی بەنداوی دوکانەوە، پێشبینیدەکرێت ئاستی ئاوی زێی بچووک بەرزتربێتەوە و زیانەکان لەوەی ئێستا هەیە زیاتربێت، ئیدارەی ناوچەکەش هۆشداری دەدەنە هاوڵاتییان و داوادەکەن، لە کەناری زێی بچووک نزیک نەبنەوە، بۆئەوەی زیانیان بەرنەکەوێت.
ئ.ر