سەردێڕ:

کەرکوک.. ژمارەیەک چەکدار هەوڵی داگیرکردنی موڵکى هاوڵاتییان دەدەن

فۆتۆ: 
2019-04-04

3219 جار خوێندراوەتەوە

چەند کەسێک کە خۆیان بە چەکداری حەشدی شەعبی ناساندووە، ڕووپێوییان بۆ گەڕەکی ڕیازی کەرکوک کردووە و دانیشتووانەکەشی دەڵێن، ئەو چەکدارانە دەیانەوێت زەوییەکانیان داگیربکەن.


چەند کەسێک کە خۆیان بە چەکداری حەشدی شەعبی ناساندووە، ڕووپێوییان بۆ گەڕەکی ڕیازی کەرکوک کردووە و دانیشتووانەکەشی دەڵێن، ئەو چەکدارانە دەیانەوێت زەوییەکانیان داگیربکەن.

ڕیاز ئەحمەد یەکێکە لە دانیشتووانی گەڕەکی ڕاپەڕین لە کەرکوک، خانووەکەی ڕیاز و هاوڵاتییانی ئەم گەڕەکە سەرجەمیان تاپۆن و بەپێی نەخشەی گەڕەکەکەش پارچە زەوییەک بۆ باخچە دیاریکراوە و دەکەوێتە بەردەم ماڵی ڕیاز، بەڵام چەند کەسێکی چەکدار کە خۆیان بە چەکداری حەشدی شەعبی ناساندووە، چوونەتە گەڕەکەکەیان و زەوییەکەیان ڕوپێوکردووە، دانیشتووانی گەڕەکەکەش دەڵێن، چەکدارەکان هەڕەشەیان لێ کردوون بۆئەوەی لە بەرامبەر داگیرکردنی زەوییەکەدا بێدەنگبن.

دانیشتووانی گەڕەکەکە باس لەوە دەکەن، ئەو کەسانەی هەوڵی داگیرکردنی زەویی باخچەکەیان داوە، نوسراوێکی حکومەتی عێراق و وەزارەتی شارەوانییان پێبووە و باسیان لەوە کردووە، بەپێی ئەو نوسراوە زەوییەکە بەکاردەهێنن.

سەردار عەلی بەڕێوەبەری شارەوانیی کەرکوکیش دەڵێت، لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی کێشەکە و ڕێگە نادەن هیچ گروپێکی چەکدار لەژێر هەر ناوێکدا بێت، موڵکی هاوڵاتییان داگیربکەن.

بەپێی نەخشەی شارەوانی، لە هەر گەڕەکێکدا لە کەرکوک پارچەیەک زەوی کە ڕووبەرەکەی لە نێوان ٥٠٠ بۆ هەزار مەتر دەبێت، بۆ باخچە دیاریکراوە، بەشێکیان لەلایەن شارەوانییەکانەوە تا ئێستا نەکراون بە باخچە و وەک پارچە زەوییەک مانەتەوە.

ع.ا