سەردێڕ:

جیاوازى هەرێمى کوردستان و سوید لە ماوەى پێکهێنانى حکومەتدا

فۆتۆ: 
2019-03-30

3707 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی نزیکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی سوید نزیکەی چوار مانگ پێکهێنانی حکومەتی ئەو وڵاتە دواکەوتووە.


بەهۆی نزیکی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پارتەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لە وڵاتی سوید نزیکەی چوار مانگ پێکهێنانی حکومەتی ئەو وڵاتە دواکەوتووە.

هەڵبژاردنە گشتییەكانی سوید بەهەمان شێوەی هەرێمی كوردستان لەمانگی ئەیلولدا ئەنجامدران، بەڵام بەدرێژایی ئەو ماوەی چاوەڕوانییە، گفتوگۆکان لەسەر بەرنامە و پلانی داهاتووی حکومەت و چۆنییەتی جێبەجێکردنیان چڕ بووبوونەوە، بەبێ ئەوەی پارتەكان بچنە وردەكاریی دابەشكردنی وەزارەت و پۆستەكان و ئەم بابەتە لەمیدیاو گوتاری سیاسی سویدیدا جێگەی بایەخ نەبوو.

لە هەرێمی کوردستان ٦ مانگی ڕێکە هەڵبژاردن بەڕێوەچووە، بەهۆی ناكۆكییەكانیشەوە بەدرێژایی ئەو ماوەیە كۆبونەوە و دانوستان لەبارەی پێكهێنانی حكومەتەوە درێژەی هەیە و هێشتا ئاسۆی پێكهێنانی بەتەواوەتی ڕوون نییە، بەڵام جیاواز لە سوید لە كوردستان كێشمەكێشم و ململانێ سیاسییەكان لەسەر بەرنامەی حكومەت و جێبەجێكردنی دروشمەكانی هەڵبژاردن نییە، بەڵكو لەژوورە سیاسییە داخراو و لەدیدارە دوو قۆڵییەكاندا شەڕ شەڕی ژمارەی وەزارەت و دابەشكردنی پۆست و پێگە وەزارییەكانە و ئەم دابەشكارییە تا ئاستی راوێژكارو بەڕێوەبەری گشتیی شۆڕ بووەتەوە و كەمترین باس لەبارەی كارنامەی حكومەتەوە هەیە.

لەماوەی ڕابردوودا پارتی و یەكێتی دووجار بەزارەكی و بەشێوەی نوسراو لەسەر پێكهێنانی حكومەت رێككەوتن، لەڕووی بەرنامەی كاری سیاسی و دیدگای حوكمڕانیشەوە جیاوازییەكی ئەوتۆ لەنێوان ئەم دوو حزبەدا نییە و ئەم دۆخەی ئێستای كوردستان بەرهەمی هاوپەیمانێتی چەندین ساڵەی ئەوانە لەژێر ناوی "رێككەوتنی ستراتیژی"، بەڵام لەسەر ژمارەی وەزارەت و دەستە سەربەخۆكان و راوێژكار و پۆستەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ناكۆكن و ناگەنە رێككەوتن و بەم هۆیەوە لەململانێ و زۆرانبازییەكەی میدیایی گەرمدا دەژین كە بەشی زۆری بۆ بچڕینی زۆترین پۆستە.

ئەوەی لەنێوان یەكێتی و پارتیدا دەگوزەرێت بەهەمانشێوە بۆ پارتی و گۆڕانیش هەر هەمان شتە، چونكە وەك زۆرێك لەنوسەران و چاودێرانی سیاسی تێبینی یان كرد لەرێككەوتنی دوو قۆڵی ئەو لایەنەدا زیاتر پشت بەبنەمای "پۆست باران كردن" بەسترابوو تا نزیكایەتی دیدگاو بەرنامە.

كوردستان هەرێمێكی نیمچە جێگیرە كە خاوەن دۆزێكی نەتەوەیی تەواو نەكراوە، بەڵام لەسایەی شەڕی پۆست و پلەو پایەدا لە ئێستادا و لەدانوستانی پێكهێنانی حكومەتدا، خەریكە بەدەردی وڵاتە ئاڵۆزو فرە نەتەوەو فرە دین و مەزهەبەكانی وەك لوبنان كە سنتەری ململانێیەكی ئیقلیمی گەورەیە.

لەلایەكی دیکەوە شەڕی پۆست و پلەو پایە لە كوردستان دەرهاویشتەی سەیر و بێ پێشینەی سیاسی بەدوای خۆیدا هێناوە، بۆ نمونە دەوترێت سیستمی سیاسیی هەرێم پەرلەمانیی دەبێت، بەڵام باس و خواستی دانانی دوو جێگر بۆ سەرۆكی هەرێم بەگەرمیی لە دانوستانەكاندا ئامادەیی هەیە، كە بەرای زۆرێك لەشارەزایان دەچێتە خانەی داتاشینی پۆست لەسەر حسابی بودجەی گشتی و زەبەلاحكردنی هەیكەلی ئیداریی و سیاسیی حوكمڕانیی لەكاتێكدا هەموو دنیا بەرەو تەقەشوف و كەمكردنەوەی جومگەو بڕگەی نا پێویست هەنگاو دەنێت.

ئەوی لەسەرۆكایەتی هەرێم دەگوزەرێت هاو وێنەكەشی لە سەرۆكایەتی وەزیراندا هەمان شتە، بەجۆرێك لە حكومەتێكی چوار پارێزگاییدا كە جگە لەپەرلەمان سێ ئەنجومەنی پارێزگاشی هەیە،  لەپێناو ڕازیكردنی تەنها سێ حزبدا باس لەدانانی دوو جێگر بۆ سەرۆك وەزیران گەرمە، ئەمەش دۆخێكی وەهای دروستكردووە خەڵك سەر دەرنەكەن لەوەی گەل چەند مەرجەع و ئیدارە و سیاسیی ڕابەرو سەركردەی هەیە.