فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، چوار پڕۆژە یاساى پێشکەشکردووە، یەکێکیان پرۆژە یاساى ڕێکخستنەوەی خانەنشینییە.
فراکسیۆنى نەوەى نوێ لە پەرلەمانى کوردستان، چوار پڕۆژە یاساى پێشکەشکردووە، یەکێکیان پرۆژە یاساى ڕێکخستنەوەی خانەنشینییە.
پڕۆژە یاساکە هەشت ماددەی تێدایە و بە وردی باسی خانەنشینانى ئاسایی و ھێزەکانی ناوخۆ و پلە تایبەتەکان و وەزیفە دەورییەکان و خانەنشینانى بەدەر لە یاسا دەکات.
بەپێی پرۆژە یاساکەی نەوەی نوێ چیتر پەرلەمانتار ناتوانێت خانەنشین ببێت، لە ماددەی دووەمى پڕۆژە یاساکەى فراکسیۆنى نەوەى نوێدا هاتووە، کە ھەموو ئەو یاسا و ڕێنماییانە ھەڵدەوەشێنەوە کە خانەنشینکردنی ھەموو ئەوانەی ڕێکخستووە بۆ پۆستێکی دەوریی ھەڵدەبژێردرێن وەکو، سەرۆکی ھەرێم، جێگرەکەی، ئەندامانی پەرلەمان، وەزیرەکان، بریکاری وەزیر، پارێزگار، ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاکان، سەرۆکی شارەوانی و ئەندامانی ئەنجومەنی شارەوانییەکان.
لە ماددەى سێیەمدا لەبارەى موچەى خانەنشینی و خانەنشینىی پلە تایبەتەکان، چەند مەرجێک هاتووە، پێویستە ئەو فەرمانبەرە تەمەنى لە ٥٠ ساڵ تێپەڕیبێت و ١٥ ساڵ خزمەتى هەبێت، لەکاتێکدا زۆرترین بڕى موچە لە ٥٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و، لە سێ ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
لە ئێستاشدا بەپێى یاسا بەرزترین موچەى خانەنشینى لە هەرێمى کوردستاندا زیاتر لە ١٠ ملیۆن دینار و نزمترین موچەش تەنها ٢٣٠ هەزار دینارە، بەڵام بەپێى پڕۆژە یاساکەى نەوەى نوێ پێویستە بەرزترین موچە لە ٥٠٠ هەزار دینار کەمتر نەبێت و لە سێ ملیۆن دیناریش زیاتر نەبێت.
ئاماژە بەوەش کراوە، ئەگەر ئەو فەرمانبەرەى بە پلەى تایبەت خانەنشینکرابێت و ئەو مەرجانەى تێدانەبێت، پێویستە بگەڕێتەوە بۆ سەر کارەکەى پێشووى.
پەرلەمانتارێکیش دەڵێت، لە ئێستادا بەپێى یاساى ژمارە ١٢ و ١٣ى ساڵى ١٩٩٩ى پەرلەمانى کوردستان، پەرلەمانتار و وەزیرەکان، لەکاتى خانەنشینیدا مانگانە زیاتر لە شەش ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار وەردەگرن.
باس لەوەش کراوە کە پێدانی پاداشتی کۆتایی خزمەت بۆ ئەو کەسانەی کە ناگەڕێنەوە سەر کارەکانی پێشوویان، یان وەزیفەی حکومییان نەبووە تا بەپێی پسپۆڕییان کارێکی گونجاویان بۆ دەدۆزرێتەوە بۆ ماوەى ٢ ساڵ ٣٠%ی دوا موچەیان پێ بدرێت.
لە ماددەى چوارەمدا باس لەوە کراوە، پێویستە ھەموو ئەو کەسانەی بەدەر لە یاسا خانەنشینکراون هەڵبوەشێنرێنەوە، کە پێکھاتوون لەو کەسانەى کە بێ ئەوەی بە فیعلی وەزیفەیان بینیبێت و بە پلە تایبەت خانەنشینکراون، هاوکات ئەو کەسانەش دەگرێتەوە بە پلەی سەربازیی خانەنشینکراون، بێ ڕەچاوکردنی تەمەنی خانەنشینی و خزمەتی و، هەروەها ئەو ئەندام و کادیرانەی پارتە سیاسییەکان کە بەپێی یاسای خانەنشینیی مەدەنی خانەنشینکراون، بێ ئەوەی خزمەتی حکومییان ھەبێت.
مادەى پێنجەمیش تەرخانکراوە بۆ هەڵوەشاندنەوە خانەنشینى ئەو کەسانەى کە بێ بەڵگە خزمەتی پێشمەرگایەتی و زیندانی سیاسییان بۆ ھەژمارکراوە و، ھەژمارکردنی ساڵانی خزمەت بە دوو ھێندەی خۆی، یان ھەژمارکردنی دوو پیشە لە یەک کاتدا.