گواستنەوەی دەسەڵات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لەناو ماڵباتی بارزانی، ڕەگ و ڕیشەیەکى مێژوویی هەیە و لە دواترین ھەنگاویشدا پارتى دەیەوێت کۆى سیاسەت و بڕیارەکانى هەرێم بکات بە بنەماڵەییەکى تەواو، بە هێنانە پێشەوەى نەوەى دووەم و سێیەمى بنەماڵەکەیان، بۆ قۆرخکردنى کۆى جومگە سەرەکییەکانى هەرێم.
گواستنەوەی دەسەڵات لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە لەناو ماڵباتی بارزانی، ڕەگ و ڕیشەیەکى مێژوویی هەیە و لە دواترین ھەنگاویشدا پارتى دەیەوێت کۆى سیاسەت و بڕیارەکانى هەرێم بکات بە بنەماڵەییەکى تەواو، بە هێنانە پێشەوەى نەوەى دووەم و سێیەمى بنەماڵەکەیان، بۆ قۆرخکردنى کۆى جومگە سەرەکییەکانى هەرێم.
پارتی لە سەرەتاى دروستبوونییەوە باوەڕی تەواوی بە دابەشكردنی پۆستە باڵاكان لەنێو بنەماڵەی بارزانیدا و گواستنەوەی دەسەڵات لە باوكەوە بۆ كوڕەكەی هەبووە، تا ئێستاش لەم بنەما سەرەکییەى بارزانى باوک لایان نەداوە، لە ئێستاشدا مەترسییەكە ئەوەیە كە، ئەو حزبە دەیەوێت سیستمی بنەماڵەیی بۆ ناو حكومەت و دەسەڵات بگوازێتەوە.
بە تێڕوانین لە دابەشکاریی بۆ پۆستەکانى کابینەى نوێى حکومەت، کە کاندیدى سەرۆکى حکومەت، مەسرور بارزانییە و پاش ١٩ ساڵ لە پۆستى سەرۆکى حکومەت، لە ئێستادا مەسعود بارزانى بۆ شاردنەوەى باڵەکانى ناو حزبەکەی و خۆلادان لە گەورەتربوونى درزى بنەماڵەیی، نێچیرڤانى برازایی بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم کاندیدکردووە، بەمەش دەردەکەوێت، ئەوەی لە داهاتووى هەرێمدا دەسەڵاتی ڕەهای دەبێت، بنەماڵەی بارزانییە نەك حكومەت.
ئەمەش وا شیدەکریتەوە، لەم دابەشکارییە نوێیەى دەسەڵات لەلایەن سەرۆکى پارتییەوە سیستمى حوکمڕانیی لە بنەماڵەییەوە بەرەو بەخێزانیبوون دەڕوات.
ئەو چاودێرانە ئاماژە بۆ ئەوەش دەکەن، دواى کۆکردنەوەى جومگە سەرەکییەکانى دەسەڵات لە دەستى یەک خێزاندا، ئیتر ئەو دیموکراسییەى کە پێشتر بەرپرسانى هەرێم شانازییان پێوە دەکرد و، هەرێمى کوردستانیان وەکو یەکێک لە پەیڕەوکەرانى دیموکراسى ناودەبرد لە ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستدا، ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو پوکانەوە و لەناوچوون دەچێت.
هەڵبژاردنی ئامۆزاکان بۆ حوکمڕانیی هەرێم لەناو نوسەرە لیبراڵ و ئەکادیمییە بێلایەنەکاندا ناڕەزایی لێ کەوتووەتەوە، چونکە زیاتر هانی بنەماڵەگەرایی و سوڵتانیزم و سیستمى پاشایەتی دەدات، هەندێکیتریان پێیانوایە بۆ قۆناغى داهاتوو لە حکومەتێکی ستەمکاریی پۆلیسی و هەواڵگریی چاوەڕوانى هەرێم دەکات.
هەوڵدان بۆ بە ڕەها هێشتنەوەى دەسەڵاتەکان لەلایەن پارتییەوە، ئەگەرى دروستبوونى دوو ئیدارەیی بەهێزتر دەکات لەلایەن پارتى و یەکێتییەوە، چونکە پاش تێپەڕبوونى ١٨٠ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنى پەرلەماندا و بەڕێوەچوونی ١٠ کۆبوونەوە لە نێوان ئەو دوو حزبەدا، بە مەبەستى پێکهێنانى کابینەى نوێى حکومەت، پارتى دەیەوێت خۆى حاکمى ڕەها بێت لە هەرێم و یەکێتییش دەیەوێت لە پۆستە هەستیارەکاندا بەشداربێت، ئەمەش ناکۆکییەکانى ئەو دوو حزبەى قوڵتر کردووەتەوە.