سەردێڕ:

پڕۆژە یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى موچە پێشکەشى سەرۆکایەتى پەرلەمان کرا

پڕۆژە یاسایەک بۆ گەڕاندنەوەى پاشەکەوتى موچە پێشکەشکرا
فۆتۆ: 
2019-03-29

59782 جار خوێندراوەتەوە

هەرچەندە دۆخى ئابووریی حکومەتى هەرێم جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو لە ئاستێکى باشدایە، بەڵام چارەنووسى موچەى پاشەکەوتکراوى سێ ساڵى ڕابردووى فەرمانبەران تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە و تا ئەم کاتە حکومەتى هەرێم هیچ بڕیارێکى نەداوە بۆ گێڕانەوەى.


هەرچەندە دۆخى ئابووریی حکومەتى هەرێم جیاواز لە ساڵانى ڕابردوو لە ئاستێکى باشدایە، بەڵام چارەنووسى موچەى پاشەکەوتکراوى سێ ساڵى ڕابردووى فەرمانبەران تا ئێستا بە نادیاری ماوەتەوە و تا ئەم کاتە حکومەتى هەرێم هیچ بڕیارێکى نەداوە بۆ گێڕانەوەى.

فراکسیۆنى نەوەى نوێش لە پەرلەمانى کوردستان پرۆژە یاسایەکی پێشکەشکردووە و، لە پرۆژەکەدا گەڕاندنەوەی پارەی پاشەكەوتی كەڵەكەبووی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و میكانیزمی گەڕاندنەوەكەى لە سێ خاڵدا کۆکراوەتەوە:

یەکەم: پاكتاوكردنی قەرزەكانی ئاو و كارەبا، پێشینەكانی خانوبەرە و هاوسەرگیریی، باجەكانی سەرپێچيی هاتوچۆ و خانوبەرە و تەواوی باجەكانی تر.

دووەم: لەو بڕە پاشەكەوتەی لەلای حكومەت دەمێنێتەوە، ڕێژەی ٦٠%ی لە ماوەی ١٢ مانگ و بە شێوەی قیستی مانگانە لەگەڵ موچەدا دەگەڕێنرێتەوە بۆ موچەخۆران .

سێیەم: ئەو ڕێژەی ٤٠%ی دەمێنێتەوە، لە دوانزە مانگی دواتر و بە شێوەی هەمان میكانیزمی خاڵی دووەم، دەگەڕێنرێتەوە بۆ موچەخۆران.

ئەم پرۆژەیەى نەوەى نوێ لەکاتێکدایە، هەر فەرمانبەرێک زیاد لە ١٠ بۆ٢٠ ملیۆن دینارى لاى حکومەتە و وەزارەتی داراییش لە ھەوڵی ئەوەدایە، لە مانگی داھاتووەوە ڕێژەیەک لە قەرزی پێشینەی خانووبەرەی سەر موچەخۆران لە موچەکانیان ببڕێت.

وەک موچەخۆران ئاماژەى بۆ دەکەن، ئەگەر بەر لە دانانى میکانیزمێکى گونجاو بۆ گێڕانەوەى پاشەکەوتى موچەى فەمانبەران دەست بۆ وەرگرتنەوەى پێشینەى خانوبەرە و هاوسەرگیری و پارەى ئاو و کارەبا ببرێت، چاوەڕێدەکرێت شەپۆلێکى دیکەى ناڕەزایی هەرێم بگرێتەوە.

فراکسیۆنى نەوەى نوێش دەڵێت، ھەر ڕێنماییەکی وەزارەتی دارایی، بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەکانی سەر موچەخۆران، بێ ئەوەی پاشەکەوتە کەڵەکەبووەکانیان بداتەوە، بڕیارێکی نابەرپرسیارانەیە و دەبێت بێدەنگیی لێ نەکرێت و ئەولەویەتیش بۆ دانەوەی پاشەکەوتە کەڵەکەبووەکانی موچەخۆران بێت.

لە ئێستادا مانگانە بڕى ٥٢٢ ملیار دینار لەلایەن بەغداوە بۆ فەرمانبەرانى هەرێم دابیندەکرێت، ئەمە سەرەڕاى داهاتى ناوخۆ و داهاتى  فرۆشى نەوت، بۆیە لە ئێستادا وەک بەرپرسانى باڵاى حکومەت جەختى لێ دەکەنەوە دۆخى ئابوری لە ئاستێکى باشدایە و حکومەت قۆناغى قورسى قەیرانى دارایى تێپەڕاندووە.

ڕۆژى ٨ى ئەم مانگە نێچیرڤان بارزانی بە فەرمى کۆتایىهاتنى قەیرانى دارایى ڕاگەیاند، بۆیە لە دواى هەڵگرتنى پاشەکەوتى تەواوى موچە، فەرمانبەران چاویان لە وەرگرتنەوەى ئەو پاشەکەوتەیە کە لە سێ ساڵى ڕابردوودا بە شێوەى پاشەکەوت لێیان وەرگیراوە.

ئ.ر