سەردێڕ:

بڕیاردرا نەشتەرگەریی نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئێوارانیشدا بکرێت

بڕیاردرا نەشتەرگەریی نەخۆشخانە حکومییەکان لە ئێوارانیشدا بکرێت
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-16

32438 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە لە ئێوارانیشدا، هاوشێوەی بەیانیان نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکان کردووە، پرۆژەی نوێ لەبارەی نەشتەرگەرییەوە ئامادەبکەن.


وەزارەتی تەندروستی بڕیاریداوە لە ئێوارانیشدا، هاوشێوەی بەیانیان نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە حکومییەکاندا بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی پارێزگاکان کردووە، پرۆژەی نوێ لەبارەی نەشتەرگەرییەوە ئامادەبکەن.

نەشتەرگەریکردن لە نەخۆشخانەکانی ئێواراندا چەند مەرجێکی هەیە کە دەبێت سەرجەم نەخۆشخانە و پزیشکەکان پێیەوە پابەندبن، ئەوانیش بریتین لە:-

-هەموو ئەو نەشتەرگەرییە گەورە و بچووکانەی لە بەیانیاندا لە نەخۆشخانە حکومەییەکان دەکرێن لە ئێوارانیشدا بکرێن.

-دەبێت نەشتەرگەری ئێواران لە دوای کاتژمێر دووی پاشنیوەڕۆ بێت و دەوامی بەیانیان تەواوبووبێت.

نابێت نرخەکان لەو نرخە زیاتر بێت کە وەزارەتی تەندروستی دیاریدەکات.

خالس قادر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتى هەرێمیش دەڵێت، پێداچوونەوە بە نرخەکان و چۆنییەتى ئەنجامدانى نەشتەرگەرییەکان دەکەن.

لە ئێستادا تەنها بەشێکی کەمی نەشتەرگەرییەکان لە نەخۆشخانەکانی ئێواراندا دەکرێن، بەبڕیاری وەزارەتی تەندروستیش نرخی نەشتەرگەرییەکان ڕێکدەخرێتەوە بەشێوازێک نابێت نرخی نەشتەرگەری لە ٥٠ هەزار کەمتر و لە ٥٠٠ هەزار زیاتر بێت.

ئەم هاوڵاتییەش کە لە شاری سلێمانییەوە پزیشکەکان ناردوویانە بۆ دەرمان بۆ شاری هەولێر دەڵێت، بڕیاری نەشتەرگەریکردن لە نەخۆشخانەکانی ئێواراندا بە باش دەزانێت، بەمەرجێک نرخەکەی لەگەڵ باری دارایی هاوڵاتیاندا بگونجێت.

لە هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە ٩٠٠ بنکەی تەندروستی و ٧٦ نەخۆشخانە هەیە، کە ٤٠ نەخۆشخانەیان گشتیین و نۆ نەخۆشخانەیان منداڵان و حەوت نەخۆشخانەیان ئافرەتان و لە دایکبوونن و هەشت نەخۆشخانەشیان فریاکەوتنن، لە بەشێک لەو نەخۆشخانانەدا ڕۆژانە نەشتەرگەری گەورە و بچووک دەکرێت.

بڕیارە دوای گەڕانەوەی پڕۆژەی پارێزگاکان و پێداچوونەوەیان لەلایەن وەزارەتی تەندروستییەوە، بڕیارەکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.