سەردێڕ:

چیرۆکى ژیانى بەرپرسی ئەو باندەى مووچەى نەخۆشخانەى شارى ڕفاندبوو

تا دێت کاردانەوەکانی ڕووداوى ڕفاندنى موچەی نەخۆشخانەى شار زیاتر دەبن
فۆتۆ: 
2019-03-14

185163 جار خوێندراوەتەوە

تا دێت کاردانەوەکانی ڕووداوى دزین و ڕفاندنى موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەى شارى سلێمانى زیاتر دەبن، چیرۆکى ژیانى بکەرانى ڕووداوەکە نهێنى سەیر و سەمەرەى لەخۆگرتووە، بەتایبەت لەکاتێکدا ئەو حەوت کەسەى کە لە باندەکەدا بوون پێشتر زۆرینەیان بە تاوانى جۆراوجۆر دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون.


تا دێت کاردانەوەکانی ڕووداوى دزین و ڕفاندنى موچەی کارمەندانی نەخۆشخانەى شارى سلێمانى زیاتر دەبن، چیرۆکى ژیانى بکەرانى ڕووداوەکە نهێنى سەیر و سەمەرەى لەخۆگرتووە، بەتایبەت لەکاتێکدا ئەو حەوت کەسەى کە لە باندەکەدا بوون پێشتر زۆرینەیان بە تاوانى جۆراوجۆر دەستگیرکراون و دواتر ئازادکراون.

بەرپرسى باندەکەش لە یەکێک لە دۆسیەکانیدا بەر لە تەواوبوونى ماوەى یاسایى سزاکەى، لە ڕووداوێکى گوماناویدا لە زیندانى چاکسازیی گەوران، کە لەژێر چاودێرییەکى توندوتۆڵى ئەمنیدایە، ساڵى ٢٠١٥ هەڵاتووە و دواتر لە زاخۆ پاش دوو هەفتە دەستگیرکراوەتەوە.

ڕووداوى ڕفاندنى پارەکەى نەخۆشخانەى شار چیرۆکی ژیانى کەسێکى مەترسیدارى هێنایە بەر باس، کە لە تەمەنێکى کەمدا چەندین تاوانى جیاجیاى بەدواى یەکدا کردووە و، دواترینیان ڕفاندنى یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار بوو.

س. ڕ ناوى کورتکراوەى ئەو تۆمەتبارەیە کە وەک سەرۆکى باندێکى دزی لەگەڵ چەند کەسێکى دیکەدا بەرەبەیانى  ١٣ى ئەم مانگە لەلایەن هێزەکانى ئاسایشى سلێمانییەوە دەستگیرکرا، سەرۆکى باندەکە ساڵى ١٩٨٩ لە یەکێک لە شارەدێکانى سەربە پارێزگاى سلێمانى لەدایکبووە، بەڵام ماوەیەکى زۆرە دانیشتووى سلێمانییە و چەند ساڵێکیش لەنێو هێزە ئەمنییەکانی سلێمانیدا کارمەند بووە.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى کە لە کەسێکى نزیکى تۆمەتبارەکە دەستیکەوتووە، سەرۆکى باندەکە جگە لەم کەیسە، ١٢ کەیسى ترى لەسەربووە و چەند جارێک بە تاوانى جۆراوجۆر دەستگیرکراوە و دواتر ئازادکراوە.

دوا کەیسى سەرۆکى باندەکە ئەوەبوو کە دوو مانگ بەرلە ئێستاش و برایەکى و زاوایەکیان لەنێو ئۆتۆمبیلێکى جۆرى تۆیۆتا بوون و، لە نزیک ناوچەی باخی بەختیاریی سلێمانى کەوتوونەتە بۆسەیەکەوە و لەلایەن چەند چەکدارێکەوە تەقەیان لێ کراوە، لە ئەنجامدا برایەکى لە خۆى بچووکتر و زاوایەکیان برینداربوون و (س) بە سەلامەتی دەرچووە، بەڵام لە هەمان کاتدا (س) تەقەی لەو کەسانە کردووە کە بۆسەیان بۆ ناونەتەوە و، لە ئەنجامدا دوو چەکدارى تەقەکەر برینداربوون، بەڵام ئەوەى کە جێى سەرسوڕمانە هیچ کەسێک لەسەر ئەم دۆسیەى تەقەکردنە دەستگیرنەکراوە و هەر زوو دۆسیەکە ونبووە.

جگە لەمانەش سەرۆکى باندەکە لە ڕووداوێکى دیکەدا، کە لە دەستى ئاسایش هەڵدێت، تەقە لە هێزەکانى ئاسایش دەکات و دوو کارمەندى ئاسایش برینداردەکات و دواتر خۆشى لە نێو بینایەکدا بە برینداری دەستگیردەکرێت، ئەمە سەرەڕاى ئەوەى کە سەرۆکى باندەکە لەسەر تاوانێکى دیکە سزاى ١٠ ساڵ زیندانیی بەسەردا دەسەپێنرێت، بەڵام بەر لە تەواوبوونى ماوەی یاسایى سزاکەى بەر لێبوردنى گشتی دەکەوێت و ئازاد دەکرێت، لەکاتێکدا بەپێى مادەى ٥ى یاسای ژمارە ٤ى ساڵى ٢٠١٧ى پەرلەمانى کوردستان، کەسێک لە یاساى لێبوردنى گشتیى سوودمەند دەبێـت، کە پێشینەى تاوانى نەبێت، بەڵام (س) بەر لە تەواوبوونى ماوەى یاساییەکەى بەر لێبوردنى گشتی کەوتووە.

(س) لە پۆستێکدا ڕۆژى ١٦ى شوباتى ٢٠١٨ لە ئەکاونتە تایبەتیەکەى خۆى نوسیوویەتى، دواى شەش ساڵ زیندانى ئازادکراوە، جگە لەوەش (س) لەو ماوەیەى کە لە زیندانی چاکسازیی گەوران بووە، بە بەردەوامی پۆستى فەیسبووکى کردووە و لەنێو هۆڵى زیندانەوە وێنەی خۆى بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش جێگەى پرسیارە کە کەسێکى دەستگیرکراو چۆن ڕێگەى پێ دەدرێت لەنێو هۆڵى زیندانەوە مۆبایل و هێڵى ئینتەرنێت بەکاربهێنێت؟

ئ.ر