لە سەدەی بیستەمدا بەیاننامەى ١١ی ئازار یەکەم دۆکیۆمێنتە کە تیایدا حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دانیناوە بە مافە کەلتوری و نەتەوەییەکانی کورددا.
لە سەدەی بیستەمدا بەیاننامەى ١١ی ئازار یەکەم دۆکیۆمێنتە کە تیایدا حکومەتی عێراق بە شێوەیەکی فەرمی دانیناوە بە مافە کەلتوری و نەتەوەییەکانی کورددا.
ئەوەى لە بەیاننامەکەدا هاتووە بۆ پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک بێ کێشە بوو، تەنانەت پارێزگار و بەڕێوەبردنی یەکە ئیدارییەکانیان لەلایەن کوردەوە یەکلایی کرانەوە، بەڵام دۆسیەی پارێزگای کەرکوک بە هەڵواسراوی مایەوە تا ئەو کاتەی سەرژمێریی تیایدا دەکرێت، بۆ دیاریکردنی ڕێژەی ئەو نەتەوانەی تیایدا دەژین، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵی ١٩٧٧ بۆ ڕاپرسی دیاریکرا.
هەندێک لە مێژوونووسان پێیانوایە بەیاننامەى ١١ی ئازار یەکێکە لە دەستکەوتەکانى شۆڕشى ئەیلول، چونکە چیتر ڕژێمى عێراق تواناى سەرکوتکردنى شۆڕشى نەما و بڕیاریدا مل بۆ زۆربەی داواکارییەکانى کورد بدات، بەڵام هەندێکیتر دەڵێن، نەخێر بەیاننامەکە جگە لە پلانێکى تاکتیکى بەولاوە هیچیتر نەبووە، بەو پێیەى ڕژێمى بەعس پێویستى بە پشوویەک بووە، بۆئەوەى باشتر خۆى ڕێکبخاتەوە.
لە دواى پێنج ساڵ، لە ٦ی ئازاری ١٩٧٥ دا، عێراق و ئێران دوای مێژوویەکی پڕ لە ناکۆکی نێوانیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپیک لە جەزائیر ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنانی شۆڕشی ئەیلول، محەمەد ڕەزا شای ئێران و سەدام حسێن ڕێكکەوتنەکەیان واژۆکرد.
دواى چەند ڕۆژێکیش سەرکردایەتیی ئەو کاتەى شۆڕش، داواى لە پێشمەگە کرد، خۆیان ڕادەستى حکومەتى عێراق بکەن یان بچنە ئێران، لە ئەنجامیشدا شۆڕشێکى ١٤ ساڵى، بە ١٤ ڕۆژ هەڵوەشایەوە و ڕێککەوتننامەکەى سەدام و شاى ئێران بووە هۆی شکستهێنانی شۆڕشی ئەیلول و ئاشبەتاڵى شۆڕشى کورد.
دواى ٤٩ ساڵ لە بەیاننامەى ١١ی ئازار، هێشتا زۆربەی ئەو مافانەی شەڕیان بۆ کراوە لە بەرامبەر حکومەتەکانی عێراق، بەدینەهاتوون، بە بۆچوونی بەشێک لە چاودێرانی سیاسییش، کورد لەو بازنەیەدا دەخولێتەوە کە لە بەیاننامەى ١١ی ئازاردا هاتووە، تا ئێستا کورد نەیتوانیوە کێشەی کەرکوک و ناوچەکانی دەوروبەری یەکلایی بکاتەوە و ببێتە هاوبەش و بەشداری ڕاستەقینەی حوکمڕانیى عێراق، هاوکات زمانی کوردی تا ئێستا لە زۆربەی دامەزراوەکاندا وەک زمانێکی فەرمی مامەڵەی پێوە ناکرێت.
بەشێک لە ڕەخنەگران پێیانوایە، لەدواى پرۆسەى ئازادیی عێراق، ئەگەر پارتى و یەکێتى پلانێکی تۆکمەیان هەبوایە بۆ گەڕانەوە بەغدا و جێبەجێکردنی مافەکانی کورد، ئەوا دەتوانرا زۆربەی داواکاری و مافەکانی کورد لە عێراقدا بچەسپێنرێت، بەڵام شەڕى پۆست و پارە و پلەى وەزارى، کوردى لە ئامانجە سەرەکییەکان دوورخستەوە.
ئ.ر