سەردێڕ:

کەرکوک.. زیاتر لە چوار هەزار هاوسەرگیریی لە دەرەوەى دادگا تۆمارکراون

لە کەرکوک زیاتر لە چوار هەزار هاوسەرگیریی لە دەرەوەى دادگا تۆمارکراون
فۆتۆ: ئەرشیف
2019-03-11

5293 جار خوێندراوەتەوە

١٢ساڵ لەمەوبەر و دواى ماوەیەکى کەم لە جیابوونەوەى دایک و باوکى، کچێک کە تەنها تەمەنى ١٤ ساڵ بوو بڕیاریدا هاوسەرگیرى بکات تا ببێتە خاوەن ژیان و ماڵى خۆى.


١٢ساڵ لەمەوبەر و دواى ماوەیەکى کەم لە جیابوونەوەى دایک و باوکى، کچێک کە تەنها تەمەنى ١٤ ساڵ بوو بڕیاریدا هاوسەرگیرى بکات تا ببێتە خاوەن ژیان و ماڵى خۆى.

یەکەم کوڕ کە هاتە داواى و ١٣ ساڵ لەخۆى گەورەتر بوو بووە هاوسەرى ئەو کچە، کە لەدەرەوەى دادگا و لەلایەن مەلاوە لەیەکتر مارەبڕدران و بوونە هاوسەرى یەکتر، دواى گەیشتنى تەمەنیشى بە ١٨ ساڵ لەدادگا مامەڵەى هاوسەرگیریان کرد.

دڵخۆشى ئەم کچە کە ئێستا تەمەنى ٢٦ ساڵە زۆرى نەخایاند و لەساڵى رابردوودا لە مێردەکەى جیابووەوە.

ئەو کچە دەڵێت، هاوسەرەکەى توندوتیژى بەرامبەر کردووە و بەو هۆیەشەوە لێی جیابووەتەوە.

ئەوکاتەى ئەم کچە هاوسەرگیریی کرد لە قۆناغى دووى ناوەندى بوو، بەڵام بەهۆى هاوسەرگیرییەکەیەوە دەستبەردارى خوێندن بوو.

لەماوەى هاوسەرگیرییەکەیدا بوو بە خاوەنى چوار منداڵ، بەڵام لەدواى جیبونەوەیانەوە منداڵەکانى لەلاى مێردى پێشووى دەژین، چونکە کەسوکارەکەى رازى نەبوون منداڵەکانى لەلاى خۆى بن.

ئەوکچە تەنها نمونەى قوربانى هاوسەرگیریی پێشوەختە نییە، بەڵکو بەپێی ئامارى رێکخراوەکانى داکۆکیکار لە مافى ژنان، هاوسەرگیری پێش وەخت و لەدەرەوەی دادگا لەکەرکوک پەرەی سەندووە و لەساڵى ٢٠١٨ دا چوار هەزار و ١٣٥ حاڵەتى هاوسەرگیریی لەدەرەوەی دادگا تۆمارکراون.

پارێزەر سرود محەمەدیش دەڵێت، قودسییەتى پڕۆسەى هاوسەرگیرى نەماوە و زۆرى ئەو گرێبەستانەى لە دەرەوەى دادگادا هەن ماویەکى کەم دەخایەنن و دواتر جیا دەبنەوە.  

ئامارەکان دەریدەخەن لە ساڵی ٢٠١٨دا ، ١٦ هەزار و ٣٤٣حاڵەتی هاوسەرگیری و دوو هەزار و ٥٩٤ حاڵەتی جیا بوونەوە لە کەرکوک تۆمار کراون کە  هەزار و ٣٨٨ حاڵەتی جیابونەوەیان لەدەرەوەی دادگا بووە.

ئ.ر