كاری لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان لە قوناغی كۆتاییدایە و، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عێراقە تا كاتی كۆبوونەوەی كۆتایی دیاریبکەن بۆ تاوتوێكردنی ڕاپۆرتی لیژنەكان.
كاری لیژنە هاوبەشەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕاوەكان لە قوناغی كۆتاییدایە و، وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم چاوەڕوانی وەزارەتی بەرگریی عێراقە تا كاتی كۆبوونەوەی كۆتایی دیاریبکەن بۆ تاوتوێكردنی ڕاپۆرتی لیژنەكان.
لە ماوەی ڕابردوودا هەردوولا ڕێكکەوتن لەسەر پێكهێنانی شەش لیژنە بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخی ئەو ناوچانەی كە جێناكۆكن و، لیژنەكان ئێستا لە قۆناغی كۆتایی كارەكانیانن.
قارەمان كەمال جێگری دامەزراوەى ئەركان لە وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوە كرد، لیژنەكانی هەردوولا سەردانی ئەو ناوچانەیان كردووە ڕاپۆرتیان لەبارەی بارودۆخ و ئەمنیەتی ئەو ناوچانە ئامادەكردووە، لە ئێستاشدا كاری لیژنەكان لە قۆناغی كۆتاییدایە و، دواتر دەیگەڕێننەوە بۆ لیژنە سەرەکییەکەى وەزارەتى پێشمەرگە و وەزارەتى بەرگریی عێراق.
ڕێكارەكانی بەڕێوەچوونی ڕێكکەوتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم و بەرگریی عێراق بە سەرپەرشتیی هێزەكانی هاوپەیمانان بەڕێوەدەچێت.
غەفور ساڵح جێگری بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتییش لە كەركوك باس لەوە دەكات ناتوانرێت لە ماوەیەكی نزیكدا پێشمەرگە بگەڕێنرێتەوە كەركوك، چونكە شارەكە بە تەواوی لە ژێر دەستی حەشدی شەعبی و هێزەکانی دیکەدایە، بۆیە پێویستە ئەو ڕێکكەوتنەی كە دەكرێت قۆناغ بە قۆناغ جێبەجێبكرێت، چونکە ئەمجارە هێزەكانی پێشمەرگە بە یاسا دەگەڕێنەوە ناوچە کێشەلەسەرەکان.
ئێن ئاڕتی زانیویەتی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك بە سێ قۆناغ دەبێت:
لە قۆناغی یەكەمدا ژوورێكی ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەنێو سەربازگەی كەی وەن دادەمەزرێنرێت، شەش ئەفسەری باڵا لەو ژوورە نوێنەرایەتیی هێزی پێشمەرگە دەكەن، بە جۆرێك سێ ئەفسەریان سەربە یەكێتی و سێی دیكەیان سەربە پارتین.
لە قۆناغی دووەمدا هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراق، هێزەكانیان لە ناوچەی تەماسی نێوانیان كەمدەكەنەوە، كە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی ٢٠١٧وە دروستیانكردووە.
لە قۆناغی سێیەمیشدا، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان ئەركی پاراستنی ئەمنییەتی كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان دەگرنە ئەستۆ و مەلەفی ئەمنی ناوچەكانیش ڕادەستی هێزەكانی پۆلیس و ناوخۆ دەكرێت، بە جۆرێك ئەم پلانە سەرجەم پارێزگاكانی دیالە و سەڵاحەدین و كەركوك و نەینەوا دەگرێتەوە.
ئ.ر