سەردێڕ:

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک بارزانی خەڵاتی تەقەکەرانى خۆپیشاندانەکانى ٢٠١٥ ى کردووە

بەپێی چەند بەڵگەنامەیەک بارزانی خەڵاتی تەقەکەرانى خۆپیشاندانەکانى ٢٠١٥ ى کردووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تى
2019-03-02

3785 جار خوێندراوەتەوە

​ڕۆژی نۆی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە هاوڵاتییان و چالاکانی مەدەنی خۆپیشاندانیان کرد دژی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم، دواتر لە قەڵادزێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ بەردەم ناوچەی پارتی لە قەڵادزێ و دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، بەهۆی تەقەی پاسەوانانی ناوچەى پارتی، دوو هاوڵاتی شەهیدبوون.


ڕۆژی نۆی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥ لە هەرێمی کوردستان بەشێک لە هاوڵاتییان و چالاکانی مەدەنی خۆپیشاندانیان کرد دژی ڕێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم، دواتر لە قەڵادزێ ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکە گۆڕا بۆ بەردەم ناوچەی پارتی لە قەڵادزێ و دوای دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزی، بەهۆی تەقەی پاسەوانانی ناوچەى پارتی، دوو هاوڵاتی شەهیدبوون.

لە ڕۆژی دواتریشدا لەکاتی سوتانی ناوچەى پارتی لە قەڵادزێ، منداڵێک گیانی لەدەستدا و هاوکات ١٨ هاوڵاتی دیکەش بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە برینداربوون.

بەپێى بەڵگەنامەیەکى نهێنى کە دەست ئێن ئاڕ تى کەوتووە، دواى شەش مانگ لەو خۆپیشاندانانە، لقى ١١ی پارتى نوسراوێکى نهێنیی بۆ مەکتەب سیاسیی حزبەکەى کردووە بۆئەوەى ئەو کەسانەى تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە، کە ژمارەیان هەشت کەسە، پاداشت بکرێن.

لە بەڵگەنامەکەدا ئەو هەشت کادیرەى پارتى ناویان وەک قارەمان و دڵسۆز هێنراوە و نوسراوە، ئەو هەشت کەسە فەرمانى گرتنیان هەیە و ماوەى شەش مانگ لە بارەگاى لقى پارتى داڵدەدراون، بۆیە داوا لە بەرپرسانى حزبەکەى دەکات لەگەڵ یەکێتی قسە بکەن بۆئەوەى بە ڕێگەى حزبی و عەشایەرییەوە سوڵحی بابەتەکە بکەن.

هاوکات داوای خەڵاتکردن و پێدانى ئیمتیازاتى مادى و مەعنەوی و ڕێکخستنى دیدارى مەسعود بارزانى سەرۆکى ئەو حزبەیان بۆ کراوە.

هەر بەپێى بەڵگەنامەیەکى دیکەى نهێنى کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، دواى نزیکەى ١٥ ڕۆژ لەو داوایەى لقى قەڵادزێى ئەو حزبە، مەکتەبى سەرۆکى پارتى لە ڕۆژى ١٢ى نیسانى ٢٠١٦دا وەڵامى نوسراوەکەى داوەتەوە و بڕى ٣٦ هەزار و ٨٠٠ دۆلاریان بۆ خەڵاتکردنی ئەو هەشت کەسە دیاریکردووە، بەجۆرێک لە سەرەتادا بڕى ٣٢ هەزار دۆلاریان پێ بدرێت.

ئەوەش دەمێنێتەوە کە بڕى ٤ هەزار و ٨٠٠ دۆلارە، کە دەکاتە بڕی شەش ملیۆن دینار، لەگەڵ موچەکانیاندا بەسەریاندا دابەشبکرێت و بڕیارە حزبییەکەش لە مانگى ئازاری ٢٠١٦وە کاری پێ کراوە.

ئەوە یەکەمجار نییە ئەو کەسانەى تۆمەتبارن بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەران لەلایەن لق و مەڵبەندەکانی پارتی و یەکێتییەوە داڵدەدەرێن، لە خۆپیشاندانەکانى ١٧ى شوبات و ڕۆژانى دواییدا کە زیاتر لە ٦٠ ڕۆژی خایاند و ١٠ کەس بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانەوە شەهیدبوون و بەدەیان هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، لەسەر ڕووداوەکانیش چەند بەرپرسێکی حیزبی و حکومی فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکرا، بەڵام ئەو کەسانە نەک دەستگیرنەکران و ڕوبەڕوی دادگا نەکرانەوە، بەڵکو هەندێکیشیان جگە لە داڵدەدان، پۆستی باڵاتریان پێدرا.

لە ئێستاشدا بەرپرسانى پارتى و یەکێتى دەیانەوێت لە ڕێگەى سوڵحى عەشایەریی و حزبیەوە و بەبێ ڕەچاوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، دۆسیەی ئەو تۆمەتبارانە دابخەن و ڕاى گشتى بەلاڕێدا بەرن.

ئ.ر