سەردێڕ:

هەرێم.. ڕاگرتنى پڕۆژەکان گرفتى بۆ هاوڵاتییان و بەڵێندەران دروستکردووە

ڕاگرتنى پڕۆژەکان گرفتى بۆ هاوڵاتییان و بەڵێندەران دروستکردووە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-03-01

2309 جار خوێندراوەتەوە

تەها محەمەد، کاری بەڵێندەرایەتی دەکات، لە ساڵی ٢٠١٤ دا سێ پرۆژەی لە حکومەت وەرگرتووە، کە تایبەتن بە قیرتاوکردن و ئاو و ئاوەڕۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا، بەڵام نزیکەی ١٠% ی پرۆژەکانی تەواوکردووە، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێدانی پارەی پرۆژەکان ڕاگیراوە.


تەها محەمەد، کاری بەڵێندەرایەتی دەکات، لە ساڵی ٢٠١٤ دا سێ پرۆژەی لە حکومەت وەرگرتووە، کە تایبەتن بە قیرتاوکردن و ئاو و ئاوەڕۆ لە سنوری ئیدارەی گەرمیاندا، بەڵام نزیکەی ١٠% ی پرۆژەکانی تەواوکردووە، چونکە بەهۆی قەیرانی داراییەوە پێدانی پارەی پرۆژەکان ڕاگیراوە.

تەها محەمەد دەڵێت، پڕۆژەیەکیان ڕاوەستاوە کە تێچووەکەى سێ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلارە و ١٠%یان تەواو کردووە و تائێستاش چاوەڕوانى ئەو پارانەن و ناتوانن پڕۆژەکانیان دەستپێبکەنەوە.

لە ماوەی ساڵانی قەیرانی داراییدا، حەوت بەڵێندەر لە سنووری پارێزگای هەولێردا خۆیان کوشتووە، بەدەیان بەڵێندەریش بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە ئەو قەرزانەی لەسەریان کەڵەکە بووە بیدەنەوە، هەرێمی کوردستانیان بەجێهێشتووە.

پرۆژە تەواو نەکراوەکان جگە لە کێشەی بەڵێندەران کێشەی بۆ هاوڵاتیانیش دروستکردووە، هێمن بابان یەکێکە لەو هاوڵاتیانەی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە خانووییەکی لە یەکێک لە پرۆژەکانی هەولێردا کڕیوە، بەڵام تائێستا کارەبای نیشتمانی نییە و کۆڵانەکەی قیرتاونەکراوە.

بڕیارە لەمساڵدا ٦٧ رۆژەی نیشتەجێبوون لەسەر بودجەی وەبەرهێنان، پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیان بۆ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا نزیکەی ٨٦٠ پرۆژە لە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەتی کارکردنیان هەیە، کە زۆربەیان کاریان تێدا ناکرێت، ئەوەش جگە لە زیانگەیاندن بە بەڵێندەران، بووەتە هۆی بێکاربوونی هەزاران کرێکار.

دەستەی وەبەرهێنان ئێستا چاوەڕێی ناردنی بەشە بودجەی هەرێمە، بۆئەوەی پارە بۆ پرۆژەکان خەرج بکرێت.

موخلیس سالم بەڕێوەبەری گشتی یاسایی و کارگێڕی و دارایی دەستەی وەبەرهێنانیش دەڵێت، زیاتر لە ١٠٥ پڕۆژەیان هەیە کەپێویستى بە گەیاندنى خزمەتگوزارى هەیە بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە خزمەتگوزارییەکان نەکەوتووەتە بوارى جێبەجێکردنەوە.

تەواونەکردنی بەشێک لە پرۆژەکان زیانی بە ژێرخانی ئابووری هەرێم گەیاندووە، ئەوەش ڕوون نییە کە حکومەت لەکاتی هاتنی بەشە بودجەی هەرێمدا، بە چ میکانیزمێک پارە بۆ پرۆژە تەواونەکراوەکان خەرجدەکات.

ئ.ر