سەردێڕ:

سلێمانی.. ١١ ئافرەت مۆڵەتی زانستی شەرعییان پێدرا

فۆتۆ: 
2019-02-26

15849 جار خوێندراوەتەوە

​ھەڵاڵە دوو رۆژە مۆڵەتی زانستی شەرعی وەرگرتووە و ھاوشێوەی مامۆستایانی ئاینی بووەتە مەلا و بۆ لەمەودواش دەتوانێت بەپێی رێساکانی ئاینی ئیسلام گرێبەستی ھاوسەرگیری لەنێوان گەنجاندا بکات و وەڵامی ئەو پرسیارە شەرعیانەش بداتەوە کە ژنان ھەیانە.


ھەڵاڵە دوو رۆژە مۆڵەتی زانستی شەرعی وەرگرتووە و ھاوشێوەی مامۆستایانی ئاینی بووەتە مەلا و بۆ لەمەودواش دەتوانێت بەپێی رێساکانی ئاینی ئیسلام گرێبەستی ھاوسەرگیری لەنێوان گەنجاندا بکات و وەڵامی ئەو پرسیارە شەرعیانەش بداتەوە کە ژنان ھەیانە.

 ھەڵاڵە محەمەد خاوەن بڕوانامەی زانستی شەرعی ده‌ڵێت، هیچ ده‌قێكی شه‌رعی  نییه‌ رێگری كردبێت له‌ ژنان كه‌ گرێبه‌ستی هاوسه‌رگیری بكه‌ن.

 تەنیا ھەڵاڵە خاوەنی ئەو بڕوانامەیە نیە، بەڵکو ١٠ ژنی تر کە  ١١ ساڵ لە حوجرە زانستە شەرعیەکانیان خوێندوە بڕوانامەکەیان وەرگرتوە و بۆلەمەودواش دەتوانن لەبوارەکانی ئاینی ئیسلام قسەبکەن و ئەگەر مزگەوتێکی تایبەت ھەبێت بەژنان وتاری ھەینیش بدەن.

 بڕوانامەکە لەلایەن دکتۆر ئەحمەد شافیعیەوە درایە ئەو ژنانە کە یەکێکە لەئەندامانی لیژنەی فەتوایە و باس لەوەشدەکات کارەکەی ئەوان لەچوارچێوەی ئاینی پیرۆزی ئیسلامدایە.

 ئەحمەد شافیعی ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوای یەکیەتی زانایانی ئیسلامی کوردستانیش باس له‌وه‌ ده‌كات، ئه‌و كاره‌یان شتێكی داهێنراو نییه‌ به‌ڵكو له‌ مێژوودا زانایان مۆڵه‌تیان داوه‌ به‌و كه‌سانه‌ی زانسته‌ شه‌رعییه‌كانیان خوێندووه‌.

 پێشتر ئەو کەسانەی حوجرەیان خوێندنیاندوە و ئەو بڕوانامەیان پێدراوە بەپێی پێویست لەمزگەوتەکان وەک وتاربێژ دانراون و کاری مەلایەتیان کردوە، بەڵام بۆ ئەو ژنانە  بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی سلێمانی باس لەوەدەکەن لەھیچ شوێنێکی ئەوقاف جێگەی ئەو خاوەن بڕوانامانە نابێتەوە و دەتوانن لەبواری حزبیدا ئەو زانستانەی فێری بوون بەکاری بھێنن .

 ھەڵاڵەو ھاوڕێکانی دوای وەرگرتنی بڕوانامەکەیان ئێستا چاویان لەسەر ئەوەیە بۆ بەستنی گرێبەستی ھاوسەرگیری بانگ بکرێن تا شانبەشانی پیاوان ئەو کارە بکەن و بەو ئەرکە ئاینیانە ھەستن کە تەنیا بۆ پیاوان بووە.

ئ.ر