چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا "پرۆژەى ماڵى مام" لە سلێمانى ڕاگەیەندرا، بەوەش جارێکى دیکە پیرۆزکردنى مەزارى سەرکردەکان سەریهەڵدایەوە و هەر زوو نیگەرانى و ناڕەزایی لێکەوتەوە.
چەند ڕۆژێک بەر لە ئێستا "پرۆژەى ماڵى مام" لە سلێمانى ڕاگەیەندرا، بەوەش جارێکى دیکە پیرۆزکردنى مەزارى سەرکردەکان سەریهەڵدایەوە و هەر زوو نیگەرانى و ناڕەزایی لێکەوتەوە.
جێبەجێکردنى پرۆژەى مام لەکاتێکدایە کە پێشتر بەرپرس و ئەندام و لایەنگرانى یەکێتى و تەنانەت خودى تاڵەبانى ڕەخنەیان لە ماڵى بارزانى دەگرت و باسى مەزارى نەمرانى بارزانیان دەکرد.
وەک ڕەخنەگران دەڵێن، ئێستا کە سەدەى ٢١ و ساڵى ٢٠١٩یە، تازە بە تازە، یەکێتى نەک بادینانیان ڕزگارنەکرد و نەک قەناعەتیان بە پارتى نەکرد کە خزمەتى میللەت لە پێش خزمەتى مردووەکانەوە بێت، ئەوەتا خۆیان دەیانەوێت سلێمانیش بلکێنن بە بارزانەوە و ئەمانیش وەکو ئەوان گۆڕ و مەزار و شوێنى گەورەیان هەبێت بۆ مردووەکانیان.
لە ئێستادا لە ناوچەى بارزان، خەڵک دەچن بۆ سەردانى گۆڕى بارزانى باوک، کە ناسراوە بە مەزارى نەمران، لە سلێمانیش خەڵکانێک هەن سەردانى گۆرى تاڵەبانى و سەرکردەکانى تر دەکەن.
لە وڵاتە دیکتاتۆرەکاندا بە دەیان ملیۆن دۆلار خەرجدەکرێت بۆ مردووەکان، بەڵام زیندووەکان ناخۆشترین ژیان و گوزەرانیان هەیە، چونکە هەر لە وڵاتى دیکتاتۆردا هاوڵاتى خێر لەخۆنەدیو، هەموو ژیانى تەرخاندەکات لەپێناو مانەوەى ئەو سەرکردە زیندووەى کە ژیانى بەمڕۆ گەیاندووە، کەچى هەرکاتێک سەرکردەکەیان دەمرێت، جارێکى تر ئەو هاوڵاتییانە ژیانیان بۆ داکۆکیکردن لەسەرکردە مردووەکان تەرخان دەکەن.
پەندێکى کوردى هەیە دەڵێت، (تێر ئاگاى لە برسى نییە)، لە کاتێکدا رێژەى هەژارى لە ئاستێکى مەترسیدار دایە و بەشێکى زۆرى هاووڵاتییان لە دۆخێکى نالەباردان، کەچى لەم کاتەدا ئەم پرۆژەیە راگەیەندرا.
پرۆژەکە لهسهر ڕووبهری ٨٠ دۆنم زەوى جێبهجێدهكرێت و لە چوار بەش پێکهاتووە:
یەکەم: مەزارى مام، لە مۆنۆمێنتێك بهبهرزی ٣٢ مهتر لهسهر ڕووبەرى دوو هەزار مەتر چوارگۆشە.
دووەم: بینایەکى شەش نهۆمى، لهسهر روبهری ٣٠ ههزار مهتر چوار گۆشە
سێیەم: سهكۆی ئازاد لهسهر ڕووبەرى ٥٠٠ مهتر چوارگۆشه.
چوارەم: دروستکردنى ڕووبەرێکى سهوزرایی، بۆ حهوانهوهی گهشتیاران.
بەپێى خەمڵاندنەکانیش بێت پرۆژەکە دەیان ملیۆن دۆلارى تێدەچێت.
دواى راگەیاندنى پرۆژەکە هەر زوو ڕووبەرووى رەخنەى فراوانى خەڵک بووەوە و دەڵێن، ئایا پرۆژەیەکى وا پێویستە یان باشکردنى گوزەرانى خەڵک و چاکسازیکردن لە قوتابخانە و رێگاوبانەکان و نەخۆشخانە و چارەسەرکردنى کەموکورتییەکانى ئاو و کارەبا و زۆر کەموکورتى ترى ئەم هەرێمە.
هاوڵاتییەک لە فەیسبوک نوسیویەتى، ئەى نەیان ووت قەیرانە، ئیتر ئەم هەموو دەفتەر دۆلارەیان لە کوێ بوو؟
هاوڵاتییەکى دیکە نوسیویەتى، یەک بست زەویم نییە و لە خانوویەکى قوڕى کرێدام و، یەک فلس موچەم نییە و خاوەنى دوو منداڵم و ناتوانم بە دڵى خۆم شت بۆ منداڵەکانم بکرم، کەچى ئەوان پرۆژەى زەبەلاح ئەنجامدەدەن.
راگەیاندنى ئەم پرۆژەیە لە کاتێکدایە، بەپێى ئامارەکان دەستەى ئامار، لە سەدا ١٦ى هاوڵاتیانى هەرێم لە ژێر هێڵى هەژارییەوەن.
بەپێى ئامارەکانى هاتووچۆى هەرێم، بەهۆى خراپى رێگاوبانەکان، ساڵانە زیاتر لە چوار هەزار ڕووداوى هاتووچۆ ڕوودەدات، ئەگەر تەنها ساڵى ٢٠١٨ بە نمونە وەربگرین، ٦٥٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، چوار هەزار و ٨٤٤ کەسیش بریندار بوون.
کەرتى تەندروستى هەرێم بەشێوەیەک خراپە، تەنانەت وەک وەزیرى تەندروستى دەڵێت، حکومەت پارەى سندوقى شێرپەنجەى داوە بە موچەى فەرمانبەران.
تائێستا حکومەت نەیتوانیووە بە تەواوەتى کێشەى ئاو و کارەبا چارەسەر بکات، رۆژانە تەنها هەشت کاتژمێر کارەباى نیشتیمانى دەدرێت بە هاوڵاتیان، تا ئێستاش لە بەشێکى گەڕەکەکاندا چەند رۆژ جارێک ئاو دەدرێت بە هاوڵاتیان.
حکومەتى هەرێم بەبیانووى قەیرانى داراییەوە، موچەى فەرمانبەرانیان پاشەکەوت کردووە، بەشێکى زۆرى پرۆژە خزمەتگوزارییەکانیش راگیراوە.
ئ.ر