سەردێڕ:

سلێمانى.. چیرۆکی ئەو گەنجەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا کوژرا

چیرۆکی ئەو گەنجەی لە ڕۆژی هاوسەرگیرییەکەیدا کوژرا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-22

112554 جار خوێندراوەتەوە

لەو کاتەوە کە هەواڵى کوژرانى کوڕەکەیی پێگەیشتووە، دایکى محەمەد لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرێ و خەمى لەدەستدانى کوڕەکەى تەواوى پەرێشانى کردووە.


لەو کاتەوە کە هەواڵى کوژرانى کوڕەکەیی پێگەیشتووە، دایکى محەمەد لە هیچ شوێنێک ئۆقرە ناگرێ و خەمى لەدەستدانى کوڕەکەى تەواوى پەرێشانى کردووە.

"ژیان زۆر کورتە، شایەنی ڕق و حەسوودی نییە، پەشیمانبوونەوە لە دوای ئەوەی کەسێکی نزیکمان لەدەستدەدەین هیچ سوودێکی نییە." ئەمە دواین پۆستی محەمەدە لە فەیسبووک، بێ ئاگا لەوەی ئێستا خۆی بووە بە ئازیزێکی لەدەستچووی کەسە نزیکەکانی.

محەمەدى تەمەن ٢٩ ساڵ کە خەڵکى سەیدسادقە و لە سلێمانى دەمایەوە، ماوەى ٢٠ ڕۆژ بوو ئەڵقەى دەستگیرانى لەگەڵ شۆخان گۆڕیبووەوە، هەردووکیان سەرجەم ئامادەکارییەکانیان بۆ ڕۆژى هاوسەرگیرییان تەواوکردبوو، بەڵام مەرگى محەمەد ڕێگەینەدا بەیەکبگەن.

شۆخان عەلی دەستگیرانی محەمەد دەڵێت، تاوەکو ١١ و ٣٠ خولەکى شەو قسەیان بەیەکەوە کردووە و هیچ کێشەیەکى نەبووە، دواتر نامەیەکى بۆ ناردووە، بەڵام وەڵامى نەداوەتەوە، ڕۆژى دواتر چوونە شوێنى مانەوەى زانییان لە ژوورێکى سەرەوەدا کوژرابوو.

لە ڕووکاری دەرەوەی ماڵەکەی محەمەد کە بڕیاربوو ئەو ڕۆژەى تیایدا کوژرا ئاهەنگى هاوسەرگیرییەکەى لێ بگێڕێت، ئاسەوارى فیشەک نابینرێت، ئەوەی دەبینرێت تەنها یەک پەنجەرەی لای چەپی ماڵەکەیەتی کە کراوەتەوە، کەسوکارەکەشی دەڵێن، کوڕەکەیان گرفتی نەبووە و کێشەی کۆمەڵایەتیشیان لەگەڵ کەسدا نییە.

حسێن محەمەد باوکی گەنجە کوژراوەکە دەڵێت، کوڕەکەى سەرقاڵى لەفە فرۆشتن بووە و کێشەیان لەگەڵ کەسدا نەبووە.

محەمەد ماوەیەکبوو لەو خانووەدا کرێچى بوو کە تێیدا دەمایەوە، بڕیاریشبوو دواى هاوسەرگیری هەر لەو شوێنەدا نیشتەجێبێت. دراوسێکانیشى دەڵێن، کەسێکى بێدەنگ بووە و بەیانیان دەچووە سەر کار و نیوەڕوانیش دەگەڕایەوە.

تا ئیستا پۆلیس هیچ سەرەداوێکى دەستنەکەوتووە لەسەر کوژرانى محەمەد و کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە.

سەرکەوت ئەحمەد بەڕێوەبەرى ڕاگەیاندنى پۆلیسى سلێمانى بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، تیمەکانى بەڵگەى تاوان چوونەتە شوێنى ڕووداوەکە و بەڵگەکانیان کۆکردووەتەوە، لێکۆڵینەوەش لە ڕووداوەکە بەردەوامە.

بەپێی ڕاپۆرتى پزیشکى دادوەرى سلێمانی، تەرمى محەمەد ئاسەواری پێنج فیشەکى پێوەبووە، بەڵام تا ئێستا ڕووداوەکە بە ناڕوونى ماوەتەوە و کەسوکارەکەشى ئومێدیان لەسەر لێکۆڵینەوەکانى پۆلیس هەڵچنیوە تا وردەکاریی ڕووداوەکەیان بۆ ڕوون ببێتەوە.

ئ.ر