سەردێڕ:

دانیشتووانی چەند گوندێک لە کۆیە بە زاراوەیەکی جیاواز قسەدەکەن

دانیشتووانی چەند گوندێک لە کۆیە بە زاراوەیەکی جیاواز قسەدەکەن
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-21

26925 جار خوێندراوەتەوە

چەند گوندێک لە سنوری ناحیەی سێگردکانی سەربە قەزای کۆیە، جیاواز لەگەڵ دانیشتووانی تری قەزاکە زاراوەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و، زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە قسەی پێ دەکەن.


چەند گوندێک لە سنوری ناحیەی سێگردکانی سەربە قەزای کۆیە، جیاواز لەگەڵ دانیشتووانی تری قەزاکە زاراوەیەکی تایبەت بە خۆیان هەیە و، زیاتر لە ٣٠٠ ساڵە قسەی پێ دەکەن.

گوندی ئۆمەرگومبەت بە دایکی ئەو گوندانە دادەنرێت کە دانیشتووانەکانیان بە زاراوەی لوڕی قسەدەکەن و لەوێوە گوازراوەتەوە بۆ گوندەکانی دیکە.

مام کاکەمەد یەکێکە لە پیاوە بەتەمەنەکانی گوندەکە و دەڵێت، ئەوان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوون و زاراوەکەشیان تا ئێستا پاراستووە.

بەپێی بەشێک لە سەرچاوە مێژووییەکان بێت، بەهۆی بارودۆخی سیاسی و پاراستنی گیانیان، لە ساڵانی دوای ١٧٠٠ چەند بنەماڵەیەک لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتوونەتە ئەم سنورە، کە جوگرافیایەکی سەخت و شاراوە و ئارام بووە  بۆ ئەو سەردەمە و جگە لە زمانی قسەکردنیش، کەلتور و داب و نەریتەکەشیان لەگەڵ خۆیان هێناوە و تا ئێستاش پارێزگاریی لێ دەکەن.

هەرچەندە ئێستا بەشێک لە هاوڵاتییانی ئەو گوندانە لە شارەکان دەژین، بەڵام ژیانی شار زاراوە لوڕییەکەیانی لەبیرنەبردوونەتەوە و، تەنانەت منداڵەکانیشیان هەر بەو زاراوەیە ڕادەهێنن تا قسەی پێ بکە.

لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکدا و لە زانکۆی کۆیە، لە بەشی زمانی کوردی وۆرک شۆپێک ڕێکخراوە، کە کوڕان بە جلی کوردی جامانەوە و کچانیش بە جلی ئاڵ و واڵای کوردییەوە لە وۆرک شۆپەکەدا بەشدارییان کردووە.

هیوا سەلام پسپۆڕ لە بواری زمانی کوردی سەبارەت بەوە دەڵێت، لە هەرێمى کوردستان زمان لە خزمەتى سیاسەت بەکاردێت، حزبە سیاسییەکان ئەو لایەنەیان قوڵکردووەتەوە لەپێناو بەرژەوەندیی سیاسی و دەنگى خۆیان.

زمانی کوردی لە چوار زار پێکهاتووە کە بریتین لە زاری  کرمانجی سەروو  کرمانجی باشور و کرمانجی ناوەڕاست و زاری هەورامی. ئەو زارانەش دابەشبوون بەسەر ١٩ شێوەزارەوە.

ناساندنی ڕۆژێکی جیهانی بۆ زمانی دایک لەلایەن یونسکۆوە دیاریکراوە، کە دەگەڕێتەوە بۆ ڕاپەڕینی بەنگالییەکان لە بەنگلادیش، کە داوایاندەکرد بە زمانی دایکیی خۆیان بخوێنن.

ئ.ر