سەردێڕ:

وردەکارییەکانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ڕێککەوتنى پارتى و گۆڕان

پەرلەمانى کوردستان
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-18

4919 جار خوێندراوەتەوە

لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی شوباتی پەرلەماندا، کە تایبەتبوو بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا فراکسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ کاندیدیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەبوو کە بەمجۆرە بوو:


لە دانیشتنەکەی ڕۆژی ١٨ی شوباتی پەرلەماندا، کە تایبەتبوو بە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، تەنیا فراکسیۆنی پارتی و نەوەی نوێ کاندیدیان بۆ دەستەی سەرۆکایەتی هەبوو کە بەمجۆرە بوو:

بۆ پۆستى سەرۆکی پەرلەمان دوو کاندید هەبوون، کە ئەوانیش ڤالا فەرید کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان و هەروەها سیپان سالم کاندیدی نەوەى نوێ بوون، دواتر ڤالا فەرید بە بەدەستهێنانى ٦٤ دەنگ بوو بە سەرۆکی پەرلەمان، کە دەنگەکان هی پەرلەمانتارانى پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکان بوون، سیپیان سالم کاندیدی نەوەی نوێش هەشت دەنگی بەدەستهێنا، کە تەنها دەنگی پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوون و، سێ دەنگى سپیش هەبوون.

بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە هێمن هەورامی لە پارتی و کاوە عەبدولقادر لە نەوەى نوێ کاندید بوون، هێمن هەورامی توانی ٦٨ دەنگ بەدەستبهێنێت بەمشێوەیە، ٤٥ دەنگی پارتی، ١٢ دەنگی گۆڕان، دەنگی پێکهاتەکان، یەک دەنگی سۆسیالیست، تەنها یەک کەس لە پێکهاتەکان دەنگی بە هێمن هەورامی نەداوە، ئەویش مەسیحییە و نزیک نییە لە پارتی.

هاوکات کاوە عەبدولقادر کاندیدی نەوەی نوێ هەشت دەنگی بەدەستهێنا، کە سەرجەمیان پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ بوون.

بۆ جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانیش هەریەکە لە مونا قەهوەچی کاندیدی فراکسیۆنە تورکمانییەکان و مژدە مەحمود کاندیدی نەوەى نوێ بوون، دواتر مونا قەهوەچی توانی ٦٠ دەنگى ئەندامانى پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکان بەدەستبهێنێت و، مژدە مەحمودیش کاندیدی نەوەی نوێ هەشت دەنگی بەدەستهێنا.

وەک لە ئەنجامى دەنگدانەکانى هەڵبژاردنى دەستەى سەرۆکایەتیی پەرلەمانیشدا دەردەکەوێت، ئەوە ڕوون دەبێتەوە بۆ هەریەکە لە پۆستەکانى سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانى، پەرلەمانتارەکانى پارتی و گۆڕان و پێکهاتەکان دەنگیان بە یەک کاندید داوە و، تەنها ئەوانەى نەوەى نوێ دەنگیان بە کاندیدەکانی خۆیان داوە.

ئ.ر