سەردێڕ:

کاندیدى سەرۆکى کابینەى داهاتووى حکومەت لە گەرمەی دانوستانەکاندا لە دەرەوەی هەرێمە

کاندیدى سەرۆکى کابینەى داهاتووى حکومەت لە گەرمەی دانوستانەکاندا لە دەرەوەی هەرێمە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-16

6987 جار خوێندراوەتەوە

​ڕۆژەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت زیاتر دەبن، بەڵام ئێستا خەریکە ڕوخسار و پێکهاتەی کابینەکە و بەرکەوتەی لایەنەکان ڕووندەبێتەوە.


ڕۆژەکانی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت زیاتر دەبن، بەڵام ئێستا خەریکە ڕوخسار و پێکهاتەی کابینەکە و بەرکەوتەی لایەنەکان ڕووندەبێتەوە.

ئەو سەردان و گەرم و گوڕییانەى کە ماوەیەکى زۆرە چەند لایەنێکى هەرێمى بەخۆیەوە سەرقاڵکردووە، ئەوەندەى نەماوە بگاتە قۆناغى کۆتایى، بەتایبەت لەم ڕۆژانەدا هەم لایەنى براوەى هەڵبژاردن و هەم ئەو لایەنانەى دیکە کە خواستى بەشداریکردنیان لە حکومەتدا هەیە. سەردان و دانیشتنەکانیان بۆلای یەکترى زۆر چڕکردەوە.

لە دواى هەڵبژاردنەوە چەند گەڕێکى دانوستان لە نێوان لایەنەکاندا بەڕێوەچووە، هەندێک کات پارتی سەردانى لایەنەکانى دەکرد و هەندێک کاتیش ئەو لایەنانەى کە خواستى بەشداریکردنیان لە حکومەتدا هەبوو دەچوونە بارەگاکانی پارتی، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنج بوو، ئەوەبوو ئەو کەسایەتییەى بەبێ ڕکابەر کورسى چوار ساڵى سەرۆکایەتى حکومەتى بۆ دانراوە، تەنیا لە دوو گەڕى دانیشتنى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەتدا، بەشداریی کۆبوونەوەکانی کردووە.

ڕەخنەگرانى دۆخى هەرێم دەڵێن، لە دونیاى دیموکراسیدا و لە تەواوى وڵاتانى دونیادا لایەنى براوە و کەسى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، خۆى سەردانى حزبە سیاسییەکان دەکات و ئۆفەرى بەشداریکردنیان لە حکومەتدا پێشکەشدەکات، بەڵام لە هەرێمدا مەسرور بارزانى کوڕە گەورەى مەسعود بارزانى، کە کەسى ڕاسپێردراوە بۆ پێکهێنانى حکومەت، نەک سەردانى لایەنەکانى نەکرد، بەڵکو لە گەرمەى گەڕى دانیشتنەکانى حکومەتدا، هەرێمى کوردستانى جێهێشتووە و سەردانى وڵاتانى دەرەوەى کردووە، بۆیە ئێستا قورسایى کۆڕ و کۆبوونەوەکانى گواستووەتەوە بۆ وڵاتانى دەرەوە.

چاودێران دەڵێن، ئەگەر سەیرى عێراق بکرێت ئەوا لە ماوەى سەردەمى حوکمڕانیى نورى مالیکى و حەیدەر عەبادى و دواهەمینیشیان عادل عەبدولمەهدیدا، خۆیان وەک کەسى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەت یەک یەک سەردانى لایەنەکانیان دەکرد و لە سەرەتاوە تا کۆتایى بەشداربوون لە گەڕى دانوستانەکانى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەتدا، واتە ئەو کەسەى کە کورسیی حوکمڕانیى چوارساڵى داهاتوو وەردەگرێت، دەبێت کارەکتەرى بنەڕەتیی سەردان و گەڕى دانوستانەکان خۆی بێت، نەک کەسایەتییەکانى دیکەى حزبەکەى.

بەشدارینەکردنى مەسرور بارزانى لە دانیشتنەکانى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت هەر زوو کاردانەوەى بەشێک لە هاوڵاتییانى بەدواى خۆیدا هێنا و بە تەنزەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەڵێن، وەک ئەوە وایە کەسێک بیەوێت بچێتە ژیانى هاوسەرییەوە، بەڵام ئامادە نەبێت خۆى بەشداریى لە پرۆسەى هاوسەرگیرییەکەدا بکات و کەسێکى دیکە لە جێگەى خۆى ڕاسپێرێت.

ئ.ر