سەردێڕ:

ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ بەسەر دەستگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجەلاندا تێپەڕی

وێنەیەکی ئۆجەلان بە دەستگیرکراوی لە فڕۆکەکەدا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
2019-02-15

17211 جار خوێندراوەتەوە

ئۆجەلان.. ئەو سەرکردەیەی کورد کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئیمرالی زیندانییە و، لە ٢٠١٦وە حکومەتی تورکیا جگە لە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو کە ڕێگە بە محەمەدی برای درا دیدارێکی کورتی نیو کاتژمێریی لەگەڵدا ئەنجامبدات، ڕێگای نەداوە کەسوکارەکەی چاویان پێیبکەوێت.


ئۆجەلان.. ئەو سەرکردەیەی کورد کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە ئیمرالی زیندانییە و، لە ٢٠١٦وە حکومەتی تورکیا جگە لە ڕۆژی ١٢ی مانگی ڕابردوو کە ڕێگە بە محەمەدی برای درا دیدارێکی کورتی نیو کاتژمێریی لەگەڵدا ئەنجامبدات، ڕێگای نەداوە کەسوکارەکەی چاویان پێیبکەوێت.

عەبدوڵا عومەر عەبدوڵا، ناسراو بە ئۆجەلان، لە ٤ى نیسانى ساڵى ١٩٤٩ لە گوندى (ئامارا)ى سەربە شارى (ڕوحا) لە باکورى کوردستان لەدایکبووە.

ئۆجەلان لە زانکۆی ئەنقەرە زانستی سیاسیی خوێندووە و لەوێوە بە بیرى سۆسیالیستى ئاشنابووە و، لە ٢٧ى تشرینى دووەمى ساڵى ١٩٧٨دا، لەگەڵ ٢٢ هاوڕێیدا، پارتى کرێکارانى کوردستانیان دامەزراند، دوای ساڵێکیش بەهۆی دەستگیرکردنی ئەندامانی حزبەکەوە، ئۆجەلان و بەشێک لە هاوڕێکانی تورکیایان بەجێهێشت، بەڵام ١٠ کەس لە دامەزرێنەرانی حزبەکەیان لە تورکیا دەستگیرکران و بەهۆى مانگرتنیان لە خواردن، لە زیندانى ئامەد گیانیان لەدەستدا.

پێش دەستگیرکردنی لە ساڵی ١٩٩٩، ئۆجالان لە سوریا دەژیا، ساڵی ١٩٩٨ دیمەشق و ئەنقەرە لەسەر دەرکردنی ئۆجالان لەو وڵاتە ڕێککەوتن، سوریا ئۆجەلانی ناچارکرد کە خاکی وڵاتەکەی بەجێبھێڵێت، دواتر ئۆجەلان ڕوویکردە ڕوسیا، بەڵام حکومەتى ئەو وڵاتە ڕێگاى مانەوەى پێنەدا.

دواتر ئۆجەلان چووە ئەوروپا، بەڵام  ئەڵمانیا، فەڕەنسا و هۆڵەنداش ڕێگەیان پێنەدا بچێتە وڵاتەکانیان، بەڵام حکومەتى یۆنان بۆ ماوەیەک ڕێگەى بە مانەوەى ئۆجەلان دا، دواتر لە ماوەیەکى کورتدا داواى ڕۆیشتنە دەرەوەى لە ئۆجەلان کرد و لەسەر پێشنیازى حکومەتى یۆنان و بۆ هێوربوونەوەى دۆخەکە، ئۆجەلان نێردرا بۆ باڵیۆزخانەى یۆنان لە کینیا.

لە ڕۆژى ١٥ى شوباتى ١٩٩٩ لە شارى نایرۆبیی پایتەختى کینیا هێرشکرایە سەر کاروانى ئۆتۆمبێلەکانى و لە دواى بێهۆشکردنى ڕفێندرا بۆ تورکیا.

دوای دەستگیرکردنیشی دادگای تورکیا لە ٢٨ی نیسانی ساڵی ١٩٩٩ بە تۆمەتى "خیانەتکردن لە نیشتمان" سزای لەسێدارەدانیشی بۆ دەرکرد، بەڵام دواتر سزاکە گۆڕدرا بۆ زیندانی هەتا هەتایی.

لە زیندانی ئیمرالییەوە ئۆجەلان لە نەورۆزى ٢٠١٣دا پرۆسەی ئاشتیی ڕاگەیاند، تا مانگى ئابی ٢٠١٥ شەڕ و پێکدادانەکان وەستێنران، بەڵام پرۆسەى ئاشتى جێبەجێنەکرا و شەڕ دەستیپێکردەوە.

ئۆجەلان لە ماوەی مانەوەیدا لە زیندانی ئیمرالی ١٦ کتێبی نوسیوە و، لە ڕێگەی پەیام و کتێبەکانییەوە، کە ئاراستەی سیاسیی حزبەکەی دیاریدەکات، وەک بڕیاردەرى کۆتایى پرسى کورد لە باکورى کوردستان مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ع.م