سەردێڕ:

ڕێژەی توشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان سێ هێندە زیادیکردووە

فۆتۆ: 
2019-02-10

2503 جار خوێندراوەتەوە

بە پێی بە دواداچونێکی ئێن ئاڕ تی لەماوەی ٤ ساڵی رابردوودا رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان سێ هێندە زیادیکردووە.


بە پێی بە دواداچونێکی ئێن ئاڕ تی لەماوەی ٤ ساڵی رابردوودا رێژەی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان سێ هێندە زیادیکردووە.

لەو ماوەیەدا ئامارەکانی توشبوون بە شێرپەنجە لە هەرێمی کوردستان بەمشێوەیە زیادیکردووە،  لە ساڵى ٢٠١٥دا لە هەرێم هەزار و ٧٤٨ کەس توشى شێرپەنجە بوون، لە کاتێکدا لە ساڵى ٢٠١٦دا ئامارەکە بۆ دوو هەزار و ٦٧٦ بەرزبووەتەوە.

سەبارەت بە ساڵى ٢٠١٧ دا ژمارەی توشبوان بەو  نەخۆشییە گەیشتووەتە دوو هەزار و ٤٦١ کەس، بەڵام بۆ ساڵى ٢٠١٨ و بەپێى ئامارەکان ڕێژەی توشبوانى شێرپەنجە بۆ پێنج هەزار و ٦٨٠ کەس بەرزبووەتەوە.

واتە لە ماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا ڕێژەى توشبوانى شێرپەنجە لە سەدا ٣٣٥ لە هەرێم زیادیکردوە.

هەر بەپێى ئامارەکان لە هەرێم،  بۆ هەر هەزار کەسێک، یەکێکیان توشبووى شێرپەنجەیە، بەڵام لە جیهاندا بۆ هەر ٥٥٠ کەس یەکێکیان توشبوى شێرپەنجەیە، واتە بەپێى ستانداردى جیهانى لە هەرێم کەمتر توشبوو هەیە.

بەوتەى وەزیرى تەندروستى هەرێم بەشێک لە نەخۆشانى شێرپەنجە کە نیشتەجێى ناوەڕاست و باشوری عێراقن لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و چارەسەریان وەرگرتووە، هەربۆیە لە ساڵى ٢٠١٣ەوە حکومەتى عێراق لە ناردنى سەدا حەڤدەى بەشە دەرمانى هەرێمى کوردستان بەردەوامە.

پسپۆرانى تەندروستیى هۆكارەکانى زیادبونی شێرپەنجە لە جیهاندا بۆ هۆکارە ژینگەییەکان کە بەهۆى دوکەڵ و پاشماوەى کارگەکانەوە پیس بووە و شێوازی ژیانی نادروست و جۆری خواردنەکان و جۆری هەڵسوکەوتی مرۆڤەکان و جگەرەکێشان و مەی خواردنەوە و کێشانی نێرگەلە دەگەڕێننەوە.

بەپێى تازەترین ئامار لە ئێسادا زیاتر لە ١٨ ملیۆن و ١٠٠ هەزار کەس لە جیهاندا توشى نەخۆشیی شێرپەنجە بوون.

رێکخراوى تەندروستیی جیهان (WHO) رایگەیاند، لە ٨ پیاو کە گیان لەدەستدەدەن، پیاوێکیان بەهۆی شێرپەنجەوە بووە، بەڵام لە هەر ١١ ژن کە گیان لەدەستدەدەن، یەکێکیان بەهۆی نەخۆشیى شێرپەنجەوە بووە.