سەردێڕ:

چیرۆکی ژیان و زیندانیکردنی ئەحمەدی موفتی زادە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە

ئەحمەدی موفتی‌ زادە لەساڵى ١٩٣٣ لە گوندى دشەیی شارۆچکەى پاوەى پارێزگاى سنە ل لەدایکبووە.
فۆتۆ: 
2019-02-10

4483 جار خوێندراوەتەوە

​کەمجار ڕێكکەوتووە چەندین تایبەتمەندى گرنگ لە کەسێکدا کۆببێتەوە و ببێت بە سەرمەشقى بەشێک لە نەتەوەکەى.


 کەمجار ڕێكکەوتووە چەندین تایبەتمەندى گرنگ لە کەسێکدا کۆببێتەوە و ببێت بە سەرمەشقى بەشێک لە نەتەوەکەى.

ئەحمەدی موفتی زادە، بیرمەندی ئاینی و شاعیر و سیاسی، یەکێکە لەو کەسانەی بەهۆى هەڵوێستەکانییەوە زیاتر لە ١٠ ساڵ لەلایەن کۆمارى ئیسلامی ئێران لە زیندانى تاکەکەسیدا ئەشکەنجەدراوە و زیاتر لە ساڵیکیش لەلایەن ڕژێمى شاى ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

ئەحمەدی مەلا مەحموودی موفتی‌ زادە، ناسراو بە کاک ئەحمەد، لەساڵى  ١٩٣٣ لە گوندى دشەیی شارۆچکەى پاوەى سەر بە پارێزگاى سنە لە ڕۆژھەلاتی کوردستان لەدایکبووە.

لە تەمەنى چواردە ساڵیدا ڕوویکردووەتە باشورى کوردستان و لە حوجرەکانى بیارە و تەوێڵە و سلێمانى وانە ئاینییەکانى ئەو سەردەمەی خوێندووە، لە تەمەنى ٢٣ ساڵیدا بووە بە مامۆستا لە بەشی زانستە ئاینییەکانى زانکۆى تاران و لەبەر کەمى تەمەنى بەناوى باوکى یەوە وانەکانى وتوەتەوە.

بۆ یەکەمجار بیرۆکەى کردنەوەى زانکۆى سنە لەلایەن ئەحمەدى موفتى زادەوە دادەنرێت.

 موفتی‌ زادە کاتێک لە زانکۆى تاران مامۆستا بووە، لەگەڵ چەند شارەزایەکى زمانی کوردیدا رۆژنامەی کوردستانیان دەرکرد و بڵاویانکردەوە، هاوکات لە بەشی کوردی رادیۆى تاران کاریکردووە.

موفتی زادە، بەرپرسى پەیوەندیەکانى حزبى دیموکراتى کوردستان بووە لەنێوان تورکیا و ئێراندا، بەوهۆیەوە لە تەمەنى٣٠ ساڵیدا لەلایەن ساواکەوە دەستگیرکراوە و زیاتر لە ساڵێک زیندانى کراوە.

زیندانیکردن دەستپێکی گۆڕانکاری بووە لە هزر و بیرکردنەوەیدا و بووە بە عەلامەیەکى ئاینى و نەتەوەیی و وەک رێبەرى ئاینیى و شاعیر ناوبانگى دەرکرد.

لە دوای ئازادبوونی لە زیندان، بەهۆى چالاکییەکانییەوە لەلایەن حکومەتى شاى ئێرانەوە گەمارۆی سیاسی و ئابووری خراوەتە سەر لە ماڵەکەى خۆیدا لە شارى سنە، بەجۆرێک هەژاری تەنگی پێهەڵچنی، هاوکات لەلایەن ڕژێمى شاى ئێرانەوە چەندین پلە و پۆستى بۆ پێشنیازکرا، بەڵام ڕەتیکردەوە، ئەم هەڵوێستەش پێگەی لەناو خەڵکدا بەهێزترکرد.

موفتی زادە لە سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا، لە ساڵى ١٩٧٩ ڕێبەری بەشێکی خەڵکی لە پارێزگای سنەى کرد و ڕۆڵی هەبوو لە سەرهەڵدانی شۆڕش.

بەهۆى ڕێبەرایەتیکردنى رەوتێکی میانڕەوی مەزهەبی و نەتەوەیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە زۆربەی کۆڕ و کۆبوونەوەکانی سەردەمی شۆڕشی گەلانی ئێراندا بەشداربووە و ویستوویەتى مافەکانی کورد لە ئێراندا بچەسپێنێت.

بەڵام دواى دروستبوونى کۆمارى ئیسلامى ئێران و جێبەجێنەکردنى داواکانى کورد، ئەحمەدى موفتى زادە بەرهەڵستى سەرکوتکردنى کوردى کردووە، بەوهۆیەوە لە تەمەنى ٤٩ ساڵیدا دەستگیرکراوە و گوازراوەتەوە بۆ زیندانی ئێوین لە تاران.

ئەحمەدی موفتی زادە، دوای ١٠ ساڵ زیندان و ئەشکەنجە و ئازار، توشى چەندین نەخۆشی کوشندە بووە، خۆشی دەڵێت، لە زینداندا تۆڵەی هەموو کورد و سوننەیان لەو کردووەتەوە، لە ساڵى ١٩٩٣ ئازادبووە و پاش ماوەیەک لە ئازادکردنى لە رۆژى ٩ى شوباتى هەمان ساڵ و تەمەنى ٦٠ ساڵیدا لە تاران کۆچى دوایی کرد.

موفتى زادە لە زینداندا چەندین کتێبى لەبوارەکانى شیعر، ئەدەب، ئاین، فەلسەفە، سیاسی، ئابووری و پەروەردەدا نوسیوە، جگە لەوەى زیاتر لە ٣٠٠ تۆماری دەنگى لەو بوارانەدا تۆمارکردووە.

لە یەکێک لە وتە بەناوبانگەکانیدا دەڵێت، ئەگەرکەسێک لەناخەوە ئازاد بوو، تەواوی دەسەڵاتی دونیا بیانەوێت ژێردەستەی بکەن ناتوانن، بە پێچەوانەشەوە، ئەگەر کەسێک لەناخەوە کۆیلە بوو، تەواوی دونیا بیانەوێت ئازادی بکەن ناتوانن، هەروەها وەسییەتی بۆ هاوبیرانی کردووە، لەخوا نەبێت لە هیچ کەسێک نەترسن.

ئ.ر