زەویە کشتووکاڵییەکانی کەرکوک کە لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ وە زۆرترین کێشەیان لەسەر دروستبووە، له ئێستادا پاش دروستکردنی لیژنەیەک لە پێکهاتەکان و چەندین سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، نزیکبوونەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
زەویە کشتووکاڵییەکانی کەرکوک کە لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ وە زۆرترین کێشەیان لەسەر دروستبووە، له ئێستادا پاش دروستکردنی لیژنەیەک لە پێکهاتەکان و چەندین سەردانی بەغدا و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، نزیکبوونەتەوە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
ڕاکان جبووری پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان دوو هەفتە جارێک سەردانی بەغدا دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی و هەر پێکهاتەیەک گرێبەستى هەیە زەوییەکەى بۆدەگەڕێتەوە، ئەو ناوچانەشى داخراون لەڕووى نەتەوەییەوە چارەسەردەکرێن.
پێشتریش لیژنەی پێکهاتەکانی کەرکوک لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکایەتی کۆمار و نوێنەری وەزارەتی داد و بەڕێوەبەرایەتی زەوییە کشتوکاڵییەکان، زەوییەکان بۆ چەند ناوچەیەک پۆلێنکران، ئەو ناوچانەی تەواوی دانیشتوانەکەی کوردن وەکو شوان و قەرەهەنجیر و بەشێک لە ناحیەی پردێ و سەرگەڕان، زەوییەکان بگەڕێندرێنەوە بۆ هاووڵاتییه کوردەکان و زەوی ناوچەکانی لەیلان و داقوق کە چەند پێکهاتەیەکی تێدایە دەگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەن گرێبەستەکانی پێش گۆڕانکاری دیمۆگرافی ساڵانی نەوەدەکان کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کراوە.
زوهێر عەلی بەڕێوەبەری کشتوکاڵی کەرکوک دەڵێت، چاوەڕێ دەکەن، ڕێكکەوتنی نێوان پێکهاتەکان و حکومەتی عێراق بکرێتە بڕیار بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و داندەدرێت بەگرێبەستەکانى پێش ساڵانى نەوەدەکان، هەموو پێکهاتەیەک مافى خۆى وەردەگرێت.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو لیژنەی چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان، جارێکی دیکە سەردانی بەغدا بکات و ناوەڕۆکی ڕێککەوتنی نێوان پێکهاتەکان و حکومەتی عێراق بۆ چارەسەرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکان بکرێتە بڕیار و ڕەوانەی ئیدارەی پارێزگاکە بکرێت بەمەبەستی کارپێکردنی.
ئ.ر