سەردێڕ:

عێراق و تورکیا دەیانەوێت سێ بەنداو لە هەرێم دروست بکەن

زیاتر لە یەک ملیار مەتر سێجا ئاو دەگرن
عێراق و تورکیا دەیانەوێت سێ بەنداو لە هەرێم دروست بکەن
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-09

19739 جار خوێندراوەتەوە

​عێراق و تورکیا لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو لە دەڤەری بارزان و مزووری گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، کە هەرسێکیان یەک ملیار و ١٥٠ ملیۆن مەتر سێجا، ئاو دەگرێت و ماستەرپلانی بەنداوەکان تەواوبووە.


عێراق و تورکیا لەسەر دروستکردنی سێ بەنداو لە دەڤەری بارزان و مزووری گەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی سەرەتایی، کە هەرسێکیان یەک ملیار و ١٥٠ ملیۆن مەتر سێجا، ئاو دەگرێت و ماستەرپلانی بەنداوەکان تەواوبووە.

ئەکرەم ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێم دەڵێت، دروستکردنی ئەو سێ بەنداوە، جگە لە کۆکردنەوەی ئاو ١٥٥ مێگاوات کارەباش بەرهەم دەهێنێت ئەوەش لەسەر داواى حکومەتى تورکیا بووە.

بەنداوی یەکەمیان ٢٤٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ٥٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەنداوی دووەمیان ٦٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ٨٠ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت، بەنداوی سێیەمیش ٢٤٠ مەتر سێجا ئاو دەگرێت و ٢٥ مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت.

مەجید کاکەڕەش ئەندازیاری ژینگە و ئاو، باس لەوە دەکات گرنگە حکومەتی هەرێم کارئاسانی بکات بۆ دروستکردنی بەنداوەکان، چونکە جگە لە سوودەکانی بۆ زیادبوونی ئاوی سەر زەوی و بەرهەمهێنانی کارەبا، دەبێتە دەرفەتی کارکردن بۆ بەشێک لە هاووڵاتییان.

ئومێد ئەحمەد بەڕێوەبەری کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم ئامادەیی وەزارەتی کارەبای دەربڕى، کە دوای تەواوبوونیان وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا لەسەر بەنداوەکان دابنێت و، بەرهەمی کارەبای بەنداوەکان بخاتە سەر کارەبای نیشتمانی.

لە دروستکردنی ئەو سێ بەنداوە، هیچ خەرجییەک ناکەوێتە سەر شانی حکومەتی هەرێم، حکومەتی عێراق و تورکیا خەرجیی دروستکردنیان دەگرنە ئەستۆ، بڕیاریشە هێزی سەربازیی هاوبەش لە نێوان عێراق و تورکیادا پێکبهێنرێت، بۆ چاودێری و سەرپەرشتیی جێبەجێکردنی بەنداوەکە؛ بەپێی زانیارییەکانیش بەشێک لە ئەندامانی ئەو هێزە کورد دەبن.

ئ.ر