لە ئێستادا پارتى و یەکێتى سەرقاڵى ڕێککەوتنێکى نوێن، هاوشێوەى ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەى ڕابردووى نێوانیان، ڕێککەوتنەکەش هەموو سێکتەرەکان و پرۆسەى حوکمداری دەگرێتەوە و، دابەشکردنى پۆستەکانى هەرێم و بەغدا و کەرکوک لە نێوان ئەم دوو حزبەدا دەخرێنە چوارچێوەى ئەو ڕێککەوتنەوە.
لە ئێستادا پارتى و یەکێتى سەرقاڵى ڕێککەوتنێکى نوێن، هاوشێوەى ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەى ڕابردووى نێوانیان، ڕێککەوتنەکەش هەموو سێکتەرەکان و پرۆسەى حوکمداری دەگرێتەوە و، دابەشکردنى پۆستەکانى هەرێم و بەغدا و کەرکوک لە نێوان ئەم دوو حزبەدا دەخرێنە چوارچێوەى ئەو ڕێککەوتنەوە.
سەرچاوەیەک لە مەکتەبى سیاسیی پارتى بە ئێن ئاڕ تى ڕاگەیاند، لە کۆبوونەوەکەى پێنجى ئەم مانگەى پارتى و یەکێتیدا، لیژنەیەکى حەوت کەسى بۆ نوسینەوەى ڕێککەوتنێکى سیاسیی نوێ لە نێوان ئەم دوو حزبەدا پێکهێنراوە، تایبەت بە پرۆسەى حوکمڕانیی لە چوار ساڵى داهاتوودا.
لیژنەکە چوارچێوەیەکى گشتىی بۆ چۆنیەتى دابەشکردنى پۆستەکان و کارى هاوبەشى هەردوو حزب لەو ڕێککەوتنەدا دیاریدەکەن.
ھەريەكە لە مەحمود محەمەد و ھۆشيار زێباری و ڕۆژ نورى شاوەيس لە پارتی و، ئەرسەلان بايز و سەعدی پيرە و ئاسۆ مامەند و حاكم قادر لە يەكێتی ئەندامى ئەو ليژنەيەن و، لە ناوەڕاستى ھەفتەى داھاتووشدا يەكەم كۆبوونەوە دەکەن.
سەرچاوەکەى مەکتەبی سیاسیی پارتى دەڵێت، ليژنەکە لە ئێستادا سەرقاڵى نوسينەوەى پاکێجێکى سياسين بۆ ڕێكکەوتنەكە و، دواى يەكەم كۆبوونەوەيان ڕادەستى ھەردوو مەكتەبى سياسىی پارتى و یەکێتى دەکەن بۆ تاوتوێكردنى و، دواتر بڕیارى لەسەر دەدرێت.
ڕێكکەوتنەکە ڕەنگدانەوەى دەبێت لەسەر سێكتەرەكانی دارایی و ئابووری و بازرگانی و نەوت و وزە و پێشمەرگە و پەيوەندييە ديبلۆماسی و نێودەوڵەتييەكان و، تەواوی سيستمی حوكمڕانیی دەگرێتەوە، لەگەڵ پرسەکانى مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا و پەيوەندييە ناوخۆيیەکان و كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان.
هاوکات ڕۆژ نووری شاوهیس ئەندامى لیژنە هاوبەشەکەى پارتى و یەکێتى بە میدیاکانى حزبەکەیی ڕاگەیاندووە، لە گفتوگۆکاندا نەرمییەکی زۆریان نواندووە و، لهگهڵ یهكێتی و گۆڕاندا نزیكبوونهتهوه لە ڕێککەوتن لەسەر هێڵه گشتییهكانی حكومهتی داهاتوو.
لاى خۆشیەوە مستەفا چاوڕەش ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی ڕایگەیاند، هەموو ڕێککەوتنێک بە باش دەزانن ستراتیژی بێت یان نا، چونکە ئەو ڕێککەوتنە ڕەنگدانەوەشى لەسەر ئاستى عێراق دەبێت.
ئەم ڕێککەوتنەى یەکێتى و پارتى لەکاتێکدایە، کە یەکێتى ڕێککەوتنێکى دیکەى لەگەڵ گۆڕاندا هەیە بە ناوى ڕێککەوتننامەى دەباشان و، لە ئایارى ٢٠١٦ بە ئامادەبوونى هەریەکە لە جەلال تاڵەبانى سکرتێرى ئەوکاتەى یەکێتى و نەوشیروان مستەفاى ڕێکخەرى گشتىی پێشووی گۆڕان واژوو کرا، بەڵام ئێستا ڕێککەوتنەکە لەلایەن گۆڕانەوە هەڵپەسێردراوە و هەفتەى ڕابردووش چەند ئەندامێکى سەرکردایەتیی یەکێتى داواى چالاککردنەوەى ڕێککەوتننامەکەیان کردووە لەگەڵ گۆڕاندا، بەڵام تا ئەم کاتە بزوتنەوەى گۆڕان هیچ لێدوانێکى فەڕمیی لەسەر چالاککردنەوەى ڕێککەوتننامەکەى دەباشان دەرنەبڕیوە.
چاودێرانى سیاسی پێیانوایە یەکێتى دەیەوێت لە یەک کاتدا ڕێککەوتننامەى دەباشان وەک کارتى فشار لە بەرامبەر پارتیدا بەکاربهێنێت و، لەهەمان کاتیشدا ڕێککەوتنە نوێکەی لەگەڵ پارتیدا لە بەرامبەر گۆڕان بەکاربهێنێت، بەم پێیەش دەیەوێت لە پرسى دابەشکردنى پۆستەکاندا زۆرترین پۆست و پلەى وەزاری بۆ خۆى مسۆگەر بکات.
ع.م