سەردێڕ:

لەسەر کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکان پێکهاتەکانی کەرکوک و حکومەتی عێراق ڕێککەوتن

پێکهاتەکانی کەرکوک و حکومەتی عێراق ڕێککەوتن
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-03

4288 جار خوێندراوەتەوە

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک، شاندێکی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقدا کۆبوونەوە و لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستی زەوییە کشتوکاڵییەکان پێکهێنراوە.


بۆ چارەسەرکردنی کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی سنوری پارێزگای کەرکوک، شاندێکی نەتەوە و پێکهاتە جیاوازەکانی شارەکە، لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی عێراقدا کۆبوونەوە و لیژنەیەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستی زەوییە کشتوکاڵییەکان پێکهێنراوە.

کاکەڕەش سدیق ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ڕایگەیاند، کێشەی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کردووە بە دوو بەشەوە و بڕیاردراوە، هەر چەکدارێک بچێتە سەر گوندەکان و داوای زەوی بکات، ئەوا بە تیرۆریست دادەنرێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، زەوییە کشتوکاڵییەکان بەم جۆرە دابەشکراون، ئەو ناوچانەی یەک نەتەوەی تێدا دەژی گرێبەستی جوتیارەکان ھەڵناوەشێتەوە، وەک ناوچەکانی (شوان، قەرەنجیر، پردێ و حەویجە).

هاوکات ناوچەکانی (لەیلان، داقوق، دوبز، یایچی و بەشیر) کە دانیشتووانیان تێکەڵاوە و گرێبەستیان بۆ کراوە، بە بڕیاری لیژنەی کاروباری باکور و بە بڕیاری ئیداری، ئەوا گرێبەستەکانیان هەڵناوەشێتەوە، بەڵام ئەوانەی بە بڕیاری ئەمنی و حزبی گرێبەستیان بۆ کراوە، گرێبەستەکانیان هەڵدەوەشێتەوە.

جەماڵ شکور پەرلەمانتارێکی عێراق باسی لەوە کرد، بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی کوردنشینەکانی گوندەکانی سنوری پارێزگای کەرکوکدایە.

بەپێی ڕێککەوتنی شاندی نەتەوەکانی کەرکوک و حکومەتی عێراق، بڕیاری لیژنەی کاروباری باکور بۆ گرێبەستەکان، پێویستە بە بڕیاری پەرلەمان و لە چوارچێوەی یاسادا هەڵوەشێنرێنەوە.

هاوکات گرێبەستەکانی یاسای ژمارە (١١٧)ی ساڵی ١٩٧٠ وەک خۆی کاری پێ دەکرێت و، ئەو گرێبەستانەش کە بە یاسای ژمارە ١١٧ی ساڵی١٩٧٥ کراون و دەچێتە چوارچێوەی گۆڕینی دیمۆگرافیای کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکانەوە، دەبێت بەپێی مادەی ١٤٠ی دەستووری عێراق هەڵبوەشێنەوە.

د.ن