سەردێڕ:

سیناتۆرێکى ئەمریکی لە پرۆژە یاسایەکدا داواى پاراستنى کورد دەکات

​جۆن کەنەدی یەکێک لە سیناتۆرە کۆمارییەکانی ئەمریکا
فۆتۆ: میدیا جیهانییەکان
2019-02-02

4174 جار خوێندراوەتەوە

​جۆن کەنەدی یەکێک لە سیناتۆرە دیارەکانی کۆمارییەکانی ئەمریکا لەناو گونگرێسی وڵاتەکەی بەرگری لە کورد و گرنگی پاراستنیان لەلایەن ئەمریکاوە دەکات.


جۆن کەنەدی یەکێک لە سیناتۆرە دیارەکانی کۆمارییەکانی ئەمریکا لەناو گونگرێسی وڵاتەکەی بەرگری لە کورد و گرنگی پاراستنیان لەلایەن ئەمریکاوە دەکات.

ئەگەر بۆ جۆن کەنەدی سەرۆکی تیرۆرکراوی ئەمریکا گرنگترین کاری بەڵێنی ڕەوانەکردنی مرۆڤ بووبێت بۆ سەر مانگ، هەوڵەکانی جۆن کەنەدییە نوێیەکە بۆ پاراستنی کوردانی سوریا هێندەی هەمان کار بۆ کورد بەتایبەتی کوردانی سوریا گرنگی هەیە، چونکە لە دوای بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی سوپاکەی لە سوریا، هیچ کەس هێندەی کورد و هێزە کوردییەکان دوودڵ نەبوون لە پاراستن و چارەنوسی ناوچەکانیان کە بەهۆی هەڕەشەکانی تورکیاوە چارەنوسی هێزە کوردییەکان و ناوچەکانیان لە مەترسییەکی جدیدا بوو.

ئەو سیناتۆرەی کۆمارییەکان یەکێکە لەو سیناتۆرانەی کە دژی بڕیارەکەی ترەمپە و هاوشانی لیندزی گراهامی سیناتۆر دەیەوێت ئەمریکا هێزە کوردییەکان بپارێزێت و کوردیش بە هاوپەیمانی مێژوویی ئەمریکا ناودەبات، بەتایبەت لە شەڕی دژی داعش و قۆناغە مێژووییەکانی دیکەش.

ستایشەکانی سیناتۆر جۆن کەنەدی بۆ کورد لە ناو کۆنگرێسی ئەمریکا تەنها چەند ڕستەیەکی سوپاسگوزاریی نەبوو بۆ کوردانی ڕۆژئاوا و کورد بە گشتی، بەڵکو داواشی لە ئەندامانی کۆنگرێس کرد کە پشتگیری بکەن لە پڕۆژە یاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای پارێزگاری لە هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە بە ئێس وەن ناسراوە، کەنەدی داوای کردووە کوردیش بخرێتە نێو ئەو یاسایە و وەک هاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکا لە هێرشی وڵاتانی ناوچەکە بپارێزرێن

بەپێی پڕۆژە هەموارە ئامادەکراوەکەی سیناتۆر کەنەدی ئەمریکا بۆی هەیە هێز بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی کوردەکان لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک لەلایەن وڵاتانەوە، کەنەدی باسێکی مێژوویی لەو ستەمانە کرد کە کورد لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عوسمانییەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، وتیشی کورد تەنها نەتەوەی گەورەی ناوچەکەیە کە دەوڵەتیان نیە، لە کاتێکدا نەتەوەکانی دیکە بوونە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، بەڵام ئەمریکا پشتی لە کوردەکان کرد، هەروەها وتیشی، لە دوای چوونی هێزەکانیشیان بۆ ناوچەکە لە کوردستان تەنانەت یەک سەربازیی ئەمریکاش نەکوژراوە.

جۆن کەنەدی کوردی بە پاڵەوانی شەڕی داعش ناوبرد و داواشی کرد بنەمای ئەخلاق لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکادا ڕەنگ بداتەوە و دەبیت ئەمریکا بیسەلمێنێت بەڵێنەکانی بۆ سەرجەم هاوپەیمانەکانی دەباتە سەر نەک بە تەنها بۆ هەندێکیان.

سیناتۆر جۆن کەنەدی تەمەن ٦٨ ساڵ نوێنەرایەتى  ویلایەتی لویزیانای ئەمریکا دەکات لە کۆنگرێس و سیاسەتمەدارێکی دیاری کۆمارییەکانە لەناو کۆنگرێس، هەرچەندە بە یەکێک لە پشتیوانەکانی سیاسەتی تڕەمپ هەژمار دەکرا، بەڵام بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا، کەنەدی خستووەتە بەرەی دژ بە  تڕەمپ و لە هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکەدان تا تڕەمپ ناچار بکەن کوردەکان وەک هاوپەیمانێکی خۆیان لە ناوچەکە بپارێزن.

ئ.ر