بەمەبەستى نزیکبوونەوەى بۆچوونەکان و یەکتر قبوڵکردن، دیداری پێکەوەژیان و کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵگە، بە سپۆنسەرى دامەزراوەیى میدیایی نالیا لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو.
بەمەبەستى نزیکبوونەوەى بۆچوونەکان و یەکتر قبوڵکردن، دیداری پێکەوەژیان و کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی کۆمەڵگە، بە سپۆنسەرى دامەزراوەیى میدیایی نالیا لە شارى سلێمانى بەڕێوەچوو.
شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەشداری دیدارەکەی کرد و ڕایگەیاند، "پێکەوەژیان بە قسە دروست نابێت، بە ڕق و کینە دروست نابێت و، خاڵە جیاوازەکان نابێت ببێتە هۆی تێکدانی پێکەوەژیان لە کۆمەڵگادا، بەڵکو هەموومان بەو جیاوازییەوە دروست بووین و کەسمان لەوی تر ناچین."
وتیشى، پێویستە بەدواى خاڵە هاوبەشەکاندا بگەڕێین، چونکە هاونیشتیمانییانی هەمو وڵاتێک پێویستییان بە پێکەوەژیانی ئایینی و کۆمەڵایەتی هەیە، ئەوەی ئێستا پێکەوەژیانی تێکداوە عەقڵییەتی حزبییە و هەر دوو حزبی دەسەڵات ٢٧ ساڵە کوڕی خەڵک بە کوشت دەدەن و بەدڕەوشتی بڵاودەکەنەوە و زوڵم لە خەڵکی دەکەن و قوتابخانە و زانکۆکان و دامەزراوەکانیان وێران کردووە.
شاسوار عەبدولواحید لەبارەى مێژوى شارستانییەتى ئیسلامى و چۆنێتى پێشکەوتنیان ئاماژەی بەچەند زانایەکی ئاینى کرد، کە چۆن چەمکەکانى ئاین و دیندارییان لەگەڵ پێشکەوتنى شارستانیدا تێکەڵ کردوە.
ئاماژەى بەوەشکرد، پێویستە بیرکردنەوەکان بگۆڕێن و ناکرێت تاکەکانى کۆمەڵگا بۆچوونی خۆیان بەزۆر بسەپێنن و یەکتر قبووڵنەکەن.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، داوای لە مامۆستایانى ئایینى و بەشداربووانى دیدارەکە کرد، هەمووان دەستبخەنە ناو دەستى یەکەوە، بۆ پێشخستن و بونیاتنانى وڵات و دابینکردنى ژیانێکى ئاسودە بۆ هاووڵاتییان، وە بیر لە ژیانی هاووڵاتییان بکەنەوە لەم دونیا، لە پاڵ بیرکردنەوە لە قیامەت.
لە دیدارەکەدا ژمارەیەکى زۆر لە مامۆستایانى ئایینى و کەسایەتى و ڕۆشنبیران بەشدارییان کرد و ئاماژەیان بەوەکرد، ئەم دیدارە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی پێکەوەژیان وەک چۆن لە ڕابردوودا بە ئاشتی پێکەوە ژیاون.
ئ.ر