سەردێڕ:

ڤیدیۆ.. وردەکاریی جێبەجێکردنی گۆڕینی ئاراستەی بەشێک لە شەقامەکانی سلێمانی

ئەمڕۆ گۆڕینی ئاراستەی چەند شەقامێکی سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-01

3746 جار خوێندراوەتەوە

دواجار بڕیارەکەی هاتوچۆی سلێمانی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی بەشێک لە شەقامەکانی سەنتەری شار چووە بواری جێبەجێکردنەوە.


دواجار بڕیارەکەی هاتوچۆی سلێمانی بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی بەشێک لە شەقامەکانی سەنتەری شار چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

بەپێی بڕیارەکەی هاتوچۆی سلێمانی لە کاتژمێر شەشی بەیانی ڕۆژی هەینییەوە و بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکانی ناو سەنتەری شاری سلێمانی بوون بە یەک ئاڕاستە بەم شێوەیە، لە شەقامی مامۆستایانەوە کە لە بەردەم باخی گشتی و سلێمانی پاڵاسەوە دەستپێدەکات، تا فولکەی یەکگرتن بوون بە یەک ئاڕاستە و تەنها ڕێگە بە ئۆتۆمبێل دەدرێت بەرەو فولکەی یەکگرتن بڕۆن، لەو ێشەوە بە هەمان شێوە شەقامی قەنات بووە بە یەک ئاڕاستە تا بەردەم باخچەی دایک، پاشان بۆ چوونە ناو بازاڕ بە شەقامی پیرەمێرددا یەک ئاڕاستەیە تا بەردەرکی سەرا، دواتر ئەو یەک ئاراستەییە بەردەوام دەبێت تا شەقامی کاوە و فولکەی خانەقا، بەڵام ئەوەی زۆر جێی سەرنجی شۆفێر و هاوڵاتییانە  پێچەوانەبوونەوەی ئاڕاستەی شەقامی مەولەوییە کە لە ئێستادا لە سەرای سلێمانییەوە بە پێچەوانەی ڕابردووەوە و بەرەو پاڵاس ئاڕاستەکە گۆڕاوە.

بەرپرسانی هاتوچۆی سلێمانیش باس لەوە دەکەن، کە ئامانج لەم گۆڕانکارییە کردنەوەی دەرچەی زیاترە لە سەنتەری شارەوە بەرەو دەرەوەی سەنتەری شار.

ئەو شۆفێرانەی بە ئۆتۆمبێلەکانییانەوە دەهاتنە ناو سەنتەری شار و گۆڕانکارییەکانیان دەبینی بۆچوونی جیاوازیان هەبوو، بەشێکیان بە کارێکی باشی دەزانن و بەشێکی دیکەشیان دەڵێن، جارێ زووە بۆ بڕیاردان لەسەر باشی و خراپی پڕۆژەکە و دەبێت ئەزموون بکرێت.

لە چرکەساتی جێبەجێکردنی بڕیارەکەوە بەردەوام کارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی لەسەر شەقامەکانن و، بۆ ماوەی ئەو چوار ڕۆژەی وەک ئەزموون دانراوە دەمێننەوە ،و بەردەوام ڕێنمایی دەدەنە هاوڵاتییان و سەرنج و تێبینییەکانیش لە هاوڵاتییان وەردەگرن.

ع.م