سەردێڕ:

شارەزایان: پلانەکەی هاتوچۆى سلێمانى قەرەباڵغی کەمناکاتەوە

سلێمانی
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-01

4518 جار خوێندراوەتەوە

دواى ٢٨ ساڵ لە حوکمڕانیى پارتی و یەکێتى و لەبری پلانی تۆکمە و گرتنەبەرى ڕێگەچارەی دوورمەودا بۆ چارەسەری گرفتەکانى هاتوچۆ، لە سلێمانى تەنها بە گۆڕینى ئاڕاستەى هاتوچۆکردن لە چەند شەقامێک پلانی کەمکردنەوەى قەرەباڵغی بۆ ئەو شارە دانرا و ئەوەش وەک پلانێکى گەورە بەگوێی هاوڵاتیاندا درا.


دواى ٢٨ ساڵ لە حوکمڕانیى پارتی و یەکێتى و لەبری پلانی تۆکمە و گرتنەبەرى ڕێگەچارەی دوورمەودا بۆ چارەسەری گرفتەکانى هاتوچۆ، لە سلێمانى تەنها بە گۆڕینى ئاڕاستەى هاتوچۆکردن لە چەند شەقامێک پلانی کەمکردنەوەى قەرەباڵغی بۆ ئەو شارە دانرا و ئەوەش وەک پلانێکى گەورە بەگوێی هاوڵاتیاندا درا.

لە ڕۆژى یەکی شوباتی ئەمساڵەوە بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆی سلێمانى گۆڕینى ئاڕاستەى ئەو شەقامانەى خستە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ماوەیەک پێش ئێستا پلانی بۆ دانابوو، بەوەش بەشێک لە شەقامەکان لەبری دوو ئاڕاستە بە یەک ئاڕاستە ئۆتۆمبێل تێیاندا هاتوچۆ دەکەن.

هەرچەندە بەرپرسانى هاتوچۆ باس لەوە دەکەن پلانى گۆڕینى ئاڕاستەى شەقامەکان بە ئامانجی کەمکردنەوەى قەرەباڵغییە، بەڵام بە وتەى شارەزایانى بوارى هاتوچۆ ئەوەى کە ناویان ناوە پلان بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغیی، بە پێی ستاندەرد و لێکۆڵینەوەی زانستیی، هیچ كاریگەرییەکی لەسەر کەمکردنەوەى قەرەباڵغیی نییە.

ئەو شارەزایانە چەند ڕێگەیەکیان بۆ کەمکردنەوەى قەرەباڵغی داناوە لەوانەش:

یەکەم:  دروستکردنی شەقامی زیاتر.

دووەم: فراوانکردنی پانیی شەقامەکان واتە زیادکرنی لەینەکانی.

سێیەم: هاندانی هاوڵاتییان بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ڕەخساندنی بە دیلى دیکە بۆ هاتوچۆکردن.

چوارەم: گرنگیدان بە هۆکارەکانی دیکەى هاتوچۆ، تاوەکو هاوڵاتییان بە تەنها ئۆتۆمبێل بەکارنەهێنن، بۆ نمونە.

دروستکردنی هێڵى ترام لە سەر شەقامەکان.

باشکردنی هاتوچۆی پاسەکان و هێنانی پاسی نوێ و گرنگیدان بە سیستم و کاتی پاسەکان و، پێشکەوتویی  پاسەکان، تاوەکو  هاوڵاتییان بە کاریبهێنن.

دروستکردنی هۆکاری گواستنەوەی ژێر زەوی لەوانەش، میترۆ، ئوبان، ئەندەرگراوند.

گرنگیدان بە شەقام و ڕێگای تایبەتی پاسکیل، تاوەکو ئەوانەی ئارەزومەندن پاسکیل بەکاربهێنن، هەم هاندانیان هەبێت و هەم رێگای تایبەت و رێکوپێکیان هەبێت.

بۆ نمونە لە شارى لەندەنى پایتەختى بەریتانیا بۆ کەمکردنەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل، ساڵی رابردوو سێ ڕێگەی نوێ بۆ هاتوچۆی پاسکیل کرایەوە کە یەکێکیان لە وێستگەی شەمەندەفەری (وەتەرلۆ)وە بۆ ناوچەی (گرینویچ) درێژ دەبێتەوە و بە شەقامی لامبێس و، ساوسواک و، لێویشامیشدا تێپەڕدەبێت.

هاوکات لە شارێکى وەک ئەستەنبولی تورکیا حکومەت چەندین کارئاسانیى بۆ سیستمى هاتوچۆ داناوە و بە ئامانجی ئەوەى هاوڵاتیان زۆر پەنا بۆ بەکارهێنانى ئۆتۆمبێل نەبەن و، هۆکارەکانى گواستنەوەى دیکەى وەک هێڵی ترام و میترۆ و پاسی تایبەت و هۆکاری تری بۆ هاتوچۆ دابینکردووە، بەوەش توانیوویەتى کۆنتڕۆڵی هاتوچۆى ئەو ژمارەیە زۆرەى دانیشتوان بکات کە بەپێی ئاماری ساڵی ٢٠١٧ ژمارەى دانیشتوانەکەى زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەسە، ئەوە سەرەڕاى ئەو ملیۆنان گەشتیارەى ساڵانە ڕوو لە شارەکە دەکەن.

لە وڵاتێکى گەورەی وەک ئەمریکاش کە خاوەنى دەیان شارى گەورەیە، پاس و تەکسی و میترۆ و هێڵی ترام و شەمەندەفەرى بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان دابینکردووە، بەوەش توانیویەتی تاڕادەیەکى زۆر قەرەباڵغییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن نەک بە گۆڕینى ئاڕاستەى شەقامەکان لە دوو ئاڕاستەوە بۆ یەک ئاڕاستە.

ئێستا لە سلێمانی بێگومان سەرەتا هەموو شەقامێک کە گۆڕانکاریی تێدا دەبێت چۆڵە، تا ئەوکاتەی هاوڵاتییان پێی ئاشنا دەبن و لەسەری رادێن، دواتر ئاسایی دەبێتەوە و قەرەباڵغ دەبێتەوە.

پلانى گۆڕینى ئاڕاستەى شەقامەکان، بەتەنها یەکێک نییە لە پلانە بەناو گەورەکانی ئەم حکومەتە کە بۆ چارەسەرى کێشەیەکی دیاریکراو دایناوە،  بەڵکو پێشتریش بەپرسان بۆ چارەسەرى قەیرانی نەوت پلانێکی تریان دانا، ئەویش ئەوەبوو خەڵک لە هاویندا نەوت بکڕن، وەک ئەوەی هاوڵاتیان پارەیان زۆربێت و خۆیان ئەوە نەزانن کە دەتوانن لە هاویندا نەوت بکڕن.

ع.ا