سەردێڕ:

شاسوار عەبدولواحید: پێویستە پشتیوانیی کەسانی خاوەن هەڵوێست بکەین و نەیانڕوخێنین

ئامانج هەورامی لە کاتی کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەیدا
فۆتۆ: ئێن ئاڕ تی
2019-02-01

5487 جار خوێندراوەتەوە

ئامانج هەورامى ئەو هاوڵاتییەى بڵاوبوونەوەى لێدوانێکى لە ئێن ئاڕ تى کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و بەهۆیەوە خرایە زیندانەوە، پاش ١١ ڕۆژ لە زیندانیکردنى لە گرتووخانەى گرتن و گواستنەوەى سلێمانی، پێنجشەممە ئازادکرا.


ئامانج هەورامى ئەو هاوڵاتییەى بڵاوبوونەوەى لێدوانێکى لە ئێن ئاڕ تى کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە و بەهۆیەوە خرایە زیندانەوە، پاش ١١ ڕۆژ لە زیندانیکردنى لە گرتووخانەى گرتن و گواستنەوەى سلێمانی، پێنجشەممە ئازادکرا.

دواى ئازادکردنی، ئامانج هەورامى ڕایگەیاند، قسەکانى دەستکاریکراون و، له‌ ماوه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ركردنیدا هیچ ئه‌شكه‌نجه‌یه‌ك نه‌دراوە و له‌ ئێستاشدا له‌لایه‌ن هێزه ‌ئه‌منییه‌كانی سلێمانییه‌وه ‌پارێزگاريی لێ ده‌كرێت.

وەک چۆن قسەکانى ئامانج هەورامى کە لە بەرنامەى سەکۆى ئین ئاڕ تى کردنی کاردانەوەى زۆرى لێ کەوتەوە و بەشێک لە پێشمەرگە دێرینەکانی لەبەردەم ئۆفیسى سەرەکیی ئێن ئاڕ تى گردکردەوە، قسەکانى دواى ئازادکردنیشى کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا.

لەمبارەیەوە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، پارتی و یەکێتی دەیانەوێت هەرچی ڕەمزی ئازایەتی و خەڵکانی خاوەن هەڵوێست و مەبدەئی جوان هەن، لای هاوڵاتییان ناشیرینیان بکەن.

شاسوار عەبدولواحید نمونەیەکى مێژوویی لەسەر ئەم ڕووداوە هێناوەتەوە، کاتێک قورەیشییەکان عەمماری کوڕی یاسر ئەشکەنجە و ئازار دەدەن و، لەبەرچاویدا دایک و باوکی ئەکوژن و، ناچاری دەکەن جنێو بە پێغەمبەری ئیسلام و بە خودا بدات، پاشان ئازادی دەکەن، ئەویش بە گریانەوە دەچێتەوە بۆ لای پێغەمبەر (د. خ) و پاساو دەهێنێتەوە کە لەژێر ئەشکەنجەدا ئەو قسانەى کردووە و کوفرى کردووە، بەڵام پێغەمبەر ڕێگەی پێدەدات ئەگەر جارێکیتر گیرا و زۆریان لێکرد، ئەوا تۆش (قسەکان) دووبارەی بکەرەوە.

شاسوار عەبدولواحید ڕاشیگەیاندووە، گرنگ نییە ئامانج هەورامى ئێستا لەناو بینا داپڵۆسێنەرەکانی پارتی و یەکێتیدا چی دەڵێت، ڕەنگە کەسمان نەزانین چ فشار و ئەشکەنجەیەکی لەسەربووە، بۆیە هەرچی دەڵێت ئێستا گرنگ نییە و دڵگران مەبن، بەڵکو ڕێز لە وتەکەی یەکەمجاری بگرن کە دوور لە فشار، وەک مرۆڤێکی ئازاد وتوویەتی.

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ تکا دەکات کەس نەکەوێتە ئەو گەمەیەی دەسەڵات و، بێباوەڕ نەبن بەرامبەر بەوانەی کە ژیانیان دەخەنە مەترسییەوە بەهۆی قبوڵنەکردنیان بۆ زوڵم و زۆرداریی.

دەشڵێت پێویستە ئێمە هۆشیاربین و دەستی ئەوانە بگرین کە هەڵوێستی جوانیان هەیە و لەکاتی تەنگانەدا پشتیوانیان بین، نەک بیانشکێنین و ڕەمزەکان بڕوخێنین.

هاوکات ڕۆژى ٢٧ی مانگی ڕابردوو بەشێک لە پەرلەمانتارانى نەوەى نوێ ویستیان سەردانی ئامانج هەورامی بکەن، بەڵام ڕێگرییان لێ کرا و، دواتر و لە ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕابردوو لە زیندان سەردانى ئامانج هەورامییان کرد و دیاری ئەنوەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنەکە ڕایگەیاند، ئامانج هەورامى سوربوونى خۆى لەسەر قسەکانی دوپاتکردووەتەوە و بە پەرلەمانتارانى نەوەى نوێی ڕاگەیاندووە، گوێ نادات بە کاردانەوەکانی دەسەڵات و بەشێک لە قسەکانی بە مەبەست خوێندنەوەی جیاوازی بۆ کراوە.

ع.م