دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ یەکێتیدا، شاندێكی باڵای پارتی لە هەولێر سەردانی هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعییان كرد، کە دوو لایەنیان خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە بەشداریی لە حکومەتدا ناکەن.
دوای هەڵوەشاندنەوەی کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی لەگەڵ یەکێتیدا، شاندێكی باڵای پارتی لە هەولێر سەردانی هەریەكە لە كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و حیزبی شیوعییان كرد، کە دوو لایەنیان خۆیان یەکلایی کردووەتەوە کە بەشداریی لە حکومەتدا ناکەن.
لەگەڵ ئەوەی ماوەیەكە كۆمەڵ چاوەڕوانی ئەوە دەكات پارتی فەرموویان لێ بكات بۆ بەشداری لەم كابینەیەدا، بەڵام دوای زیاتر لە سێ مانگ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەماندا تێپەڕیوە، ئەمە یەكەم سەردانی پارتییە بۆ لای ئەو حزبە.
لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا هەریەكە لە سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی و ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی ئاماژەیان بەوە كرد، ئەو سەردانە تەنها بۆ پتەوكردنی پەیوەندییە سیاسییەكانە و كۆتاییهێنانە بەو بەستەڵەكەی لە نێوان ئەو دوو حزبەدا هەیە، بەبێ ئەوەى ئاماژە بەوە بكات كە ئایا لە كۆبوونەوەكەدا باسی پێكهێنانی كابینەی نوێ كراوە یاخود نا.
لەگەڵ ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا یەكگرتووی ئیسلامی ڕایگەیاندبوو كە بەشداری ئەم كابینەیە ناكات و دەبێتە ئۆپۆزسیۆن، بەڵام شاندەكەی پارتی سەردانیان كردن و ئاماژەشیان بەوە كرد لەگەڵ یەکگرتوو لە زۆر قۆناغ پێكەوەبوون.
وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند، لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا لەسەر پێکهێنانی حکومەتی هەرێم گفتوگۆ دەکەن تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێککەوتن.
خەلیل ئیبراهیم کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامییش باسی لەوە كرد، چاودێریی کاروباری ئەم کابینە نوێیە دەکەن و هەڵسەنگاندن و ڕەخنەیان دەبێت.
دوایین كۆبوونەوەی شاندەكەی پارتی لەگەڵ حزبی شیوعی كوردستان بوو و ئەبوكاروان فارس ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی باسی لەوە کرد، ئەو كۆبوونەوەیە تەنها بۆ پتەوتركردنی پەیوەندییە سیاسییەكانە و ئەوان پێشوازی لەم هەوڵانە دەكەن.
ماوەی ١٢٣ ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕیوە و سەرباری ئەوەی لایەنەکانی هەرێم دەیان کۆبوونەوەیان کردووە، تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ پێکهێنانی حکومەت.