سەردێڕ:

پارتی و یەکێتی لایەنەکانى دیکە وەکو کارتى فشار بەرامبەر یەکتر بەکاردەهێنن

پارتی و یەکێتی لایەنەکانى دیکە وەکو کارتى فشار بەرامبەر یەکتر بەکاردەهێنن
فۆتۆ: 
2019-01-31

1931 جار خوێندراوەتەوە

​پاش چاوەڕوانییەکى زۆرى کۆمەڵى ئیسلامى بۆ ئاشکرابوونى هەڵوێستى پارتى لەبارەى بەشداریکردنیان لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم، شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامییان کرد لە شارى هەولێر، لە پاش ئەوەش مەکتەبى سیاسیی یەکگرتووى ئیسلامییان هەر لەو شارە بەسەرکردەوە، کە بڕیاریداوە ئۆپۆزسیۆنێکى ئیجابى بێت بە وتەى سەرکردەکانیان.


پاش چاوەڕوانییەکى زۆرى کۆمەڵى ئیسلامى بۆ ئاشکرابوونى هەڵوێستى پارتى لەبارەى بەشداریکردنیان لە کابینەى نوێى حکومەتى هەرێم، شاندێکى پارتى دیموکراتى کوردستان سەردانى ئەمیرى کۆمەڵى ئیسلامییان کرد لە شارى هەولێر، لە پاش ئەوەش مەکتەبى سیاسیی یەکگرتووى ئیسلامییان هەر لەو شارە بەسەرکردەوە، کە بڕیاریداوە ئۆپۆزسیۆنێکى ئیجابى بێت بە وتەى سەرکردەکانیان.

ئەم سەردانانە، کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو سستییەى کە ڕووى کردووەتەوە هەنگاوەکانى پێکهێنانى حکومەتى هەرێم، کە لەژێر ناونیشانى پەیوەندییە حزبییە دوو قۆڵییەکاندا کرا، بەدواى ئەوەشدا هات کە پارتى و یەکێتى لەسەر شەڕە لێدوان و دابەشکاریی پۆستەکان لەپاش چەندین دیدار و ڕێککەوتن هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەنجام، بەڵام هەردوولایان ڕوویانکردووەتەوە گەرمکردنەوەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حزب و هێزەکانی دیکە، ئەمەش بە ڕاى هەندێک لە چاودێران بەکارهێنانى ئەو هێزانەیە لە شەڕ و ململانێ سیاسییەکانى هەردوو هێزى دەسەڵاتدار و، لە بەرامبەریشدا ئامادەیی ئەو هێزانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی دەردەخات بەوەی کە ڕەزامەندن وەک هێزی لاوەکی سەیریان بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی نێوان پارتی و یەکێتی.

ئەو دیدارە سیاسییانەی کە  پارتى و یەکێتى لەگەڵ حزبەکانی تری دەرەوەی ئەو هێزانە هاوکاتە لەگەڵ هەڵمەتێکى گەورەى سەرکوتکردنى چالاکانى خۆپیشاندەرانى بادینان، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دژى بۆردومانە بەردەوامەکانى تورکیا لە شیلادزێ ڕژانە سەر شەقام.

بەپێى زانیارییە ڕۆژنامەنووسییەکان لەو هەڵمەتانەدا لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠ هەڵسوڕاو و چالاکوان دەستگیرکراون، بەڵام جگە لە سەردانی پەرلەمانتارانى نەوەى نوێ بۆ پارێزگای دهۆک و بەدواداچوونیان لە زیندانەکاندا بۆ دەستگیرکراوەکان، هیچ هێز و لایەنێکی دیکەى سیاسی تا ئێستا نەهاتووەتە دەنگ لەسەریان.

بەپێى زانیارییەکانى ئێن ئاڕ تى و بەدواداچوونى هەندێک لە چالاکانى مەدەنی لە دەڤەرى بادینان لەناو دەستگیرکراوى خۆپیشاندانەکاندا بە پلەى یەکەم گرنگى دراوە بە ئازادکردنى ئەندامی ئەو حزبانەى بەنیازى بەشداریکردنن لە حکومەتدا.

سەردانى حزبەکان و لێدوان و هیوا خواستنەکانیان بۆ پێکهێنانى حکومەت لەپاش چوار مانگ لە هەڵبژاردن، هاوکاتە لەگەڵ بێدەنگیی پەرلەمانتار و فراکسیۆنەکانیان، لەکاتێکدا بڕیار وایە ئەوان سەرچاوەى دەسەڵاتبن، بەوپێیەى هەڵبژێردراوى گەل و دەسەڵاتى یاسادانانن.

ئەو پەرلەمانتارانە، کە لە ڕۆژى سوێندخواردن و دەستبەکاربوونیانەوە مووچە و ئیمتیازە داراییەکانى پەرلەمانتارییان بۆ بەستراوە، چاوەڕێى بەرزبوونەوەى دووکەڵى سپى لە کۆبوونەوە حزبییەکان دەکەن، لەسەر ئەو پەکخستنەى ئێستاى پەرلەمانیش فراکسیۆنى نەوەى نوێ داوایکردووە موچە و ئیمتیاز بۆ پەرلەمانتاران هەژمارنەکرێت تا ئەوکاتەى بە کردەیی دەبنە پەرلەمانتار و دەستدەکەن بە ڕاپەڕاندنى کاروبارى هاووڵاتییان و ،هەروەها جوڵانەوەی نەوەی نوێ تاکە هێزی سیاسییە لە هەرێم کە بە دەنگی بەرز و ڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە، ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە دەبێت و هەموو جۆرە دانیشتن و گفتوگۆیەکیشی لەگەڵ پارتی و یەکێتی ڕەتکردووەتەوە.

ئ.ر